چن گانگی وەزیری دەرەوەی چین ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، چین ئامادەیە لە بەرەی ئابووری و بازرگانیدا لەگەڵ ئەڵمانیا کاربکات و هەردوو وڵات هاوبەشن نەک نەیار.
چن، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ هاوتا ئەڵمانییەکەی، ئانالینا بایربۆک، ڕایگەیاند، دانانی بەربەست بە شێوەیەکی دەستکرد لەسەر هاوکارییە ئابووری و بازرگانییە ئاساییەکان، بەرهەمی پێچەوانە دەبێت.
چن لەبارەی دۆخی لەگەڵ تایوان، وتی ئەگەر وڵاتان بیانەوێت ڕێز لە پرەنسیپی یەک چین بگرن، ئەوا هەنگاوی دروست ئەوەیە کە بەبڕیارانە دژایەتی سەربەخۆیی تایوان بکەن.
چین لەم دواییانەدا مەشقی سەربازی لە دەوروبەری تایوان ئەنجامدا و ڕایگەیاند کە توانا سەربازییە یەکگرتووەکانیان لە ژێر بارودۆخی ڕاستەقینەی شەڕدا تاقیکردۆتەوە، هێرشی وردیان ئەنجامداوە و ئەو دوورگەیەیان گەمارۆداوە کە پەکین وەک هی خۆی سەیری دەکات.
سەبارەت بە پرسی ئۆکرانیا، چین ئاماژەی بەوەشکرد، چین ئامادەیە بەردەوام بێت لە کارکردن بۆ هێنانە دی ئاشتی و هیوای خواست هەموو لایەنەکانی بەشدار لە قەیرانەکەدا بە ئارامی بمێننەوە و پێکەوە کاربکەن.
وەزیری درەوەی چین وتی: خاڵێک کە دەمەوێت جەختی لەسەر بکەمەوە ئەوەیە کە ڕۆڵی چین لە پرسی ئۆکرانیادا، پێشنیارەکەمان، بۆ خاڵێک دەگەڕیتەوە، واتە ڕازیکردن و بەرەوپێشبردنی گفتوگۆکان، ئێمەش هیچ شتێک ناکەین بۆ زیادکردنی سووتەمەنی بۆ ئاگری شەڕەکە .
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز