Accessibility links

بەریتانیا دەڵێت هێزەکانی ئۆکرانیا ناچاربوون لە باخموت بکشێنەوە


بەریتانیا دەڵێت هێزەکانی ئۆکرانیا ناچاربوون لە هەندێک ناوچەی باخموت بکشێنەوە، ئەمەش بە هۆی هێرشە قورس و چرەکانی ڕووسیا لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا بۆ سەر ئەو شارە.

بەرپرسانی ئۆکرانیا دەڵێن ڕووسیا هێزەکانی لە ناوچەکانی دیکە کشاندوەتەوە بۆ ئەوەی فشاری زیاتر بخاتە سەر باخموت.

باخموت کە پێش جەنگ نزیکەی 70 هەزار کەسی تێدا دەژیا، ئامانجی سەرەکی ڕووسیا بووە لە لەشکرکێشی بەرفراوانی ئەم دواییەی و ماوەی نۆ مانگە هەوڵی داگیرکردنی ئەو شارە دەدات.

سوپای بەریتانیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندوە کە ڕووسیا هێرشەکانی بۆ سەر شاری باخموت لە ڕۆژهەڵاتی پارێزگای دۆنێتسک دەستیپێکردووەتەوە و هێزەکانی وەزارەتی بەرگری ڕووسیا و گروپی ڤاگنەر هاوکارییەکانیان چڕتر کردووەتەوە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە "هێزەکانی ئۆکرانیا ڕووبەڕووی کێشەی بەرچاوی دابینکردنی کەرەستەکانی جەنگ بوونەتەوە و لە پێگەکانیان کشاونەتەوە".

بەریتانیا دەڵێت، ئۆکراینییەکان هێشتا ناوچەکانی ڕۆژئاوای شارەکەیان بەدەستەوەیە، بەڵام لە ماوەی 48 کاتژمێری ڕابردوودا کەوتوونەتە بەر تەقە و هێرشی تۆپخانەکانی ڕووسیا.

دەستبەسەرداگرتنی ئەو شارە دەبێتە یەکەم سەرکەوتنی بەرچاوی ڕووسیا لە ماوەی هەشت مانگی ڕابردوودا.

مۆسکۆ ڕایگەیاندوە ڕێگەیەک بۆ دەستبەسەرداگرتنی خاکی زیاتر لە ناوچەی دۆنباسی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کە ئامانجێکی گەورەی جەنگەکەیە، دەکاتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG