Accessibility links

چین بەڵێن دەدات چەک بە هیچ لایەنێکی جەنگی ئۆکرانیا نەفرۆشێت


چن گانگ وەزیری دەرەوەی چین لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا شانبەشانی ئانالینا بایربۆک هاوتا ئەڵمانییەکەی کە سەردانی چینی کردووە
چن گانگ وەزیری دەرەوەی چین لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا شانبەشانی ئانالینا بایربۆک هاوتا ئەڵمانییەکەی کە سەردانی چینی کردووە

وەزیری دەرەوەی چین ڕۆژی هەینی لە وەڵامی نیگەرانییەکانی ڕۆژاوا کە پەکین دەتوانێت هاوکاری سەربازیی ڕووسیا بکات، ڕایگەیاند، چین چەک بە هیچ لایەنێک لە شەڕی ئۆکرانیا نافرۆشێت.

چین جەختی لەوە کردەوە کە بێلایەنە لەم ململانێیەدا، لە هەمان کاتدا لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە پشتیوانی ڕووسیا دەکات لە کاتێکدا کە گەلانی ڕۆژئاوا سزایان بەسەر ڕووسیا سەپاندووە و هەوڵی گۆشەگیرکردنیان داوە بەهۆی لەشکرکێشییەکەی بۆ سەر دراوسێکەی.

چن گانگ باڵاترین بەرپرسی چینە کە لێدوانێکی وا ڕوون و ئاشکرای سەبارەت بە فرۆشتنی چەک بە ڕووسیا بدات. ئاماژەی بەوەشکرد، چین هەناردەکردنی ئەو کەلوپەلانەش ڕێکدەخات کە سودی بەکارهێنانی مەدەنی و سەربازییان هەیە.

چن گانگ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا شانبەشانی ئانالینا بایربۆک هاوتا ئەڵمانییەکەی کە سەردانی چینی کردووە، وتی: سەبارەت بە هەناردەکردنی کەلوپەلی سەربازی، چین هەڵوێستێکی وریا و بەرپرسیارانە دەگرێتەبەر. "چین چەک بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکانی ململانێکان دابین ناکات، هەروەها بەڕێوەبردن و کۆنترۆڵکردنی هەناردەکردنی کەلوپەلی بەپێی یاسا و ڕێساکان دەبێت."

وەزیرەکە هەروەها ئامادەیی چینی دووپاتکردەوە بۆ یارمەتیدان لە دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتیانەی کێشەکە.

هەر لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا، گانگ هەروەها حکومەتی تایوانی بە هۆکاری بەرزبوونەوەی گرژییەکانی ناوچەکە زانی، دوای ئەوەی پەکین مەشقی سەربازیی بەرفراوانی ئەنجامدا لە هەوڵێکدا بۆ ترساندنی ئەو دوورگەیەی کە بانگەشەی ئەوە دەکات جاکئ خۆیەتی.

لە مانگی شوباتدا، وەزیری دەرەوە ئەنتۆنی بلینکن وتی ئەمەریکا زانیاری هەواڵگری هەیە کە پێشنیاری ئەوە دەکات چین بیر لە دابینکردنی چەک و تەقەمەنی بۆ ڕووسیا دەکاتەوە، و هۆشداریدا لەوەی کە بەشداریکردنی لەو شێوەیە لە هەوڵەکانی جەنگی کرێملین "کێشەیەکی ڕاستەقینە" دەبێت.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سەرکردەکانی ئەوروپا هۆشداری هاوشێوەیان بڵاوکردەوە، تەنانەت لەکاتی سەردانی چینیشدا، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپاش هێرشی توندی کردە سەر پەکین و ڕایگەیاند، پاڵپشتیکردنی ڕووسیا لەکاتی لەشکرکێشیدا "پێشێلکارییەکی ئاشکرایە" بۆ پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان.

هاوکات ئانالینا بایربۆک لە لێدوانەکانیدا، ئاماژەی بە ڕۆڵی چین کرد وەک ئەندامێکی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و وتی بەرپرسیارێتی تایبەتی لە ئەستۆدایە بۆ یارمەتیدانی کۆتاییهێنان بە ململانێکان.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەڵام دەبێت بپرسم بۆچی پێگەی چینییەکان تا ئێستا بانگەوازێک بۆ دەستدرێژکارەکە کە ڕووسیایە بۆ وەستاندنی شەڕەکە لەخۆناگرێت. "هەموومان دەزانین کە سەرۆک ڤلادیمێر پوتن لە هەر کاتێکدا دەرفەتی ئەوەی هەبووە ئەو کارە بکات، گەلی ئۆکرانیاش هیچی دیکەیان ناوێت لەوەی کە دواجار بتوانن جارێکی دیکە بە ئاشتی بژین".

سەردانێکی مانگی ڕابردووی شی جینپینگ، سەرۆکی چین بۆ مۆسکۆ جەختی لەوە کردەوە کە چۆن پەکین تادێت دەبێتە هاوبەشی باڵا لەم پەیوەندییەدا، چونکە هێڵی ژیانی ئابووری و بەرگێکی سیاسی بۆ ڕووسیا دابین دەکات. چین ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە ژەنەڕاڵ لی شانگفو وەزیری بەرگریی هەفتەی داهاتوو سەردانی ڕووسیا دەکات بۆ دیدار لەگەڵ سێرگی شۆیگو هاوتاکەی و بەرپرسانی دیکەی سەربازی.

چن گانگ لەبارەی هەردوو ئۆکرانیا و تایوانەوە، بەرگرییە باشەکانی لە سیاسەتەکانی چین خستەڕوو کە جەخت لەسەر ڕەتکردنەوەی پەکین لە ڕەخنەکانی ڕۆژئاوا، بەتایبەتی ئەمەریکا دەکاتەوە .

دوای ئەوەی چین لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوودا کەشتی جەنگی و فڕۆکە جەنگییەکانی لە نزیک تایوان جێگیرکرد، وەک تۆڵەسەندنەوەیەک لە کۆبوونەوەی نێوان کیڤن مەکارتی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا و سەرۆکی دوورگەی تایوان، تسای ئینگ-وێن، گرژییەکان لە دەوروبەری دوورگەکەدا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەوە.

چین پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە تایوانی خۆبەڕێوەبەر بە شێوەیەکی ئاشتیانە یان بە زۆر ملکەچی دەسەڵاتەکەی بێت و چین وتی بەدواداچوون بۆ سەربەخۆیی لەلایەن حکومەتی تایوان و لایەنگرانی بیانییەوە ، کە ئاماژەیەکی پەردەپۆشە بۆ هاوپەیمانی سەرەکی ئەمەریکا، هۆکاری گرژییەکان بووە.

بایربۆک هۆشداریدا لەوەی کە ململانێ لە گەرووی تایوان کە بەشێکی زۆری بازرگانی نێودەوڵەتی جیهان تێیدا تێدەپەڕێت، کارەساتی جیهانی بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆیە ئێمە بە نیگەرانییەکی زۆرەوە سەیری زیادبوونی گرژییەکانی گەرووی تایوان دەکەین. "دەبێت ململانێکان بە شێوەیەکی ئاشتیانە چارەسەر بکرێن. گۆڕینی تاکلایەنەی دۆخی ئێستا بۆ ئێمە وەک ئەوروپیەکان قبوڵکراو نابێت."

هەرچەندێکە وادیاربوو چن گانگ نیگەرانییەکانی ئانالینا بایربۆک ڕەتکردەوە و وتی تایوان "کاروباری ناوخۆی چینە".

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG