Accessibility links

لە ساڵی ڕابردوودا زیاتر  580 کەس لە ئێران لەسێدارە دراون


ڕاپۆرتی ساڵانەی دوو ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ سەبارەت بە دۆخی ئێران نیشان دەدات لە ساڵی 2022دا لانیکەم 582 کەس لە لایەن کۆماری ئیسلامی لە سێدارە دراون کە بە ڕێژەی % 75زیاترە لە ساڵی پێشووتر.

بەپێی پازدەهەمین ڕاپۆرتی هاوبەشی ساڵانەی "رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران" و "پێکەوە لە دژی سزای لەسێدارەدان"، ژمارەی ئەو کەسانەی لە ساڵی 2022دا لە ئێران لەسێدارە دراون، بەرزترین ئامارە لە ماوەی حەوت ساڵی ڕابردوودا.

نووسەرانی ڕاپۆرتەکە باس لەوە دەکەن کۆماری ئیسلامی لە پێناو پاراستنی دەسەڵاتدا، سزای لەسێدارەدان وەک ڕێگەیەک بۆ چاندنی ترس لە ناو کۆمەڵگەدا بەکاردەهێنێت.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە لانیکەم 288 لەسێدارەدان (%49 سەرجەم لەسێدارەدانەکان) بە تۆمەتی کوشتن بووە کە بەرزترین ڕێژەیە لەماوەی 15 ساڵی ڕابردوودا.

هەروەها لانیکەم 256 کەس (%44) بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە لەسێدارە دراون.

جگە لەوەش لانیکەم 15کەس کە بریتی بوون لە دوو خۆپیشاندەریش، بە تۆمەتی ئاسایش (محارەبە و بڵاوکردنەوەی گەندەڵی لەسەر زەوی) لەسێدارە دراون، لانیکەم 3 نەوجەوان و 16 ژنیش لەنێو ئەو کەسانەدا بوون کە لەسێدارە دراون.

ڕاپۆرتی ساڵانەی "رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران" و "پێکەوە دژی سزای لەسێدارەدان" کە بنکەکانیان لە ئەوروپایە، باس لە دەستگیرکردنی خۆپیشاندەران دەکات لە کاتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی "ژن، ژیان، ئازادی"، دەرکردنی سزای لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ بۆ ئەو کەسانە دەستگیرکران و دواجاریش لەسێدارەدانی چوار کەس.

لە کاتی ناڕەزایەتییەکاندا، چوار خۆپیشاندەر بە حوکمی بەپەلە بەبێ دەستڕاگەیشتن بە پارێزەرێکی هەڵبژێردراو، سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا و لەسێدارە دران هەروەها ژمارەیەک لە خۆپیشاندەرانی دیکەی دەستگیرکراو سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە.

ڕاپۆرتی هاوبەشی ئەم دوو ڕێکخراوەی مافی مرۆڤ دەریدەخات کە لە ساڵی 2022دا لەسێدارەدانی کەمینە نەتەوەییەکانیش زیادی کردووە. بە پێی داتا کۆکراوەکان، %30 هەموو ئەوانەی لە سێدارە دراون زیندانی بەلووچ بوون بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، لە دە ساڵی ڕابردوودا زۆرینەی ئەو زیندانیانەی کە بە تۆمەتی ئەمنی لە سێدارە دراون، سەر بە کەمینە نەتەوەییەکانی کورد، بەلوچ و عەرەب بوون.

بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە لە کاتێکدایە کە ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا سەبارەت بە ئێران، ئاماژەی بە زیادبوونی دەرکردنی حوکمی لەسێدارەدان و دەستپێکردنەوەی ئێعدامەکان لە شوێنی گشتیدا کردووە.

XS
SM
MD
LG