Accessibility links

لێدوانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا سەبارەت بە هێرشەکەی نزیک فڕۆکەخانەی سلێمانی


وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند دژی هەر کارێکە کە مەترسی لەسەر سەلامەتی و ئاسایشی سەربازان و کارمەندانی ئەمەریکا دروست بکات.

ڤێدانت پاتێل جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ڕۆژی دووشەممەدا گوتی ناتوانن سەرچاوەی ئەو هێرشەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانە پشتڕاست بکەنەوە کە لە حەوتی ئەم مانگە لە نزیک فڕۆکەخانەی سلێمانی کارونێکی کردە ئامانج، بەڵام گوتی وەزارەتی بەرگری زانیاری زیاتری لەسەر لێکۆڵینەوەکان لایە.

لە هەمانکاتدا ئەوەشی پشتڕاست کردەوە کە ئەو کاروانە سەربازی ئەمەریکایشی تێدا بووە و هیچ زیانێکی گیانیش نەبووە.

پاتێل گوتیشی " بێگومان ئێمە بە توندی دژی هەر کارێک دەبین کە مەترسی لەسەر سەلامەتی و ئاسایشی سەربازان و کارمەندانی ئەمەریکا دروست بکات."

هەروەها ڕایشیگەیاند " هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریادا ماونەتەوە بۆ پشتیوانی لە هاوبەشە ناوخۆییەکان بۆ بەدەستهێنانی شکستی هەمیشەیی داعش. لەناوبردنی داعش لە ناوچەکە بەردەوامە و ئەرکێکی گرنگی ئێمەیە."

کاتێک پرسیاری ئەوەی لێکرا کە ئایا هێرشەکە لەلایەن تورکیاوە کراوە، ئەو گوتی پێش لێکۆڵینەوەکانی وەزارەتی بەرگری ناکەوێت بەڵام جەختی لە گرنگی ڕێزگرتن لە سەروەری عێراق و یەکپارچەیی خاکی عێراق کردەوە.

گوتیشی " هانی حکومەتەکان دەدەین کە پێکەوە کاربکەن بۆ نە‌هێشتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی نێون سنورەکان."

بەپێی زانیارییەکان، ئەو هێرشەی حەوتی مانگی چوار لە کاتێکدا بووە کە سێ سەربازی ئەمەریکایش لەگەڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک گەشتیان کردبوو. پاتێل ئەم وردەکارییەی پشتڕاست نەکردەوە و ڕوونیشی نەکردەوە کە بۆچی کارمەندانی سەربازی ئەمەریکا لەگەڵیدابوون.

XS
SM
MD
LG