زانایان ناو لە جۆرێکی دەگمەنی قالۆنجە دەنێن وەک ڕێزێک بۆ جێری براون، فەرمانڕەوای پێشووی ویلایەتی کالیفۆرنیا، دوای ئەوەی دانەیەکیان لە باخچەکەیدا دۆزیەوە.
زانکۆی کالیفۆرنیا لە بێرکلی ڕایگەیاند، قالۆنچەی بێمبدیەن براونۆرم Bembidion brownorum دوایین جار لە ساڵی 1966 بینراوە، بەڵام ناوی نەهێنراوە و پێناسەی نەکراوە تاوەکو یەکێکیان لە نزیک کانییەک لە باخچەی براون لە کۆلوسا کاونتی دۆزیوەتەوە.
بە پێی زانکۆی کالفۆرنیا قالۆنچەکە قاوەییە و بچووکە بە درێژی نزیکەی 5 ملیمەتر، هەرچەندە ئەوە هێشتا گەورەترە لە قالۆنچەکانی تری بێمبیدیۆن. لە ژێر گەورەکردنەوەدا "بە رۆشنایی کانزایی سەوز و زێڕین دەدرەوشێتەوە".
فەرمانڕەوای پێشووی ویلایەتەکە براون کە لە ساڵی 2019 پۆستەکەی بەجێهێشتووە، لە زنجیرە چیای کەنار دەریاکانی ناوەوەی کالیفۆرنیا لەسەر زەوییەک دەژی کە لە ساڵانی 1860ەوە هی بنەماڵەکەیەتی. ئەو موڵکەکەی وەک شوێنی کۆبوونەوە بۆ کۆمەڵەی ڕووەکی ڕەسەنی کالیفۆرنیا و مێرووناس و پسپۆڕانی دارستان و ئاگرکوژێنەوە پێشکەش کردووە.
کیپلینگ ویل، پسپۆڕی مێرووناس لە زانکۆی بێرکلی، زیاتر لە دوو ساڵە لەم باخچەیەدا کە 2500 دۆنمە ، نمونەی مێرووەکان وەردەگرێت. زانکۆی بێرکلی ڕایگەیاندووە، لە 1ی مانگی7ی 2021، قالۆنچەیەکی نامۆی دۆزیەوە و پەیوەندی بە پسپۆڕێکەوە کردووە بەناوی دەیڤید مادیسۆن لە زانکۆی ویلایەتی ئۆریگۆن بۆ ئەوەی یارمەتی بدات لە ناسینەوەی.
ئەوان دیارییان کرد کە جۆرێکە پێشتر ناوی نەنراوە و پێناسە نەکراوە. زانکۆی بێرکلی ڕایگەیاندووە، دواتر ویل 21 نمونەی لە مۆزەخانەکانی سەرتاسەری کالیفۆرنیا دۆزیەوە، هەرچەندە ڕەنگە ئاماژەیان پێنەکرابێت یان بە هەڵە ناسرابن.
ویل وتی پێدەچێت جۆرەکە بە دەگمەن بینرابێت، چونکە پێدەچێت بە خێرایی کەمبوبێتەوە چونکە ژینگەی نیشتەجێبوونی بەهۆی شارنشینی و گەشەسەندنی کشتوکاڵییەوە لەناوچووە. بەناوی براون و هاوسەرەکەی ئان براون ناونراوە.
براون لە بڵاوکراوەکەی زانکۆی بێرکلی وتی “زۆر دڵخۆشم کە باخچەکەم زانست پێشدەخات بە هەندێک ڕێگەی سەرنجڕاکێش و گرنگ".
وتی "زۆر جۆری نەدۆزراوە هەیە، پێموایە زۆر گرنگە کە ئێمە کەتەلۆگ بکەین و بزانین چیمان هەیە و لە کاریگەرییەکانیان لەسەر ژینگە تێبگەین، چۆن کاردەکات و چۆن دەگۆڕێت".
ویل و مادیسۆن لە توێژینەوەیەکدا کە لە گۆڤاری ZooKeys دا بڵاوکرایەوە، باسی ئەو مێروەیان کردووە.
ویل لە ڕێگەی زانکۆی بێرکلی لە وەڵامی پرسیارێکی ئەسۆشێتد پرێسدا وتی "لە ساتەوەختی بڵاوکردنەوەی ئەم بەیانییە بە فەرمی ناوی جۆرەکە ناونراوە".
سەرچاوە/ ئەسێۆشەیتید پرێس