Accessibility links

زانیاری له‌باره‌ی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی نزیك فرۆكه‌خانه‌ی سلێمانی


دوو سەرچاوەی ئاگادار ڕوودانی تەقینەوەیەکیان لە نزیک سیاجی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ دەنگی ئەمەریکا پشتڕاستکردەوە، بەڵام سەرچاوەکان زانیاری جیاوازیان لە بارەی هۆکاری تەقینەوەکەوە خستەڕوو، ئاسایشی فڕۆکەخانەکەش دەڵێت"لێکۆڵینەوە لە بارەی تەقینەوەکەوە دەکەن."

سەرچاوەیەکی بەرپرس لە سلێمانی، بە دەنگی ئەمەریکای وت"درۆنێکی چاودێری لە نزیک فڕۆکەخانەی سلێمانی کەوتووەتە خوارەوە."

بەپێی وتەی سەرچاوەکە، هێشتا ڕوون نییە، درۆنەکە خۆی کەوتووەتە خوارەوە یاخود پێکراوە و خراوەتە خوارەوە."

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانیش ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و ڕایگەیاندووە، "تەقینەوەیەک ڕوویداوە کە هیچ زیانێکی گیانی و مادی بە دواوە نەبووە، هێزەکانمان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە ڕووداوەکە و دواتر زانیاری زیاتر بڵاودەکەینەوە."

بەڵام سەرچاوەیەکی تری ئاگادار لە ڕووداوەکە، زانیاری جیاوازتری لە بارەی هۆکاری ڕوودانی تەقینەوەکەوە دایە دەنگی ئەمەریکا، وتی"گومان دەکرێت تەقینەوەکە بەهۆی بۆمبێکی درۆنەوە بووبێت."

هەرچەندە زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە سلێمانی بووە، لە کاتی گەڕانەوەیدا بۆ سوریا تەقینەوەکە ڕوویداوە، بەڵام هێشتا هیچ سەرچاوەیەکی فەرمی ئەم زانیاریانەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.

سەرچاوەکە وتیشی"ڕوودانی تەقینەوەکە لە کاتێکدایە، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات، گوایە لەگەڵ هێزێکی هاوپەیماناندا هاتووەتە سلێمانی و لەو کاتەدا گەڕاوەتەوە."

پۆڵا تاڵەبانی ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، وتی"نەمبیستووە مەزڵوم عەبدی لە سلێمانی بووبێت."

لە ڕۆژی دووشەمەوە، تورکیا هەموو گەشتەکانی بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی ڕاگرتووە، بەرپرسانی ئەو وڵاتەش هۆکاری ڕاگرتنی گەشتەکانی تورکیا بۆ چالاکی پەکەکە دەگێڕنەوە، لەکاتێکدا بەرپرسانی یەکێتی هەموو چالاکییەکی ئەو پارتە ڕەتدەکەنەوە.

تانژو بیلگیچ وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاندووە"پەکەکە دزەیکردووەتە ناو فڕۆکەخانەی سلێمانی و هەڕەشە لەسەر گەشتە ئاسمانییەکان هەبووە، بۆیە گەشتەکان ڕاگیراون."

پۆڵا تاڵەبانی ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، ڕەتیکردەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بووبێتە شوێنی چالاکی پەکەکە و ئەو قسانەی بە هەڵبەستراو وەسفکرد، بە دەنگی ئەمەریکای وت"یەکێتی هەمیشە پشتگیری کوردی پارچەکانی تری کردووە، بەڵام نەک لەسەر بنەمای دروستکردنی مەترسی بۆ سەر وڵاتانی دەوروبەر، بەڵکو لە پێناو سەقامگیری و چارەسەرکردنی کێشەکان.

XS
SM
MD
LG