Accessibility links

لوبنان دەڵێت لە ئەنجومەنی ئاسایش سکاڵا لەدژی ئیسرائیل تۆمار دەکات


وەزارەتی بەرگری لوبنان ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە هێرشەکانی ئیسرائیل هەڕەشەیە لە دژی سەقامگیری ئەو وڵاتە و سوپای لوبنان ئامادەیە بەرگری لە خۆی بکات.

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 7ی ئەم مانگە ئیسرائیل لە هێرشێکی تۆڵەسەندنەوەدا ناوچەکانی باشووری لوبنانی بۆردومان کرد.

حکومەتی لوبنان بە ڕاگەیاندنی سکاڵایەک لە دژی ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان، هێرشی سەربازی ئیسرائیلی بۆ سەر لوبنان بە پێشێلکردنی بڕیارنامەی 1701 ئەنجومەنی ئاسایش ناوبردوە، بڕیارنامەیەک کە کۆتایی بە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵای لە ساڵی 2006 هێنابوو.

حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ حوسێن ئیبراهیم تەها ئەمینداری گشتی سازمانی هاوکاری ئیسلامی داوای "کۆبوونەوەی بەپەلە"ی ئەو ڕێکخراوەی کرد.

هەروەها ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران ڕۆژی پێنجشەممە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئەندەنوسیا گوتی "پشتیوانیکردن لە فەلەستینییەکان بنەمایەکی نەگۆڕە بۆ نەتەوەی ئیسلامی."

حەماس دەڵێت دەستدرێژی ئاشکرای ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە توندی شەرمەزار دەکەین و ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس ڕایگەیاندوە کە فەلەستینییەکان "دەستبەستراو نین".

موقتەدا سەدر سەرۆکی ڕەوتی "سەدر" لە عێراقیش ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند پێویستە وڵاتانی عەرەبی باڵۆێزخانەکانی ئیسرائیل دابخەن.

هەروەها شەوی پێنجشەممە، لە میانی کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایش، لانا نوسیبە، باڵوێزی ئیمارات لە نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانی خۆی لە زیادبوونی توندوتیژی لە فەلەستین لە ماوەی مانگی ڕەمەزاندا دەربڕی.

تورکیاش داوای لە ئیسرائیل کرد دەستدرێژییەکانی ڕابگرێت. سەدان خەڵکی تورکیا و فەلەستینی دانیشتووی ئەو وڵاتە ڕۆژی پێنجشەممە لە بەردەم کونسوڵخانەی ئیسرائیل لە ئەستەنبوڵ خۆپیشاندانیان کرد.

لە لایەکی دیکەوە ئەمەریکا و ئەڵمانیا و وڵاتانی تری ڕۆژئاوا کە هاوپەیمانی ئیسرائیلن وێڕای دەربڕینی نیگەرانی خۆیان لەو دۆخە، هێرشە موشەکییەکانی دژی گەلی ئیسرائیلیان شەرمەزار کرد و بە مافی گەلی ئیسرائیلیان زانی کە لە ئاسایشدا بژین.

هێرشەکانی ئیسرائیل لە وەڵامی ئەو هێرشە مووشەکییەکانەوە بووە کە لە لوبنانەوە بەرەو ناوچەکانی باکووری ئیسرائیل هەڵدراون و بەرپرسانی ئیسرائیلی بزووتنەوەی حەماس بە بەرپرسی هێرشەکان دەزانن.

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە 34 موشەک لە لوبنانەوە هەڵدراون کە لەو ژمارەیە 25 موشەک لەلایەن سیستمی بەرگری ئاسمانی ئەو وڵاتەوە ڕێگرییان لێکراوە.

سەرچاوەکان/رۆیتەرز/ڕۆژنامەی تامیزی ئیسرائیل

XS
SM
MD
LG