Accessibility links

کەنەدا 14 ژن و منداڵی کەسوکاری داعش لە کەمپێکی سوریاوە گەڕاندەوە بۆ وڵاتەکەی

ژنان و منداڵان لە کەمپی ڕۆژ، کە کەسوکاری ئەو کەسانەی کە گومانیان لێدەکرێت سەر بە گروپی دەوڵەتی ئیسلامی لێی ڕاگیراون، لە لادێکانی نزیک ئەلمالیکیە لە پارێزگای حەسەکەی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا،  28ی مانگی 3ی ساڵی 2021.
ژنان و منداڵان لە کەمپی ڕۆژ، کە کەسوکاری ئەو کەسانەی کە گومانیان لێدەکرێت سەر بە گروپی دەوڵەتی ئیسلامی لێی ڕاگیراون، لە لادێکانی نزیک ئەلمالیکیە لە پارێزگای حەسەکەی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، 28ی مانگی 3ی ساڵی 2021.

بەرپرسێکی کورد ڕایگەیاند، دەسەڵاتدارانی کورد لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا چوار ژن و 10 منداڵی بەرەچەڵەک کەنەدی کە گۆمان دەکرێت کەسوکاری داعش بن، ڕادەستی شاندێکی کەنەدا کردووە بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ وڵاتەکەیان.

حکومەتەکانی ڕۆژئاوا ڕووبەڕووی ڕەخنەی زیاتر بوونەتەوە بەهۆی ئەوەی زیاتر لەو هاووڵاتییانەیان وەرناگرنەوە کە خۆبەخشانە بۆ گروپی دەوڵەتی ئیسلامی گەشتیان کردووە بۆ عێراق و سوریا.

هەزاران ژن و منداڵی بیانی سەر بە داعش لە کەمپی قەرەباڵغی ئاوارەکان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا کە لەلایەن کوردەکانەوە بەڕێوەدەبرێت، ماونەتەوە، کە لەوێدا بەرەوڕووی پەروەردەکردنی جیهادییە توندڕەوەکان دەبنەوە.

خالد ئیبراهیم، بەرپرسێک لە ئیدارەی کورد لە سوریا، وتی: "چوار ژن و 10 منداڵی چەکدارە بیانییەکانی داعش کە لە کەمپی ڕۆژ نیشتەجێ بوون، ڕۆژی چوارشەممە ڕادەستی نوێنەرانی وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا کران".

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو ژنانە تەمەنیان لە 26 بۆ 35 ساڵ بووە، منداڵەکانیش تەمەنیان لە 3 بۆ 11 ساڵ بووە.

ئیبراهیم وتی ئەوە چوارەم جار بوو کە کەنەدا لە کەمپی قەرەباڵغی ئاوارەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا هەڵمەتی لەو جۆرە ئەنجام بدات.

ڕۆژی 21ی مانگی یەکدا، دادگای فیدراڵی کەنەدا بڕیاریدا بە بێ ئەوەی وادەیەک دیاری بکات، 23 هاوڵاتی کە 19یان ژن و منداڵ بوون، بگەڕێننەوە بۆ وڵاتەکانیان.

وەزارەتی دەرەوەی کەنەداسەرەتای ئەمساڵ رازیبوو ئەو هاووڵاتییانەی بگەڕێندرێنەوە. ئەوکات وەزارەتەکە رایگەیاند هەڵسەنگاندن بۆ یارمەتیدانی بەندکراوەکانی دیکەش دەکات.

پێشتر حکوومەتی جەستن ترودۆ بە کەیس بە کەیس مامەڵەی لەگەڵ ئەندامانی خێزانی داعش لە سوریا کردبوو و لە ماوەی چوار ساڵدا تەنیا ژمارەیەکی کەم ژن و منداڵ گەڕێنراونەتەوە وڵاتەکەی.

ڕۆژی پێنجشەممە حکومەتی کەنەدا دوایین گەڕانەوەی بۆ وڵاتەکەی پشتڕاستکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەدا هاتووە "تا مەرجەکان ڕێگەی پێدەدەن، بەردەوام دەبین لەسەر ئەم کارە".

وتیشی ئەمەش ڕوویداوە لە کاتی ئەو هەواڵانەی باس لە تێکچوونی بارودۆخی کەمپەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکەن، ئێمە بە تایبەتی نیگەرانی تەندروستی و خۆشگوزەرانی منداڵانی کەنەدی بووین.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

This item is part of
XS
SM
MD
LG