Accessibility links

ئێران لێکۆڵینەوە لە ئەگەری هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەکات


بەگوێرەی ئاژانسی تەسنیمی ئێران، ئێران لە شەوی ڕابردوودا هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆ سەر کۆمەڵە باڵەخانەی وەزارەتی بەرگری لە ناوەندی شاری ئیسفەهان پووچەڵ کردووەتەوە، هەرچەندە تاران ڕایگەیاندووە پشتڕاستکردنەوەی ئەو ڕاپۆرتە پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زیاتر هەیە.

ئاژانسی تەسنیمی نیمچە فەرمی ئێران لە ڕاپۆرتەکەیدا دەڵێت " کۆمەڵە باڵەخانەی ئەمیر ئەلموئمنین لە ئیسفەهان ئامانجی هێرشێکی شکستخواردووی فڕۆکەیەکی بچووکی بێفڕۆکەوان بووە کە بەهۆی سیستەمی بەرگرییەوە پووچەڵکراوەتەوە". دەشڵێت ئەو هەوڵە هیچ زیانێکی لێنکەوتووەتەوە.

بەڵام ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی ئێران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بەو ڕاپۆرتە بە میدیاکانی ئێرانی ڕاگەیاند "بۆ ئێستا ناتوانم ئەمە پشتڕاست بکەمەوە چونکە پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زیاترە".

لە ماوەی ڕابردوودا تاران ئیسرائیلی دوژمنی سەرسەختی بە هۆکاری ئەم جۆرە هێرشانە تۆمەتبار کردووە، لەوانەدا هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر کارگەیەکی سەربازی لە نزیک ئیسفەهان لە مانگی یەکدا. ئیسرائیل نە بەرپرسیارێتی هێرشەکانی پشتڕاستکردووەتەوە و نە ڕەتیشیکردووەتەوە.

ئەم ڕاپۆرتە چەند ڕۆژێک دوای ئەوە دێت کە ئیسرائیل لە چەند هێرشێکی ئاسمانیدا ئەو شوێنانەی ناو سوریای کردە ئامانج کە پەیوەستن بە ئێرانەوە و لانیکەم دوو ئەندامی سوپای پاسدارانی ئێران کە وەک ڕاوێژکاری سەربازی لە سووریا بوون کوژراون.

لە مانگی یەکی ئەمساڵدا ناوەندێکی پیشەسازی وەزارەتی بەرگریش بە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کرایە ئامانج، کە ئێران دەڵێت سەرکەوتوو نەبووە و لەلایەن "بەکرێگیراوانی ڕژێمی ئیسرائیلەوە" ئەنجامدراوە.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG