Accessibility links

ڕێککەوتنی کاتیی نەوت لە نێوان بەغدا و هەرێم واژۆ دەکرێت


نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێت ڕێککەوتنی کاتیی نەوتی نێوان بەغدا و هەرێم واژۆ کراوە.

نوسینگەکەی محمەد شیاع سودانی لە تویتێکدا دەڵێت " بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران محەمەد شیاع سودانی و سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانی عێراق مەسرور بارزانی، ڕۆژی سێشەممە لە بەغدا ڕێککەوتنی کاتیی لە نێوان وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێم واژۆ کرا، بەو پێیەش هەناردەکردنی نەوتی خاو بۆ دەرەوە لە هەرێمەوە و لە پارێزگای کەرکوکەوە دەستپێدەکاتەوە."

حکومتی هەرێمی کوردستانیش مۆرکردنی ڕێککەوتنەکەی ڕاگەیاندووە.

هاوکات لاوک غەفوری بەرپرسی کاروباری میدیای بیانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت " ڕێککەوتنە نوێیەکە دەبێتە پاڵپشتییەکی گەورە بۆ یاسای نەوت و غازی عێراق کە بەم زووانە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە پەسەند دەکرێت."

ئەمڕۆ سێشەممە شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم گەیشتە بەغدا و لەوێ لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق محمەد شیاع سودانیدا کۆبووەوە و کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیان ئەنجام دا.

ئەمەش لە کاتێکدایە عێراق له‌ ساڵی 2015 له‌ دادگای ناوبژیوانی پاریس سكاڵای له‌سه‌ر توركیا تۆماركردبوو، به‌هۆی رێگه‌دان به‌ فرۆشتن و ڕۆیشتنه‌ ده‌ره‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان. ئەو دادگایەی پاریس له‌ مانگی 1 ی ئه‌مساڵ بڕیاری له‌سه‌ر سكاڵاكه‌ دا‌، به‌ڵام ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی ڕانه‌گه‌یه‌نرابوو. لە کۆتایی مانگی ڕابردوو، ناوه‌ڕۆكی بڕیاره‌كه‌ ئاشكرا كرا كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی عێراق كۆتاییهات، توركیاش پابه‌ندبوونی خۆی به‌ بڕیاره‌كه‌ و رێگرتن له‌ ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم دووپاتكرده‌وه‌.

XS
SM
MD
LG