Accessibility links

بە تاوانی پەیوەندیکردنی بە داعشەوە هاووڵاتییەکی ئەمەریکایی سزای 20 ساڵ زیندانیکردن دەدرێت


ئاڵای ئەمەریکا لە بەردەم وەزارەتی داد لە واشنتن
ئاڵای ئەمەریکا لە بەردەم وەزارەتی داد لە واشنتن

هاووڵاتییەکی ئەمەریکایی کە لەگەڵ خێزانەکەیدا چووبوو بۆ سوریا بۆ ئەوەی پەیوەندی بە گروپی تیرۆریستی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)ەوە بکات، سزای 20 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی تۆمارەکانی دادگا، ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو لە دادگای فیدراڵی شاری مەیامی فلۆریدا ، ئیمران عەلی تەمەن 55 ساڵ، هاووڵاتی ئەمەریکی و لەدایکبووی ترنیداد و تەباگۆ، سزاکە دراوە. ناوبراو لە مانگی یازدەدا دانی بە تاوانەکەیدا ناوە کە پشتیوانی دارایی پێشکەش بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بیانی کردووە.

بەپێی تۆمارەکانی دادگا، عەلی خێزانەکەی لە ترنیداد و تەباگۆوە گواستووەتەوە بۆ بەڕازیل، دواتر بۆ تورکیا و دواجار لە مانگی سێی 2015 بۆ سوریا. داواکارانی گشتی دەڵێن بە درۆ بە منداڵەکانی وتووە کە دەچنە پشوو بەڵام لە ڕاستیدا نیازی ئەوە بووە کە پەیوەندی بە داعشەوە بکات.

کاربەدەستان دەڵێن، دوای گەیشتنیان بە سوریا، داعش عەلی و خێزانەکەی ناونوس کردووە، عەلیش مەشقی ئایینی و سەربازیی داعشی لەگەڵ ئینگلیزی زمانەکانی دیکە ئەنجامداوە. ڕاهێنانەکە بریتی بووە لە ڕێنماییکردن لەسەر کارپێکردنی چەکی جۆراوجۆری ئۆتۆماتیکی وەک تفەنگی هێرشبەری AK-47 و PKC.

لێکۆڵەران دەڵێن، عەلی لە کۆتاییدا لە ئەرکی شەڕکردن دەرچووە و لە بیناسازیی نیشتەجێبوون بۆ داعش لە شاری ڕەقەی پایتەختی دیفاکتۆی ئەوکاتەی گروپەکە کاری کردووە. هەروەها عەلی بوو بە بازرگان و دەستی کرد بە کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵ، ئۆتۆمبێل، چەک، پارچەکانی چەک و تەلەفۆن کردووە. هەروەها عەلی خزمەتگوزاری ناردنی پارەی بۆ چەکدارانی دیکەی داعشی ترنیداد لە سوریا دابینکردووە و پارەی خۆی بەخشیوە بە ئەندامانی داعش بۆ پشتیوانیکردن لە دۆزی داعش.

عەلی و بنەماڵەکەی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەند جارێک لەناو خاکی سوریادا کۆچیان کردووە. کاربەدەستان دەڵێن عەلی و کوڕەکەی، جیهاد عەلی تەمەن 22 ساڵ، لە مانگی سێی 2019 لە نزیک باغوز خۆیان ڕادەستی هێزەکانی سوریای دیموکرات کردووە، دواتر ڕادەستی FBI کرانەوە و گەڕانەوە بۆ ئەمەریکا کوڕەکە کە لە نیویۆرک لەدایکبووە و لە تەمەنی 15 ساڵیدا دەستی بە مەشقی سەربازی و ئایینی داعش کردووە، پێشتر سزای پێنج ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرابوو.

سەرەڕای شکستهێنانیان لە سوریا لە مانگی سێی 2019، هێشتا شانە خەوتووەکانی گروپی تیرۆرستی داعش هێرشی کوشندە ئەنجام دەدەن لە هەردوو وڵاتی سوریا و عێراق کە پێشتر لە بەشێک لەو وڵاتانە "خەلافەت"یان ڕاگەیاندبوو.

سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا، AP

XS
SM
MD
LG