Accessibility links

گەنجەکەی لە هەولێر سوکایەتی پێکرا دەڵێت چیتر ناتوانم لە هەولێر بژیم چونکە شکام


دانی سویدی، ئەو گەنجەی کە لە ڤیدیۆیەکی بڵاوی تۆڕە کۆمەڵایەکان دەردەکەوێت کە لە لایەن گەنجێکی ترەوە توندوتیژی بەرامبەر دەکرێت و سوکایەتی پێدەکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە دوای ڕووداوەکە توشی حاڵەتێکی دەروونی تێکشکاو هاتووە و دەیەوێت هەرێمی کوردستان بەجێبهێڵێت.

گەنجەکە بەدەنگی ئەمەریکای گووت، "داواکارم کە مافی من نەخۆرێت. من چیتر ناتوانم لە هەولێر بژیم، چونکە شکام."

ڤیدیۆکە بە شێوەیەکی بەربڵاو لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوکراوەتەوە و کاردانەوەی فراوانی خەڵکی لێکەوتۆتەوە، بە هۆی ئەوەی کەسێك بە لێدان و جنێو هێرش دەکاتە سەر دانی سویسی پێش ئەوەی وەک سوکایەتی قژێ بتاشێت.

سەباح خدر، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر، لە ڕاگەیاندراوێکدا دەڵێت ڕووداوەکە لە 14ی ئەم ناگە ڕوویداوە و لەسەر کێشەی کۆمەڵایەتی بووە. هەروەها ڕایگەیاند کە تۆمەتبارەکە ناوی کەیفی سابر حمدە و لە ڕۆژی ڕووداوەکەوە لای ئاسایش بەندکراوە و "ڕێکاری یاسایی بەرامبەر گیراوەتە بەر."

لێدوانەکەی ئاسایش لە کاتێکدایە کە بەشێکی زۆری بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ڕووداوەکەیان بەهۆکاری حیزبی گرێداوە بە تایبەت بەهۆی ئەوەی کە تۆمەتبارەکە بە تاوانلێکراوەکە دەڵێت بۆیە ئەو کارە دەکات چونکە جنێوی بە خۆی و بە پارتی داوە.

سەبارەت بە هۆکار و وردەکاری ئەو رووداوە، دانی سویدی بە دەنگی ئەمەریکای گوت کە گوایە تۆمەتبارەکە بۆ بە زۆر وەرگرتنی پارە گێچەڵی پێدەکرد.

دانی سویدی
دانی سویدی

دانی سویدی ڕایگەیاند، "من هونەرمەندم، ئەو کابرایە گەعدە و دانیشتنی زۆری بەمن دەکرد. کاتێک کە دەیزانی گەعدەم هەیە بەدەمانچەوە دەهات پارە و شاباشی گەعدەکەی دەبرد. هۆکارەکە ئەوەبوو کاتێک کلیپێکم هەبوو بۆ نەورۆز ئەو کەسەم نەبرد بیانۆی پێ گرتم و ئەوەی پێی کردم. بیانوەکەی ئەوەبوو گوتی جنێوت پێداوم. بۆیە سەری تاشیم و سەرو و برۆی کەسێکی تریشی تاشیوە."

هەروەها گوتیشی، "لەو کاتەی کە لێم دەدات پێم دەڵێت قسەت بەپارتی گوتووە تەنها بۆ ئەوەی لەسەرم بکاتە ماڵ. من پارێزەر و دایک و باوک و کەسو کارم نییە. لە هەتیمخانە گەورەبوومە. حکومەت بە کەسوکاری خۆم دەزانم."

دەنگی ئەمەریکا ناتوانێت سەربەخۆ ئەو تۆمەتانە یا ڕاستی ناوەڕۆکی کێشەکە پشتڕاست بکاتەوە. لە ڤیدیۆکەی ڕووداوەکەدا دەنگی تۆمەتبار دەبیسترێت کە دەڵێت دانی سویدی جنێوی بە خۆی و پارتی داوە، بەڵام باسی ئەوە نەکراوە کە کێشەیان لەسەر پارە یاخود کاری هونەری هەبووە.

دانی سویدی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە دوای ڕووداوەکە سکاڵای لە بنکەی تەیراوای هەولێر تۆمارکردووە و چاوەڕوان دەکات دەزگا بەرپرسەکان ڕێوشوێنی پێویست ئەنجامبدەن..

راشگەیاند، "پارێزگاری هەولێر و لقی دووی پارتی پەیوەندییان پێوە کردووم و پێیان گوتووم کە رۆژی یەکشەممە سەرەدانیان بکەم."

XS
SM
MD
LG