Accessibility links

مەترسی لەسەر بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان هەیە


بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان لە مەترسیدایە، دوای ئەوەی ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی تورکیاوە وایکرد ئەو کۆمپانیایانەی لە باکوری کەرکوک کاردەکەن، نەوتی خاو بگوازنەوە بۆ عەمبارکردن، لە کاتێکدا توانای عەمبارکردنیان سنووردارە.

عێراق ناچار بوو ڕۆژی شەممە نزیکەی 450 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی هەرێمی کوردستان ڕابگرێت کە لە ڕۆژێکدا لە ڕێگەی بۆرییەکی هەناردەکردنەوە لە کێڵگە نەوتییەکانی باکووری کەرکوکەوە بەرەو بەندەری جەیهانی تورکیا هەناردە دەکرا.

تورکیا ڕاکێشانی نەوتی خاوی عێراقی لە بۆرییەکە ڕاگرت دوای ئەوەی عێراق دۆسیەیەکی دادگاییەکی ناوبژیوانی بردەوە کە تیایدا ڕایگەیاندبوو تورکیا ڕێکەوتنێکی هاوبەشی پێشێل کردووە بە ڕێگەدان بە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەناردەکردنی نەوت بۆ بەندەری جەیهان بەبێ ڕەزامەندی بەغدا.

کۆمپانیا نەوتییەکان کە لە ناوچەکەدا کاردەکەن، لە دۆخێکی نادیاردا ماونەتەوە، لەکاتێکدا چاوەڕێی ئەنجامی گفتوگۆ بەردەوامەکانی نێوان ئانکەرە و بەغدا و حکومەتی هەرێم دەکەن بۆ دۆزینەوەی ڕێگەیەک بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن.

کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن پترۆلیۆم (GKP.L) کە کێڵگەی شایکان بە توانای 55 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا هەناردەی نەوتی خاوی هەرێمی کوردستان KRI بەڕێوەدەبات، ڕۆژی دووشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، "دامەزراوەکانی توانای هەڵگرتنیان هەیە کە ڕێگە بە بەردەوامبوونی بەرهەمهێنان دەدەن بە ڕێژەیەکی کەمکراوە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، دوای ئەوەی کۆمپانیاکە بەرهەمهێنانی ڕادەگرێت".

کۆمپانیای DNO (DNO.OL) و Genel Energyهاوکات لە ناوچەکەدا کاردەکەن، ڕایانگەیاندووە لە ئێستادا نەوت لەناو عەمبارەکاندا هەڵدەگرن، کە دەتوانێت بەرهەمی چەند ڕۆژێک عەمبار بکات.

ئەو دوو کۆمپانیایە پشکیان هەیە لە کێڵگەکانی تاوکێ و پیشخافور کە ساڵی ڕابردوو 107 هەزار بەرمیل نەوتی لە ڕۆژێکدا بەرهەمهێناوە.

هەروەها کۆمپانیای جێنێل پشکەکانی لە کێڵگەکانی تەق تەق و سارتا هەیە؛ بەپێی ئەنجامی ساڵانەی کۆمپانیاکە ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی 4500 بەرمیل و هاوکات 4710 بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرهەمهێناوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کێڵگەی نەوتی خورمەڵە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە؛ بەرهەمهێنان لە کێڵگەی نەوتی خورمەڵە کە لەلایەن گروپی کوردی کارەوە بەڕێوەدەبرێت، لە ئێستادا هیچ کاریگەرییەکی لەسەر نییە بە نزیکەی 135 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرهەم دەهێنن و عەمباری دەکەن.

کۆمپانیای شەمەران پترۆلیۆم (SNM.V) کە یەکێکی دیکەیە لە ئۆپەراتۆرەکان، لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند: "کۆمپانیاکە لە پەیوەندییەکی نزیکدا دەمێنێتەوە لەگەڵ بەرهەمهێنەرانی دیکەی نەوت لە هەرێمی کوردستان و لەگەڵ بەرپرسانی پەیوەندیدار بە حکومەت، بەردەوامیش دەبێت لە چاودێریکردنی دۆخەکە لە نزیکەوە".

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG