بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی هەینی 24ی ئەم مانگە لەسەردانێکدا گەیشتە لەندەن و لەگەڵ هاوتا بەریتانیاییەکەی ڕیشی سۆناک کۆبوویەوە.
هاوکاتی گەیشتنەکەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بۆ بەریتانیا گروپێک لە خۆپیشاندەرانی ئیسرائیلی و فەلەستینیەکانی دانیشتووی ئەو وڵاتە بە دروشمەکانی دژ بە ناتانیاهۆ ناڕەزایەتی خۆیان سەبارەت بە بڕیارەکانی ئەم دواییەی حکومەتەکەی ناتانیاهۆ کرد.
نەتانیاهۆ بەمەبەستی تاوتوێکردنی چەند پرسێک لەوانە پرسی ئەمنی و پتەوکردنی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان بەریتانیا و ئیسرائیل سەردانی لەندەنی کردوە.
لە میانی دیدارەکەی نێوان هەردوو سەرۆک وەزیراندا، ڕیشی سوناک بە ئاماژەدان بە چاکسازییە دادوەرییەکانی حکومەتی ئێستای ئیسرائیل، جەختی لە گرنگی پاراستنی بەها دیموکراسیەکان کردەوە.
کۆبوونەوەکەی هەردوو سەرۆک وەزیران دوای سێ ڕۆژ لە واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی ستراتیژی حکومەتەکانی ئیسرائیل و بەریتانیاوە دێت کە ئامانج لێی قووڵکردنەوەی پەیوەندییە ئابووری و ئەمنی و تەکنەلۆژییەکانی نێوان هەردوو وڵات بووە.
جێی ئاماژەیە کە ڕۆژی پێنجشەممە 23ی ئەم مانگە پەرلەمانی ئیسرائیل بەشی یەکەمی یاساکانی گۆڕینی سیستەمی دادوەری وڵاتەکەی پەسەند کرد. لە هەمان کاتدا نەیارانی ئەو یاسایەش بەردەوام بوون لە ئەنجامدانی خۆپیشاندانی جەماوەری لە شارە گەورەکاندا.
تەوەری سەرەکی ئەو یاسایانەی کە ڕۆژی پێنجشەممە پەسەند کران ئەوەیە کە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەپارێزێت لە لێپێچینەوە لەسەر تۆمەتی گەندەڵی و ململانێکان.
بەشی یەکەمی یاسای گۆڕانکاری لە سیستەمی دادوەری بە 61 دەنگی بەڵێ لە بەرامبەر 47 دەنگی نەخێر لە پەرلەمانی ئیسرائیل کە 120 کورسی هەیە، پەسەندکرا.
ئەو یاسایە دیاری دەکات کە سەرۆک وەزیران تەنها بە هۆی نەخۆشی یان کێشەی دەرونییەوە لە پۆستەکەی لادەبرێت و تەنها سەرۆک وەزیران یان کابینەکەی دەتوانێت ئەو بڕیارە بدات.
نەیارانی حکومەتی ئێستای ئیسرائیل دەڵێن گۆڕانکارییە پێشنیار کراوەکانی ناتانیاهۆ دەبێتە هۆی لاوازکردنی میکانیزمە دیموکراسیەکان لە پێکهاتەی حکومەتدا.
بە گوتەی شارەزایان ناکۆکی لەسەر ئەم بابەتە گەورەترین قەیرانی سیاسی ناوخۆیی لە مێژووی 75 ساڵەی ئیسرائیلدا خولقاندوە.
سەرچاوە/ڕۆیتەرز