Accessibility links

کۆریای باکوور فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی نوێی هێرشبەری ژێر دەریای بە توانای ئەتۆمی تاقیکردەوە


میدیای فەرمی کەسنای کۆریای باکوور ڕۆژی هەینی بڵاویانکردەوە، کۆریای باکوور فڕۆکەیەکی نوێی هێرشبەری ژێر دەریای بە توانای ئەتۆمی تاقیکردۆتەوە، لەکاتێکدا سەرکردەی وڵاتەکە کیم جۆنگ ئون هۆشداریدا مەشقی سەربازی هاوبەشی کۆریای باشوور و ئەمەریکا پێویستە بوەستێنرێت.

ڕۆژی پێنجشەممە ئاژانسی هەواڵی دەوڵەتی کۆریای باکوور لە کاتی تاقیکردنەوەکەدا، فڕۆکە بێفڕۆکەوانە نوێیەکەی کۆریای باکوور لە ژێر ئاودا بە قووڵایی 80 بۆ 150 مەتر بۆ ماوەی زیاتر لە 59 کاتژمێر ڕۆیشتووە و بارێکی نائەتۆمی لە ئاوەکانی کەنارەکانی ڕۆژهەڵاتی خۆیدا تەقاندەوە.

شرۆڤەکاران دەڵێن کۆریای باکوور هەڕەشە ئەتۆمییە هەمەچەشنەکانی خۆی بۆ واشنتۆن و سیئۆل نیشان دەدات.

بەپێی ئاژانسی هەواڵی ناوەندی کۆریای باکوور (KCNA)، تاقیکردنەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەی کۆریای باکوور کە پێشتر نەناسرابوو و ناوی لێنراوە "هایڵ" لە ماوەی سێ ڕۆژدا لە مەشقی سەربازیدا ئەنجامدرا کە لەلایەن کیم جۆنگ ئون سەرۆکی ئەو وڵاتەیەوە ڕێنمایی دەکرێت.

ئەرکی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە بریتییە لە "دزەکردن بۆ ناو ئاوە ئۆپەراسیۆنییەکان و دروستکردنی تسونامییەکی تیشکدەر بە قەبارەی سەروو لەڕێگەی تەقینەوەی ژێر ئاوەوە بۆ لەناوبردنی گروپە هێرشبەرە دەریاییەکان و بەندەرەکانی ئۆپەراسیۆنە گەورەکانی دوژمن".

بەپێی هەواڵێکی KCNA، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە ڕۆژی سێشەممە لە کەناراوەکانی ناوچەی ڕیون لە کۆریای باکوور هەڵدراوە و بۆ ماوەی زیاتر لە 59 کاتژمێر لەناو ئاودا ماوەتەوە و نەخشی هێلکەیی و فیگەری هەشت ئەنجامداوە، پێش ئەوەی سەرە جەنگییە ساختەکەی لە نزیک "بەندەرێکی ساختەی دوژمن " لە کەنداوی هۆنگۆن بتەقێنێتەوە .

ئاماژەی بەوەشکردووە، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە "دەتوانرێت لە هەر کەناراوێک و بەندەرێکدا جێگیر بکرێت یان لەلایەن کەشتییەکی سەرزەوییەوە ڕابکێشرێت".

لە ساڵی 2019ەوە کۆریای باکور زۆرجار پەردەی لەسەر سیستەمی نوێی چەکی لادەدا کە زۆربەیان بە وتەی خۆی توانای ئەتۆمییان هەیە. تا ئێستا ڕوون نییە کە ئایا کۆریای باکوور سەرکەوتوو بووە لە دروستکردنی سەری جەنگی بچووک کە بتوانێت لەسەر مووشەک دابنرێت یان نا.

پیۆنگ یانگ بانگەشەی ئەوە دەکات کە دوایین تاقیکردنەوەکانی وەڵامێکە بۆ مانۆڕە سەربازییەکانی ئەمەریکا و کۆریای باشوور، کە لە وەڵامی ژمارەیەکی بێوێنەی هەڵدانی مووشەکی کۆریای باکوور و هەڕەشەکانی دیکە زیادی کردووە.

شرۆڤەکارانی بەرگری دەڵێن، پێدەچێت نوێترین چەکی کۆریای باکوور هەوڵێک بێت بۆ دووبارەکردنەوەی چەکی ئەتۆمی پۆسێدۆنی ڕووسیا کە پۆلێکی نوێی چەکی ئەتۆمییە و لە بنەڕەتدا یەکتربڕینێکە لە نێوان تۆرپیدۆیەکی گەورە و فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ژێر ئاودا.

ڕووسیا لە سەرەتای ئەمساڵدا بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە یەکەم وەجبەی پۆسێدۆنی خۆی دروستکردووە، بەڵام تا ئێستا ڕوون نییە کە ئایا ئەو چەکە پێشکەوتووە جێگیرکراوە یان نا.

شرۆڤەکاران دەڵێن ئەگەر بەڕاستی کۆریای باکوور چەکی ئەتۆمی ژێر ئاوی خۆی دروست کردبێت، ئەوا جیاوازییەکی گرنگ لە نێوان وەشانی ڕووسی و کۆریای باکووردا دروست دەبێت.

پۆسێدۆنی ڕووسیا پاڵنەری ئەتۆمی بەکاردەهێنێت کە لە بنەڕەتدا مەودای بێ سنووری پێدەبەخشێت. وە مۆسکۆ دەڵێت دەتوانرێت لە ژێردەریاییەکەوە هەڵبدرێت، ئەمەش زۆری دەکات بۆ نەیارەکان بۆ دەستنیشانکردن.

کۆریای باکوور خاوەنی پاڵنەری ئەتۆمی دەریایی نییە و پێدەچێت تەنها یەک ژێردەریایی مووشەکی بالیستیکی هەبێت کە کەشتییەکی تاقیکارییە، کە توانای مامەڵەکردنی لەگەڵ چەکێکی لەو شێوەیەی نەدەبوو.

بەڵام کۆریای باکوور پێویستی بەو بەرگەگرتنە نابێت کە لەگەڵ پاڵنانی ئەتۆمیدا دێت ئەگەر ئامانجەکە ئەوە بێت کە بتوانێت بگاتە شاری بوسان لە باشووری کۆریای باشوور یان ئامانجەکانی دیکەی کەنار دەریاکانی نزیک.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG