Accessibility links

فۆرین پاڵیسی بنکە لە ئەمەریکا ڕاپۆرتێکی نەرێنی لەسەر هەرێمی کوردستان بڵاو دەکاتەوە


گۆڤاری فۆرین پاڵیسی (ڕێبازی دەرەوەیی) بنکە لە ئەمەریکا لە ڕاپۆرتێکیدا لە ژێر ناونیشانی "ماڵە کارتۆنییەکەی هەرێمی کوردستان لە لێواری ڕووخاندایە" باس لە نایەکسانی، نەبوونی ئازادی و دادپەروەری و جیاوازی چینایەتی لە نێو دانیشتوانی هەرێم دەکات و دەڵێت "دابەشبوون و سەرکردە حزبییەکان کە بەردەوام ئازادی ڕادەربڕینی هاووڵاتیان ڕەتدەکەنەوە، دامەزراوە سیاسییەکانی هەرێمەکەیان تێکشکاندووە."

هەروەها دەشڵێت " نایەکسانی ئابووری و نەبوونی دەرفەت" وای کردووە کە خەڵکی لە پێناو دۆزینەوەی ژیانێکی باشتر کۆچ بکەن بۆ دەرەوەی وڵات.

لە ڕاپۆرتەکەی کە لەلایەن نوسەر وینترپ ڕاجەرس نوسراوە دەشڵێت "ژیانی ڕۆژانەی زۆربەی کوردەکانی عێراق بەتایبەتی لە شارە بچوکەکانی وەک چەمچەماڵ زۆر جیاوازە لەگەڵ ئەو دەستەبژێرەی کە نزیکن لە حزبەکانەوە و لە شوێنە گرانبەهاکان لە هەولێر و سلێمانیدا دەژین. ئەم جیاوازییە زۆرجار لەلایەن دیپلۆماتکار و سەردانیکەرانی ڕۆژئاواییەوە چاوپۆشی لێدەکرێت کە بەردەوام لەگەڵ بەرپرسانی حزب و سەرکردەکانی بازرگانی و گەنجانی خوێندەوار لە زانکۆ ئەهلییەکاندا کۆدەبنەوە."

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوەش دەکات دەسەڵات لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و لەلاین یەکێتی نیشمانی کوردستان لە سلێمانی قۆرخ کراوە. باس لەوەش دەکات هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایش لە هەر زۆنێک سەر بە حزبی دەسەڵاتدارن.

ڕۆژنامەوان نیاز عەبدوڵا بە گۆڤاری فۆرین پاڵیسی ڕاگەیاندووە بە پێی یاسای هەرێمی کوردستان " نابێت پارتە سیاسییەکان هێزی چەکدارییان هەبێت. بەڵام پەیڕەوکردنی ئەم یاسایە پشتگوێ خراوە." ئەو دەشڵێت " هەر کاتێک ناکۆکی لە نێوان پارتە سیاسییەکان دروست دەبێت مەترسی هەڵگیرسانی شەڕی چەکداری دروست دەبێت."

ئەمە لە کاتێکدایە بەرپرسانی هەردوو حزبی دەسەڵاتداری هەرێم هەمیشە ئەگەری شەڕی چەکدارییان بە دوور زانیوە و بەم دواییە لە میانەی دیداری هەولێر سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی جارێکی تر جەختی لەوە کردەوە کە یەکێتی و پارتی ئەو قۆناغەیان تێپەڕاندووە و هەرگیز ناگەڕێنەوە ئەو قۆناغە.

بەڵام ڕاپۆرتەکەی فۆرین پاڵیسی دەڵێت "هەم پارتی دیموکراتی کوردستان و هەمیش یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئازادی ڕادەربڕین لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیاندا بەرتەسک دەکەنەوە، ڕێگری لە دەربڕینی ناڕەزایەتی دەکەن. ڕۆژنامەنووسانی کوردی عێراق بە بەردەوامی دەستگیر دەکرێن یان بە شێوەیەکی تر ڕێگرییان لێدەکرێت بۆ ڕووماڵکردنی هەواڵەکان. ڕێکخراوێکی چاودێری ناوخۆیی ساڵی ڕابردوو لانیکەم 431 سەرپێچی تۆمار کردووە."

دواینڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاش لەسەر پراکتیزەکردنی مافی مرۆڤ لە ساڵی 2022 لە جیهاندا، لەبەشی عێراقدا باسی هەرێمی کوردستانیشی کردووە و ئاماژە بەوە دەکات کە پارتی و یەكێتی هەر یەکەو یەکەیەکی هێزی پێشمەرگە کۆنترۆڵ دەکەن و هێزی جیاوازی پۆلیسیشیان هەیە کە وەزارەتی ناوخۆ کەمترین دەسەڵاتی بەسەریانەوە هەیە. هەروەها باس لە دوو دەزگای ئاسایش و هەواڵگریش دەکات لە هەرێمدا. ئاماژەی بەوەش کردبوو کە بە پێی ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ هێزەکان زۆربەی جار یاساکان پێشێل دەکەن. هەروەها باس لە پێشێل کارییەکانی دژ بە ڕۆژنامەوانان و دەستگیرکردنیان و جیاوازی کردن لە دەستڕاگەیشتنی کەناڵەکان بە زانیارییەکان دەکات و دەڵێت " لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی، کەناڵی کوردستان تی ڤی، ڕووداو و کوردستان24 دەستیان بە هەموو شوێنە گشتییەکان و زانیارییەکان ڕادەگات لە کاتێکدا لە سلێمانی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی، کوردسات نیوز و گەلی کوردستان بە هەمان شێوەن. بە پێچەوانەوە، ئەو دەزگایانەی سەر بە پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانن یان پەیوەندییان بە حزبەوە نەبووە، دەستڕاگەیشتنیان بە زانیارییە گشتیەکان لە هەرێمی کوردستاندا سنووردار بوو."

ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوە، ئاماژەشی بۆ دەستگیرکردنی سنور کەریم، پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا لە سلێمانی کرد و تیایدا نووسراوە "لە میانەی ناڕەزایەتییەکان لە هەرێمی کوردستانی عێراق لە مانگی هەشت کە پارتی نەوەی نوێی ئۆپۆزسیۆن داوای ئەنجامدانیانی کردبوو، هێزەکانی ئاسایش دەیان چالاکوان و ڕۆژنامەوانیان دەستگیرکرد و ڕێگرییان لە ڕۆژنامەوانان گرت ڕووماڵی ناڕەزایەتییەکان بکەن. هێزەکانی ئاسایش لە سلێمانی، سنور کەریم، پەیامنێری دەنگی ئەمەریکایان بۆ ماوەی 20 کاتژمێر دەستگیرکرد و مۆبایلەکەیان پشکنی بەبێ ئەوەی مۆڵەتی ئەو کارەیان لەلایەن دادوەرەوە هەبێت."

نوسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکادا ڕایگەیاند " لە هەرێمی کوردستان ئەوپەڕی ئازادی بیروڕا و ئازادی ڕاگەیاندن هەیە و سەدان دەزگای ڕاگەیاندنی جۆراوجۆی ڕاگەیاندن هەن کە بە ئازادی کاری خۆیان دەکەن و زۆربەشیان رەخنەگری دەسەڵاتن و یاسا و رێنمایی و میکانیزمەکانی حکومەتی هەرێم لە بواری ئازادی بیرو ڕا و ئازادی ڕاگەیاندن، ڕوون و ئاشکران بەڵام راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پشت بە چەند سەرچاوەیەکی نافەرمی و دەزگای میدیایی دەبەستێت کە هەڵوێستەکانیان سیاسین و خۆیان دژی ئەم دەسەڵاتەن و ئۆپۆزیسیۆنی سیاسین و دەیانەوێ بۆ مەرام و ئامانجی سیاسی خۆیان ڕاستییەکان بشوێنن."

سەبارەت بە دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان نوسینگەکەی دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت "دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان لە هەرێمی کوردستان لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە سەرپەرشتی دەکرێن کە دامەزراوەیەکی حکومەتی هەرێمە و بەرپرسیارە لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری هەرێم و ئەرک و بەپرسیاریەتییەکانی لەسەر بنەمای لامەرکەزی بەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دابەشکراوە هاوکات پابەندە بە چەسپاندنی سیاسەتێکی ئەمنی یەکگرتوو."

بەڵام بەشدار حەسەن، پارێزەر و داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان لە بارەی ڕاگەیاندنەکەی نوسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت،" له برى ئەوەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان پاکانە بۆ دەسەڵات بکات، وا باشترە پەنجە لەسەر برینەکان دابنێن و چارەسەری بکەن."

XS
SM
MD
LG