Accessibility links

ساڵی نوێی خوێندن لە ئەفغانستان دەستپێدەکات و هێشتا کچانی قۆناغی ئامادەیی بێبەشن لە خوێندن


وەزارەتی پەروەردەی ئەفغانستان ڕایگەیاند، ساڵی خوێندنی ئەفغانستان لە سێشەممەوە دەستیپێکردووە، لەکاتێکدا دەزگای مافی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان داواکاری بۆ ڕێگەدان بە خوێندنی کچانی نەوجەوان دووپاتدەکاتەوە.

ساڵێک لەمەوبەر، دوای ئەوەی ئاماژەیان بەوەدا کە قوتابخانە بۆ هەموو قوتابیان دەکەنەوە، دەسەڵاتدارانی تاڵیبان پاشگەزبوونەوە و ڕێگەیان نەدا کچانی قۆناغی ئامادەیی بگەڕینەوە پۆلەکانیان ئەمەش ناڕەزایەتییەکی زۆری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە و بووەتە هۆی ئاستەنگ لە هەوڵەکانی تاڵیبان بۆ بەدەستهێنانی دانپێدانانی فەرمی نێودەوڵەتی.

لەو کاتەوە قوتابخانە سەرەتاییەکانی کچان بە کراوەیی ماونەتەوە بەڵام زۆربەی قوتابخانە ئامادەییەکان داخراون و تاڵیبان لە مانگی 12دا کچانی لە چوون بۆ زانکۆ قەدەغە کرد، ئەمەش توڕەیی و ناڕەزایەتی لە هەندێک لە شارەکانی ئەفغانستاندا لێکەوتەوە.

نووسراوێکی وەزارەتی پەروەردە کە دەستپێکی فەرمی ساڵی خوێندن پشتڕاست دەکاتەوە دوای پشووی زستانە لەم هەفتەیەدا هیچ باسێک لە هیچ گۆڕانکارییەک لە دەستڕاگەیشتنی کچان بە خوێندن نەکراوە.

سەرۆکی دەزگای منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان ڕایگەیاند دەسەڵاتداران پێویستە قوتابخانەکان بەڕووی هەموو خوێندکاراندا بکەنەوە بۆ ئەوەی بتوانن دەستبکەنەوە بە پەیوەندی کۆمەڵایەتی و بنیاتنانی کارامەیی و هەروەها فێربوونی ئەکادیمی.

فران ئێکویزا، نوێنەری یونیسێف لە ئەفغانستان دەڵێت "لەگەڵ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن لە ئەفغانستان، ئێمە دڵخۆشین بە گەڕانەوەی ملیۆنان کوڕ و کچ بۆ پۆلەکانی قوتابخانە سەرەتاییەکان. لەگەڵ ئەوەشدا، ئێمە بە قووڵی نائومێد بووین کە نەبینین کچانی نەوجەوانیش بگەڕێنەوە بۆ پۆلەکانیان".

لە کاتێکدا زۆرێک لە ژنانی ئەفغانی بەردەوام بوون لە داوای کردنەوەی قوتابخانەکان، ژمارەی ناونوسکردن لە قوتابخانە ئاینییەکانی ژنان - کە تاکە بژاردەیە ماوەتەوە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا بەرزبووەتەوە.

لە پارێزگای کندوز، یەکێکە لە ژمارەیەک لە پارێزگاکانی باکوور کە ساڵی ڕابردوو هەندێک قوتابخانەی ئامادەیی کچان بە بە هێمنی کراوە مابوونەوە، دەسەڵاتداران دەڵێن ئێستا داخراون.

محەمەد ئیسماعیل ئەبو ئەحمەد، سەرۆکی بەشی پەروەردەی کندوز بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند "ئەمساڵ قوتابخانەکان بەڕووی پۆلی شەشەم بۆ کچان کراوەن، چاوەڕێی ئاگادارکردنەوەی زیاترین سەبارەت بە پۆلە ناوەندییەکان".

کچانی ئەفغانی لە یەکێک لە مەدرەسە ئیسلامییەکانی ناوچەیەکی دووردەستی کابوڵ. 13ی دووی 2023
کچانی ئەفغانی لە یەکێک لە مەدرەسە ئیسلامییەکانی ناوچەیەکی دووردەستی کابوڵ. 13ی دووی 2023

لە کابولی پایتەخت، ڕۆژی سێشەممە کردنەوەی قوتابخانەکان سنووردار دەرکەوت لە کاتێکیشدا کەوتە ڕۆژی نەورۆزەوە کە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە ئەفغانستان ئاهەنگ دەگێڕدرێت و پێشتر پشووی فەرمی بووە.

دەسەڵاتدارانی تاڵیبان ساڵی ڕابردوو ڕایانگەیاند کە نەورۆز وەک پشووی فەرمی ناناسن، هەرچەندە ڕێگرییان لە خەڵک نەکردووە کە بە شێوەیەکی تایبەت ئاهەنگ بگێڕن.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG