Accessibility links

سەرۆکی ئێران پێشوازی لە بانگهێشتنامەکەی شای عەرەبستانی سعودیە دەکات


بەرپرسێکی ئێرانی ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند، ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆکی ئێران "پێشوازی" کردووە لە بانگهێشتنامەکەی شا سەلمانی عەرەبستانی سعودیە بۆ گەشتێکی بۆ ئەو شانشینە دوای ڕێککەوتنی ئاشتەوایی نێوان هەردوو وڵات.

محەمەد جەمشیدی، جێگری سەرۆکی ئەرکانی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ کاروباری سیاسی لە تویتێکدا نووسیویەتی لە نامەیەکدا بۆ سەرۆک ڕەئیسی، شا بن سەلمانی عەرەبسانی سعودیە "وێڕای پێشوازیکردن لە ڕێککەوتنی هەردوو وڵاتی برا، بانگهێشتی (ڕەئیسی) کرد بۆ سەردانێکی فەرمی بۆ ڕیاز و داوای بەهێزکردنی هاوکارییە ئابووری و ناوچەییەکانی کرد."

هەوەها دەشڵێت ڕەئیسی پێشوازی لەم بانگهێشتە کردووە "جەختی لە ئامادەیی ئێران بۆ پتەوکردنی هاوکارییەکان کردەوە."

ئەو دوو وڵاتە نەیاری ناوچەییە لە 10 ی ئەم مانگە ڕایانگەیاند بە ناوبژیوانی چین ڕێککەوتنێکیان کردووە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان کە حەوت ساڵە تێکچووە.

ڕیاز دوای ئەوەی خۆپیشاندەرانی ئێرانی لە ساڵی 2016دا هێرشیان کردە سەر نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانی سعودیە دوای لەسێدارەدانی نەمر ئەلنەمر، کەسایەتی ئایینی شیعە، لە سعودیە، پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێراندا پچڕاند.

ئەمە یەکێک بوو لە زنجیرەیەک خاڵی ناکۆکی نێوان دوو ڕکابەری دێرینی ناوچەیی.

چاوەڕوان دەکرێت بە پێی ڕێککەوتنەکە ئێرانی زۆرینەی شیعە و عەرەبستانی سعودیەی زۆرینە سوننە لە ماوەی دوو مانگدا باڵیۆزخانە و نوێنەرایەتییەکانیان لە وڵاتەکانی یەکتردا بکەنەوە و ڕێککەوتنەکانی هاوکاری ئاسایشی و ئابووری کە زیاتر لە 20 ساڵ لەمەوبەر لە نێوانیاندا واژۆکراون جێبەجێ بکەن.

حسێن ئەمیر-عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی یەکشەممە لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هەردوو وڵات ڕێککەوتوون لەسەر ئەنجامدانی کۆبوونەوەی نێوان دیپلۆماتکارە باڵاکانیان.

ئاماژەی بەوەشکرد، سێ شوێن بۆ گفتوگۆکان پێشنیار کراوە، بەبێ ئەوەی دیاری بکرێت کامیان.

چەندین وڵاتی کەنداو لە ساڵی 2016دا دوابەدوای ڕیاز پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تاراندا پچڕاند، هەرچەندە میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب (ئیمارات) و کوەیت لەم دواییانەدا پەیوەندییەکانیان ئاسایی کردەوە.

سەرچاوە: فرانس پرێس، لێدوانی بەرپسی ئێران

XS
SM
MD
LG