Accessibility links

مردنی دەگمەنی زیاتر لە 900 دۆلفین لە کەناراوەکانی فەرەنسا


دامەزراوەی توێژینەوەی ‘Pelagis’ کە بنکەکەی لە شاری لاڕۆشێلی فەرەنسایە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە تەنها لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا زیاتر لە 400 لاشەی دۆلفین لە کەناراوەکانی فەرەنسا بینروان کە ژمارەیەکی دەگمەنە.

پشکنینی سەرەتایی بۆ دۆلفینەکان دەریخستوە کە هەندێکیان چەند ڕۆژێکە مردوون و هەندێکی دیکەشیان چەند هەفتەیەک پێش ئێستا مردوون.

ئەو دامەزراوەیە دەڵێت برینی سەر لاشەی دۆلفینەکان ئەوە پیشاندەدات کە زۆربەیان بە هۆی تۆڕەکانی ماسیگرتن و ئامێرەکانی تری ماسیگرتنەوە مردوون.

لە نێوان ساڵانی 2017 بۆ 2020 تێکڕای ژمارەی ئەو دۆلفینانەی کە لە زستاندا مردوون، ژمارەکەیان 850 دۆلفین بووە، لە کاتێکدا لە نێوان زستانی ساڵی 2022 تا زستانی 2023 ژمارەی ئەو دۆلفینانەی کە مردوون، 910 دانە بوون.

مردنی زۆربەی دۆلفینەکان لە نێوان مانگەکانی دوو و سێ دا بووە، کاتێک دۆلفینەکان بەزۆری لە کەناراوەکان نزیک بوونەتەوە و بەدوای خۆراکدا گەڕاون.

زیادبوونی ڕێژەی مردنی دۆلفینەکان لە ناوچە کەنارییەکانی زەریای ئەتڵەسی لە ڕۆژئاوای فەرەنسا لە وەرزی زستانەدا نیگەرانی ڕێکخراوەکانی ژینگە و پاراستنی ئاژەڵانی لێکەوتووەتەوە.

هەندێک لە ڕێکخراوە ناحکومییەکان و زانایان داوای وەستاندنی کاتی ماسیگرتنیان کردووە لەو مانگانەدا، بەڵام حکومەت لەبری ئەوە داوای کردوە کاریگەرییەکانی ماسیگرتنی پیشەسازی لەسەر دۆلفینەکان کەمتر ببێتەوە، وەک بەکارهێنانی کامێرای ناو کەشتی یان مادەی دوورخستنەوە بۆ ئەوەی دووریان بخەنەوە.

دوای ئەوەی چەند دامەزراوەیەکی پاراستنی ژینگە سکاڵای یاساییان لە دژی حکومەت هێناوەتە ئاراوە، چاوەڕوان دەکرێت بەم زوانە دادگای باڵای کارگێڕی فەرەنسا لەو بارەیەوە بڕیاری فەرمی خۆی ڕابگەیەنێت.

سەرچاوە/ئاژانسی فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG