Accessibility links

پۆلیسی پاکستان هەڵیکوتایە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی عمران خان و 30 کەسی دەستگیرکرد


پۆلیسی پاکستان ڕۆژی شەممە هەڵیکوتایە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی عمران خان، سەرۆک وەزیرانی پێشووی پاکستان لە لاهور و 30 کەسی دەستگیرکرد.

ئەفسەری پۆلیسی بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەکە ئاماژەی بەوەکردوە کە مەبەست لە هێرشەکە لابردنی ئەو بەربەستە بووە کە ئەندامانی حزبەکەی عمران خان و لایەنگرانی دروستیان کردووە.

بە وتەی ناوبراو لایەنگرانی عمران خان بە فڕێدانی بەرد و کۆکتێل مۆلۆتۆڤ ڕووبەڕووی پۆلیس بوونەتەوە و کەسێکیش لە سەربانەوە تەقەی کردوە، بەڵام هیچ کەسێک بریندار نەبووە.

عمران خان کە بە تۆمەتی فرۆشتنی دیاری حکومی و شاردنەوەی سەروەت و سامانەکەی گەڕاوەتەوە بۆ پاکستان بۆ بەشداریکردن لە دانیشتنی دادگادا، لە کاتی هێرشەکەدا لە ماڵەوە نەبووە.

ئەو پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە پۆلیس هەڵیکوتاوەتە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی لە لاهور لەکاتێکدا هاوسەرەکەی بە تەنها لە ماڵەوە بووە.

بە وتەی شایەتحاڵان، پۆلیس لە ڕێگای گازی فرمێسکڕێژەوە، کۆبوونەوەی لایەنگرانی عمران خانی بڵاوەپێکردووە.

دوای ئەوەی دادگای باڵای پاکستان ڕۆژی هەینی فەرمانی دەستگیرکردنی سەرۆک وەزیرانی پێشووی پاکستانی هەڵپەسارد و ڕێگەی پێدا سەفەری ئیسلام ئاباد بکات، چاوەڕوان دەکرا ناوبراو لە دادگا ئامادە بێت، بەڵام پارێزەرەکەی بە ئاماژەدان بە دۆخی تایبەتی عمران خان داوای کرد کە لە ئامادەبوون لە دادگا بێبەری بکرێت.

عمران خان لە مانگی چواری ساڵی ڕابردوو لە ئەنجامی دەنگدانی پەرلمان بۆ متمانە لێسەندنەوە، لە پۆستەکەی دوورخرایەوە. ئەو سیاسەتمەدارە تەمەن 70 ساڵە، بە ڕەتکردنەوەی تۆمەتەکانی فرۆشتنی دیاری حکومەت و شاردنەوەی سەروەت و سامانەکەی، سەرۆکوەزیرانی ئێستای پاکستان و ئەمەریکا تۆمەتبار دەکات بە پیلانگێڕی بۆ دەرکردنی، تۆمەتێک کە هەم شەهباز شەریف و هەمیش جۆو بایدن بە توندی ڕەتیان کردۆتەوە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG