Accessibility links

ئێران لە ماوەی یەک ساڵدا، 617 کەسی لەسێدارەداوە


ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕیکخراوی مافی مرۆڤی هرانا سەبارەت بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران دەڵێت لە ماوەی ساڵێکدا نزیکەی 30 هەزار کەس بە هۆی بیروباوڕی سیاسی و ئائینییەوە لە ئێران دەستبەسەر کراون و زۆربەی دەستگیرکردنەکانیش لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانەی ئەو وڵاتەدا ئەنجامدراون.

ڕاپۆرتەکە باس لەوە دەکات کە لە 21ی مانگی 3ی ساڵی 2022وە تا 16ی مانگی 3ی ساڵی 2023، 29 هەزار و 688 کەس لە ئێران دەستبەسەر کراون کە 28 هەزار و 419 دۆسیەیان پەیوەندییان بە "مافی ئازادی بیرکردنەوە و ڕادەربڕین"ەوە هەبووە.


بە پێی ڕاپۆرتەکەی ئەو ڕێکخراوەی مافەکانی مرۆڤ، بەشێکی دیکەی دەستگیرکراوان بریتی بوون لە دەستبەسرکردنی 328 چالاکی مافەکانی ژنان، 258 چالاکی سەندیکایی، 235 چالاکی نەتەوەیی و 169 چالاکی کەمینە ئایینیەکان.

بەرپرسی دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێران 13ی ئەم مانگە بە بێ ئاماژەدان بە کۆی گشتیی ئەو کەسانەی لە کاتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکاندا دەستبەسەر کراون، ڕایگەیاند کە 22 هەزار کەس لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی شەش مانگی ڕابردوودا کەوتوونەتە بەر لێبوردنی گشتی ڕێبەری باڵای ئێران و ئازاد کراون.

بە پێی ڕاپۆرتەکەی هرانا، دادگاکانی گشتی و شۆرشی کۆماری ئیسلامی لە سەرانسەری وڵاتدا لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، بڕیاریان لەسەر 1075 دۆسیە دەرکردووە.

بڕیارەکانی دادگا جگە لە دەرکردنی هەزاران مانگ سزای زیندانیکردن، غەرامەشی لە خۆ گرتوە کە کۆی گشتی بڕی غەرامەکانیش بە 11 ملیار و 101 ملیۆن تۆمانی ئێرانی دەخەمڵێندرێت.

هرانا سەرەڕای ئاماژەدان بە ژیانی قورسی ژنانی ئێران لە ماوەی ساڵی رابردوودا، نووسیوێتی کە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا لانیکەم 39 حاڵەتی کوشتنی ژنان پەیوەست بە توندوتیژی خێزانی، 14 حاڵەتی کوشتن لە ژێر ناوی شەرەف لەلایەن بنەماڵەکانەوە و 11 حاڵەتی لێدانی توندی ژنان لەلایەن پۆلیسی ئاکاری ئێرانەوە پشتڕاستکراونەتەوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە لە ماوەی ئەم یەک ساڵەدا لانیکەم 617 هاوڵاتی لەسێدارە دراون کە 13 ژن و شەش منداڵیان تێیدا بووە و 136 کەسیش سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە. ئەم ئامارە بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو زیاتر لە %80 زیادی کردووە.

سەرچاوە/ماڵپەڕی هرانا/ڕادیۆ فەردا

XS
SM
MD
LG