Accessibility links

سەرکردەکانی سربیا و کۆسۆڤۆ بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاشتی بە نێوندگیری ئەوروپا کۆبوونەوە


سەرکردەکانی کۆسۆڤۆ و سربیا لە کاتێکدا لە ژێر فشارێکی زۆردان بۆ ڕێککەوتنێک لە پێناو ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان، ڕۆژی شەممە 18ی ئەم مانگە بۆ دوایین خولی دانوستانەکان لەسەر ڕێککەوتنێک بە سەرۆکایەتی یەکێتی ئەوروپا کۆبوونەوە.

کۆبوونەوەی ئەو دوو وڵاتە ڕەکابەرە و لایەنە ئەوروپاییەکان لە باکوری مەقدۆنیا دوای ئەوە دێت کە مانگی ڕابردوو هەردوو وڵات نەیانتوانی لە برۆکسل بگەنە ڕێککەوتن، لەو شوێنەی کە پلانی ئاشتی نێوان ئەو دوو وڵاتە ئاشکراکرا و سەرۆکی هەردوو وڵات ناکۆکییەکی زۆریان بەرامبەر بە یەکتر نیشاندا.

بەڵگەنامە 11 خاڵییەکە، ڕێککەوتنێکی خستەڕوو کە تێیدا هاتووە هیچ کام لە لایەنەکان بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەک، پەنا بۆ توندوتیژی نەبەن و هەروەها هەوڵی ڕێگریکردن لە پەیوەندیکردنی ئەوی دیکە نەدەن بۆ چوونە ناو یەکێتی ئەوروپا یان دەزگا نێودەوڵەتییەکانی دیکە، بەتایبەتی ئەمە داواکارییەکی سەرەکییە کۆسۆڤۆویە.

سربیا لە مێژە ڕەتیکردووەتەوە دان بە ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی تاکلایەنەی کۆسۆڤۆدا بنێت کە لە ساڵی 2008دا ئەنجامدراوە، بەم هۆشەوە شەڕ و ئاڵۆزی بەردەوام لە نێوان بەلگراد و پارێزگا جیابووەکەی پێشوویدا سەریهەڵداوە.

دوابەدوای دانوستانەکان لە برۆکسل، ئەلێکساندەر ڤوچیچ ، سەرۆکی سربیا سوێندی خوارد کە هەرگیز دان بە پریشتینادا نانێت و ڕێگاش نادات کە سەربیا بچێتە ناو هاوپەیمانی ناتۆ یان نەتەوە یەکگرتووەکانەوە.

پێش دانیشتنەکان کە جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا میوانداریی دەکرد، ڤوچیچ تۆنێکی سەرپێچیکارانەی هەبوو. سەرۆکی سربیا ڕۆژی پێنجشەممەش لە لێدوانێکیدا بە ڕۆژنامەنووسان گوت "پلانم نییە هیچ شتێک واژۆ بکەم" و گوتیشی "کۆبوونەوەکە مێژوویی و زەمینەساز نابێت".

دوایین خولی دانوستانەکان دوای چەند مانگێک لە نێوندگیری یەکێتی ئەوروپا دەستی پێکردوە، ئەمەش دوای نزیکەی 25 ساڵ لە شەڕی نێوان چەکدارە نەتەوەییەکانی ئەلبانی و هێزەکانی سرب کە دواجار لە رێگای بۆردومانی ناتۆوە کۆتایی بە ململانێکان هات.

ئەلبین کورتی سەرۆک وەزیرانی کۆسۆڤۆ لەبارەی ڕێککەوتنەکەوە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند " دانیشتنەکان سەرکەوتوو بێت یان نا، ئێوە زۆر باش دەزانن کە ئەمە تەنیا پەیوەست نییە بە منەوە".

شیکاران دەڵێن واژۆکردنی ڕێککەوتنێک خۆی نیشانەی کۆتایی هاتنی ململانێکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە نییە.

بەڕێوبەرایەتی کورتی هیواخوازە ڕێککەوتنێک بکرێت کە ڕێگە بە چوونە ناوەوەی کۆسۆڤۆ بۆ ناو دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان بدات.

ڤوچیچ، سەرۆکی سڕبیا ڕایگەیاندوە کە حکومەتەکەی لەژێر فشارێکی تونددایە بۆ ئەوەی بگەنە ڕێککەوتنێک.

بەشێکی زۆری دانیشتوانی سربیا کۆسۆڤۆ وەک خاک و زێدی خۆیان دەزانن کە بۆ چەندین سەدە کەوتۆتە ژێر هێرشی کەسانی دەرەکییەوە.

ڕۆژی هەینی لە بەلگرادی پایتەختی سربیا، هەزاران کەس دژی ئەنجامدانی ڕێککەوتن لەگەڵ کۆسۆڤۆ گردبوونەوە.

کۆسۆڤۆ نزیکەی 120 هەزار سربی تێدایە، کە زۆربەیان لایەنگری بەلگرادن، بەتایبەتی لە ناوچەکانی باکووری نزیک سنووری سربیا کە زۆرجار ئاڵۆزی و ناڕەزایەتی و توندوتیژی ناوبەناو ڕوودەدات.

سەرچاوە/ ئاژانسی فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG