Accessibility links

چالاکوانێکی ژن چەند کاتژمێرێک دوای ئازادکردنی لە ئێران دەستگیردەکرێتەوە


چالاکوان و ڕۆژنامەنووسی ئێرانی سەپیدە قولیان دوای ئازادکردنی گوڵێکی بەدەستەوەیە لە دەرەوەی دیوارەکانی زیندانی ئەڤین لە تاران .

چالاکوانانی ئێران ڕۆژی پێنجشەممە ڕایانگەیاند، دوای چەند کاتژمێرێک لە ئازادبوونی لە زیندان و دروشمەکانی دژی ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری ئێران، هێزە ئەمنییەکانی ئێران سەپیدە قولیان، چالاکوان و ڕۆژنامەنووسێکی دیاری ئێرانیان دەستگیرکردەوە.

قولیان تەمەن 28 ساڵ، دوای ئەوەی زیاتر لە چوار ساڵ لە زیندان، ڕۆژی چوارشەممە لە زیندانی ئێڤینی تاران ئازادکرا، دوای ئەوەی سزایەکی پەیوەندیدار بە ڕاپۆرتکردنی لەسەر بزووتنەوەی مانگرتن لە ساڵی 2018دا هەبوو.

بەپێی ئاژانسی هەواڵی چالاکوانانی مافی مرۆڤ کە بنکەکەی لە ئەمریکایە، درەنگانی ڕۆژی چوارشەممە قولیان لە کاتێکدا لەلایەن بنەماڵەکەیەوە لە تارانەوە بەرەو ماڵەکەیان لە دەزفول لە پارێزگای خوزستان لە باشووری ڕۆژئاوای ئێران دەگوازرایەوە، دەستگیرکرایەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هیچ زانیارییەک نییە لەسەر ئەوەی کە لە کوێ دەستبەسەرکراوە و بە چی تۆمەتبار کراوە.

ڕاستەوخۆ دوای ئازادبوونی لە زیندانی ئێڤین، لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لە هەژمارەکانی سۆشیال میدیادا بڵاویکردەوە، بە سەرپێچییەوە دروشمی دژی خامنەیی هاوار کردبوو.

دوو جار هاوارێکی کرد و وتی: "خامەنەیی ستەمکار، زوحاک ئەتکێشینە ژێری خاک!". و دواتر لە تویتەکەیدا نووسیویەتی: ئەمجارە بە هیوای ئازادی ئێران هاتمە دەرەوە! بە هیوای ئازادکردنی ئازیزانم، سپێدە کاشانی، نیلوفەر بەیانی، زەهرا زەهتابچی، بەهارە هیدایەت، گۆڵڕوخ ئیرایی، ناهید تاگوی و هەموو زیندانیانی سیاسی بەتایبەت ژنان.

هەروەها باڵاپۆشی نەپۆشیبوو، ئەمەش وەک سەرپێچیکردن لە یاسای جل و بەرگی توندی کۆماری ئیسلامی بۆ ژنان و لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا داوای ئازادکردنی ئەو ژنانەی دیکەی کردووە کە لەلایەن چالاکوانانەوە وەک زیندانی سیاسی سەیر دەکرێن.

ڕاپۆرتەکانی میدیاکانی بنکە لە دەرەوەی ئێران باس لەوە دەکەن کە دەستگیرکردنی کە لەسەر ڕێگایەکی نزیک لە شاری ئەراک لە ناوەڕاستی ئێران ڕوویداوە، ڕووبەڕووبوونەوەی خێزانەکەی و هێزە ئەمنییەکانی بەخۆیەوە بینیوە.

تەلەفزیۆنی ئێرانی نێودەوڵەتی ڕایگەیاندووە، سەرەتا دایکی بە ئۆتۆمبێلی پۆلیسیش بردراوە بەڵام دواتر لە کەناری ڕێگاکە فڕێدراوە، چونکە ئۆتۆمبێلەکە بە خێرایی لەگەڵ کچەکەیدا لەناوەوە ڕۆیشتووە.

هەروەها باس لەوەش کراوە، چەند کەسێک کە فیلمی دەستبەسەرکردنی سپیدە قولیانیان گرتووە، دەستبەسەر کراون و هیچ هەواڵێک لە چارەنووسیان نییە.

لە زینداندا، قولیان لە ڕێگەی نامە و پەیامەوە بۆ لایەنگرانی، بووەتە دەنگێکی بەهێز لە دژی ئەو دەستدرێژیانەی کە بە وتەی خۆی لە زیندانەکانی ئێراندا ژنان تووشی دەبن.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG