Accessibility links

دیپلۆماتکاری باڵای تورکیا سەردانی میسر دەکات


 وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوشئۆغڵو
وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوشئۆغڵو

وەزارەتی دەرەوەی قاهیرە ڕایگەیاند، دیپلۆماتکاری باڵای تورکیا سبەی شەممە سەردانی میسر دەکات، بەهۆی ئاساییکتدنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو ولاتەکەدا دوای دە ساڵ لە ناکۆکی.

ئەوەش دوای سەردانێکی مانگی ڕابردووی سامح شوکری وەزیری دەرەوەی میسر بۆ تورکیا دێت کە هاودەنگییەک بوو دوای بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی تورکیا و سوریای دراوسێی کە دەیان هەزار کەسی گیانیان لەدەستدا.

وەزارەتەکە ڕایگەیاندووە، سەردانەکەی مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ قاهیرە، "دەستپێکردنی گەڕانەوەی پەیوەندییە ئاساییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەبێت".

دوای دەرکردنی محەمەد مورسی، سەرۆک کۆماری ئیسلامیی میسر کە هاوپەیمانی تورکیا بوو لە ساڵی ٢٠١٣، پەیوەندییەکان تووشی کێشە بوون.

لەو کاتەدا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ڕایگەیاندبوو "هەرگیز" لەگەڵ "کەس" وەک عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسر قسە ناکات.

بەڵام لە مانگی یانزەدا سیسی و ئەردۆغان لە قەتەر تەوقەیان کرد، ئەوەش کە سەرۆکایەتی میسر وەک سەرەتایەکی نوێ لە پەیوەندییەکانیاندا ناوی برد و دواتر هەردوو سەرکردەکە دوای بوومەلەرزەکەی مانگی دوودا بە تەلەفۆن قسەیان کرد.

شاندێکی تورکیا لە مانگی ئایاری ٢٠٢١ سەردانی میسری کرد بۆ گفتوگۆکردن لەسەر "ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان".

بەڵام لە کاتێکدا کە ئاڵوگۆڕە دیپلۆماسییەکان سەردەمانێک چەقبەستوو بوون، بازرگانی هەرگیز نەوستا، لە ساڵی ٢٠٢٢، تورکیا گەورەترین هاوردەکاری بەرهەمە میسرییەکان بوو کە کۆی گشتی ٤ ملیار دۆلار بوو.

بەڵام ناکۆکییەکان هەروا ماون، تورکیا ماڵی ڕۆژنامەنووسانی عەرەبی تێدایە کە ڕەخنە لە حکومەتەکانیان دەگرن، بەتایبەتی میدیای میسری نزیک لە ئیخوان موسلیمین، کە گروپێکە لەلایەن قاهیرەوە لە یاسا قەدەغە کراوە.

هەروەها قاهیرە و ئەنقەرە لەسەر لیبیا ناکۆکن، کە تورکیا ڕاوێژکاری سەربازیی ناردووە بۆ پاڵپشتی هێزەکانی دژایەتی خەلیفە حەفتەری هاوپەیمانی میسر.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG