Accessibility links

بەشار ئەسەد دەڵێت تا ئەو کاتەی تورکیا لە سوریا دەرنەچێت لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کۆنابێتەوە


بەپێی وتووێژێکی لەگەڵ میدیای ڕووسیا کە ڕۆژی پێنجشەممە بڵاو کراوەتەوە، سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد گوتویەتی بە مەرجێک لەگەڵ سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغاندا کۆدەبێتەوە کە تورکیا هێزەکانی لە باکوری سوریا بکشێنێتەوە.

ئەم قسانە ڕۆژێک پاش کۆبونەوەی ئەسەد و سەرۆکی ڕووسیا ڤلادمێر پوتن بڵاو بووەتەوە ، لە کاتێکدا پوتن هەوڵی چاککردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەردۆغان و ئەسەد دەدات کە دوای هەڵگیرسانی شەڕی سوریا لە ساڵی 2011 وە پچڕاوە.

ئەسەد بە ئاژانسی دەنگوباسی دەوڵەتی ڕووسیا RIA نۆڤۆستی ڕاگەیاندووە، "(هەر کۆبوونەوەیەک) پەیوەستە بە گەیشتنمان بەو خاڵەی کە تورکیا ئامادەبێت بە تەواوی و بەبێ هیچ ناڕوونییەک بۆ کشانەوەی تەواوەتی لە خاکی سوریا."

سەرۆکی سوریا کە ڕۆژی سێشەممە گەیشتە مۆسکۆ، داوای کرد شانبەشانی کشانەوە تورکیا کۆتاییش بە "پشتیوانی لە تیرۆر" بهێنێت، کە ئاماژەیە بۆ گروپە یاخیبووەکان کە ناوچەکانی باکوری سوریایان کۆنترۆڵکردووە و دژایەتی دیمەشق دەکەن.

ئاژانسەکەی ڕووسیا لە زاری ئەسەدەوە دەشڵێت "ئەمە تەنها ڕێگەیە بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەردۆغاندا کۆببمەوە."

گوتوشیەتی" هەر جۆرە کۆبوونەوەیەک چ کاریگەرییەکی دەبێت و بۆچی ڕێکبخرێت، ئەگەر نەبێتە هۆی کۆتایی هاتنی شەڕ لە سوریا؟"

دیمیتری پێسکۆڤ وتەبێژی کرێملین ڕایگەیاند "کارەکان بەردەوامن" لەسەر ئەگەری کۆبونەوەی نێوان ئەسەد و ئەردۆغان.

پێسکۆڤ وتی "کۆبوونەوەیەکی لەو جۆرە دەبێت کۆمەڵێک ئامادەکاری بۆ بکرێت کە ئێستاش کار لەسەر ئەوە دەکرێت."

بەگوێرەی میدیاکانی تورکیا، بڕیاربوو ئەم هەفتەیە دیپلۆماتکارانی ئێران، ڕووسیا، تورکیا و سوریا لە مۆسکۆ کۆببنەوە بۆ ئەوەی زەمینە بۆ کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوە خۆش بکەن.

بەڵام کەناڵی تایبەتی ئێن تی ڤی ڕایگەیاند کۆبوونەوەکە بە هۆکاری تەکنیکی دواخراوە.

ئەردۆغان و ئەسەد لە ساڵانی 2000ەکاندا پەیوەندی دۆستانەیان دروست کرد دوای چەندین ساڵی گرژی لە نێوان وڵاتەکانیان لە پاش هەڵوەشاندنەوەی ئیپئیمپراتۆریەتی عوسمانیەوە. بەڵام ئەوە پەیوەندییە زۆری نەخایاند و لە سای 2011 وە بەهۆی شەڕی ناوخۆی سوریا جاریکی تر پیەوەندییەکان تێکچوون.

سەرچاوە: ئاژانسی فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG