Accessibility links

بەشدار حەسەن: ئاسایش و داواکاری گشتی هەولێر لە بری تۆیۆتا و دایۆ سکاڵایان لەسەر گۆهدار زێباری تۆمار کردووە


هەرچەندە بڕیاربوو پێنشجەممە 16ی مانگی سێ یەکێک لە دەستگیرکراوانی بادینان بە ناوی (گۆهدار زێباری) ئازاد بکرێت، بەڵام ڕۆژی چوارشەممە لەلایەن دادگای کەتنی هەولێرەوە بە 7 مانگ حوکمدرا بە تاوانی "گۆڕینی لۆگۆی ئۆتۆمبێلەکەی". یەکێک لە پارێزەرانی ئەو دۆسێیەش دەڵێت سکاڵەکە دەبوو لەلایەن کۆمپانیای تۆیۆتا یان دایۆوە بکرایە، کەچی ئاسایش و داواکاری گشتی هەولێر لە بری ئەوان سکاڵایان تۆمارکردووە.

پارێزەر بەشدار حەسەن بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، ئەو بابەتەی گۆهدار زێباری کاتی خۆی ئۆتۆمبێلێکی مۆدێل کۆنی جۆری دایۆی Daewooکڕبوو پێش ئەوەی دەستگیر بکرێت لەسەر بۆنیتەکەی دەبووایە لۆگۆی دایۆی لەسەر بێت، بەڵام کاتی خۆی خاوەن ئۆتۆمبێلەکە گۆڕیویەتی و کردویەتی بە لۆگۆی تۆیۆتا Toyota.

ناوەڕاستی ساڵی 2020 گۆهدار زێباری و چەند کەسێک کە دواتر بە زیندانیانی بادینان ناویان دەرکرد، بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی گشتی دەستگیرکران و هەریەکەیان بەپێی ماددەی (1) لە یاسای ژمارە 21 ی ساڵی 2003 ی پەرلەمان کە تایبەتە بە تێکدانی ئاسایشی ناوخۆ، بە 6 ساڵ زیندانیکردن سزادران.

بەڵام بەشدار حەسەن دەڵێت گۆهدار کە لە ساڵی 2020 بەو ماددەیە دەستگیرکرا لەگەڵ ژمارەیەک لە ڕۆژنامەنووس و چالاکوان و پاشان پێی حوکمدران، هیچ کارێکیان نەکردبوو کە بە تێکدانی ئاسایش دابنرێت، بەڵکو خۆپیشاندان و گردبوونەوەیان کردبوو و گروپ چاتێکیان لە سۆشیال میدیا دروستکردبوو.

ساڵی ڕابردوو سەرۆکی هەرێمی کوردستان لێبوردنی تایبەتی بۆ ئەو زیندانیانە دەرکرد، بەپێی لێبوردنەکە لە سەدا هەشتای حکومی ئەو سزادراوانە کەمکرایەوە، بەوەش گۆهدار زێباری سبەی ڕۆژی ئازادکردنی بوو.

پارێزەر بەشدار حەسەن دەڵێت: کەسوکار و دایکی(گۆهدار) بە جۆرێک ئامادەکاری بۆ سبەی ڕۆژی ئازادی (گۆهدار) بوون کە سبەی هەموومان بانگهێشتکرابوین بۆ نیوەڕۆخوان، بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ دادگای هەولێر ئەو حوکمەی دا.

‌پارێزەرەکەی (گۆهدار) ئاماژەی بەوەکرد ئەو بابەتەی ئەمڕۆ کە دادوەری دادگای کەتنی هەولێر کە گۆهدار زێباری سزا دا بە ماددەی 279 ، بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەو تۆمەتە ناڕەوایەی کە خراوەتە پاڵ گۆهدار زێباری ناگونجێت، بەڵکو ئەوە سەرپێچییە.

ئەو پارێزەرە بڕیارەکەی دادگای هەولێری بە ئابڕوچوون ناوبرد و وتی بە ڕاستی ئەوە (فضاحەتە) لەبەر ئەوەی ماددەی 279 باسی نیشانەی هاتوچۆ و ژمارەی ئۆتۆمبێل دەکات، دەڵێت ئەگەر کەسێک ئەوانە ساختە بکات پێویستە کۆمپانیای ئۆتۆمبێلەکان ئەو سکاڵایە تۆماربکەن.

بەشدار حەسەن جەختیکردەوە کە بەهیچ جۆرێک لە ڕووی یاساییەوە ناکرێت ئاسایش یان کەسێک بێت لەبری ئەو دوو کۆمپانیایە سکاڵا تۆمار بکات، ئەوە بابەتی نیشانەی بازرگانیە دەبێت یەکێک لە کۆمپانیاکان دەعواکە بجوڵێنێت کە (عنصر جزائی) تێدا نییه،‌ بەڵکو پێبژاردنه (غەرامە). وتیشی سکاڵاکە تەنها لە لایەن داواکاری گشتی و ئاسایش لەسەر گۆهدار تۆمارکراوە.

پارێزەر بەشدار حەسەن ئەوەشی وت، ئێمە دوای نەورۆز ئەو بڕیارە (تەمیز) دەکەینەوە و دڵنیاشین لە دادگای تەمیز ئەو بڕیارە هەڵدەوەشێتەوە لەبەر ئەوەی ئەو بڕیارە هەڵەیەکی زۆر زۆر گەورەیه.

بە وتەی پارێزەر بەشدار حەسەن هیچ کام لە پارێزەران ئاگاداری ئەو سکاڵایە نەبوون لە پێشتر، لەو ڕووەوە بەشدار حەسەن دەڵێت نەمانزانی ئەو سکاڵایە چۆن و لەکوێ و لەکەیەوە هاتووە؟! تەنانەت ئێمە نەمانزانیووە تیمی پارێزەران ئاگادار نەبووین ویستویانە هەر بە دزیەوە حوکمی بدەن و کەس نەیزانێت، لەکۆتا جار گۆهدار زێباری کە بردویانە بۆ دادگا خۆی تەلەفونی لە پۆلیسێک وەرگرتووە و پەیوەندی بە ئێمەوە کردووە ئێمە لە دوا ساتەکانی کۆتایی پێڕاگەیشتین بۆ ناو دادگا و پارێزەرێکم ڕەوانە کرد، چونکە خۆم لە دادگای هەولێر نەبووم بەپەلە گەیشتە ناو دادگا و پێڕاگەیشت بێ ئەوەی بوار بدەن ئێمە پەڕاوەکە بخوێنینەوە بزانین بابەتەکە چییە یەکسەر دادگا حوکمی دا بەداخەوه.

وتیشی: ئێمە هیچ ئاگادارنەبووین و هیچ کەس بە ئێمەی نەوتووە مادام موەکیل (گۆهدار) مان لە زیندان بێت پێویستە دادگایی کردنەکە ڕابگیرێت و ئاگاداری پارێزەرەکەی بکرێتەوە ، دەبووایە ئیدارەی چاکسازی بەشی یاسایی ئاگادارمان بکەنەوە، من خۆم هەفتەیەک پێش ئێستا سەردانم کردوون و سەیری پەڕاوی گۆهدار زێباریم کردووە و پێیان ڕاگەیاندم کە هیچی لەسەر نەماوە نییە و لە 16ی مانگ ئازاد دەکرێت. ئێمە تووشی شۆک بووین کە ئەمڕۆ ئەو حوکمەی دادگا درا.

بەشدار حەسەن دەشڵێت هەر لە خۆڕا ئەو سکاڵایەیان کردووە تەنها بابەتەکە سیاسیە و دەستێکی سیاسی لە پشتە و دادگا بۆتە دیلی بەردەستی ئاسایش و حزب.

دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی کرد بە وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر بەڵام ناوبراو وتی دڵنیایت سکاڵاکە لای ئێمەوە بووە؟ چونکە ئێمە جیاین لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی هەولێر ڕەنگە ئەوان بن. هەوڵەکان بۆ وەرگرتنی لایەنی ئاسایشی گشتی و داواکاری گشتی بێ ئاکام بوون.

XS
SM
MD
LG