Accessibility links

بەرپرسێکی سەربازی : نزیکەی 500 چەکداری داعش لە عێراقدا چالاکن


کاربەدەستێکی باڵای لەشکری عێراق ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند داعش هێشتا نزیکەی 500 چەکداری چالاکی لە عێراقدا هەیە و شانەکانی ئەو گروپە توندڕەوە بەردەوامن لە هێرشە ناوبەناوەکانیان.

بەڵام ژەنەڕاڵ قەیس محەمەداوی، بەشێک لە هاوپەیمانی دژە جیهادی، جەختی لەوە کردەوە کە داعش کە ئێستا لە بیابان و حەشارگەکان لە ناوچە دووردەستەکاندا جێگیربوون "توانای خۆی لەدەستداوە بۆ ڕاکێشانی ئەندامی نوێ."

نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکدا کە مانگی ڕابردوو بڵاویکردەوە، مەزەندەی کردووە کە داعش هێشتا "5 بۆ 7 هەزار ئەندام و لایەنگرانی" لە سەرانسەری عێراق و سوریای دراوسێدا هەیە، کە "نزیکەی نیوەیان چەکدارن".

ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش لە ساڵی 2014دا بە وتەی خۆی "خەلافەتی ئیسلامی" لە بەشێکی عێراق و سوریا دامەزراند و چەندین کۆمەڵکوژی و ئەشکەنجەدان و دەستدرێژی و کۆیلایەتی ئەنجام دا.

هێرشەکانی هاوپەیمانان بە پشتیوانی ئەمەریکا لە ساڵی 2017 لەعێراق و 2019 لە سوریا کۆتایی بە شکستی بە داعش هێنا لە دەستگرتن بەسەر خاکدا، بەڵام شاندەکانی ئەو ڕێکخراوە بەردەوامن لە بە ئامانجگرتنی هێزەکانی ئاسای و خەڵکی سڤیل لە هەردوو وڵاتدا.

لە کاتێکدا هەزاران چەکداری گومانلێکراو و کەسوکاری داعش لە کەمپە بەرفراوانەکانی ڕاگیراون، ژەنەڕاڵ مایکل کوڕیلا، سەرۆکی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا ڕۆژی شەممە هۆشداری دا لە مەترسییە بەردەوامەکانی داعش و گوتی " لە سەردانیکردنی ناوەندەکانی دەستبەسەرکردندا، مەترسیی ئەم کۆمەڵە چەکدارە دەستبەسەرکراوەی داعشم بینی."

وتیشی " لە نێو ئەوانەی لە سوریا دەستبەسەرکراون و ئەوانەی لە عێراق دەستبەسەرکراون، سوپایەکی ڕاستەقینەی داعش هەن لە زینداندا کە ئەگەر ئازاد بکرێن ئەوا دەبنە هەڕەشەیەکی گەورە لەسەر ناوچەکە و دەرەوەی ناوچەکەش."

جەنەڕاڵ محەمەداوی، جێگری فەرماندەی شانەی ئۆپەراسیۆنەکانی عێراق کە لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژە جیهادییەکان کاردەکات، ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند، سەدان چەکداری داعش لە عێراق چالاکن. لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا محمەداوی گوتی " بەگوێرەی زانیارییەکانی دەزگا هەواڵگرییەکان، کۆی ژمارەی ئەندامانی داعش لە 400 بۆ 500 چەکدار تێناپەڕێت، لە سێ یان چوار پارێزگادا."

ئاماژەی بەوەشکرد، گروپەکە "توانای خۆی بۆ ڕاکێشانی دامەزراوانی نوێ لەدەستداوە"، هەروەها ئاماژەی بە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی 26 ی مانگی دوو کرد کە 22 ئەندامی داعشی تێکدا کوژراوەو "کەمپێکی مەشق و ڕاهێنان"ی ڕێکخراوەکەشی لە پارێزگای ئەنبار لەناوبردووە.

ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی ڕابردوودا ڕایگەیاندبوو کە داعش زۆر کەم بووەتەوە بەهۆی "ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەکانی دژە تیرۆر" لە هەردوو وڵاتدا.

سەرچاوە: فرانس پرێس


XS
SM
MD
LG