Accessibility links

سەرچاوەیەکی نزیک لە ڕەغد سەدام بۆ دەنگی ئەمەریکا: تەنها سێ کەس شوێنی گۆڕەکەی سەدام حسێن دەزانن


گۆڕەکەی سەدام لە گوندی عۆجە لە پارێزگای سەڵاحەدین، ئەرشیف ساڵی 2008
گۆڕەکەی سەدام لە گوندی عۆجە لە پارێزگای سەڵاحەدین، ئەرشیف ساڵی 2008

پاش بڵاو بوونەوەی قسەکانی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق سەبارەت بە گواستنەوەی ئێسک و پروسکی سەدام حسێن، سەرچاوەیەکی نزیک لە ڕەغدی کچی سەدام حسێن بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند چەند مانگێک لەمەوبەر ڕەغد پێی گوتووە " تەنها سێ کەس دەزانن روفاتەکە بۆ کوێ براوەو گۆڕەکەی لە کوێیە و هەتا ئەو کاتەی عێراق لە ژێر کۆنترۆڵی ئێراندابێت ئێمە شوێنەکەی ئاشکرا ناکەین."

سەرچاوەکەی نزیک ڕەغد کە بەهۆی مەترسی ئاسایشی نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت گوتیشی " گۆڕەکەی سەدام حسێن وەکو مەزارگەی لێهاتبوو، جەماعەتی مالکی و لایەنی شیعەکانی سەر بە ئێران پێیان ناخۆش بوو بۆیە ڕێککەوتنێک کرا لەگەڵ شێخی عەشرەتەکەی سەدامدا کە ڕوفاتەکە لەو مزگەوتە دەربکەن و بیگوازنەوە بۆ شوێنێکی پارێزراو."

ئەو گوتیشی ڕوفاتەکە لە سەرەتای کۆنترۆڵکردنی تکریت لەلایەن داعشەوە گوازراوەتەوە.

هاوکاتی نزیکبوونەوەی بیستهەمین ساڵیادی ڕووخانی ڕژێمی دیکتاتۆری پێشوی عێراق سەدام حسێن لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق مستەفا کازمی لە گفتوگۆیەکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت گوتی دوای ئەوەی سەدام حسێن لەسێدارە درا " تەرمەکەیان هێنا لەبەردەم ماڵەکەی من و ماڵی نوری مالکیدا فڕێدرا، بەڵام نوری مالکی بە پاسەوانەکانی راگەیاند کە رادەستی یەکێک لە شێخەکانی خێڵی ئەلنەدا خێڵی سەدام حسێن-ی بکەن، دواتر لە تکریت بەخاکسپێردرا".

کازمی ئەوەشی ئاشکرا کرد کاتێک داعش کۆنترۆڵی ناوچەکەی کرد، گۆڕەکە هەڵدراوەتەوە و ئێسک و پروسکەکەی گواستراوەتەوە بۆ شوێنێکی نهێنی کە تا ئێستا کەس نازانێت لە کوێیە و دەستکاری گۆڕی کوڕەکانیشی کراوە.

لە وتووێژەکەیدا لەگەڵ ئەو ڕۆژنامە بەناوبانگە عەرەبییە کازمی باسی لە چەندین بابەتی گرنگی عێراق کرد لە ناویاندا گەندەڵییەکی بەرفراوان ئەو گوتی " گەندەڵی تەواوی دامودەزگاکانی عێراقی گرتووەتەوە و ئەوەش بووەتەهۆی بەهەدەردانی 600 ملیار دۆلار لە سامانی وڵات."

سەدام حسێن بەرپرس بوو لە ئەنفال و کیمابارانی هەڵەبجە و کوشتن و لەسێدارەدانی بە دەیان هەزار کەس لە ناویاندا ژن و منداڵیش. ئەو لە ساڵی 2006 لەسەر تاوانەکانی لەسێدارە درا.

XS
SM
MD
LG