Accessibility links

هێلێن قاسملوو، هاوسەری دکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو کۆچی دوایی کرد


حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کۆچی دوایی هێلێن قاسملوو، هاوسەری عەبدولڕەحمان قاسملوو، سەرۆکی پێشووی حزبەکەی راگەیاند.

کوردستان میدیا وەک ماڵپەڕی فەرمی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ڕۆژی هەینی 10ی ئەم مانگە لە هەواڵێکدا لەو بارەیەوە ڕایگەیاند "خاتوو هێلێن قاسملوو، هاوسەری شەهید دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملو کە لە نێو پێشمەرگەکانی حزبی دێموکراتدا بە خۆشکە نەسرین ناسراو بوو، لە تەمەنی 89 ساڵیدا لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا کۆچی دوایی کرد ."

دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملو لە ساڵانی پەنجاکاندا لەگەڵ خاتوون هێلێنی خەڵکی چیکۆسلۆڤاکیا یەکتر دەناسن و دواتر هاوسەرگیری دەکەن.

هێلێن تا ڕۆژی تیرۆرکردنی دکتور قاسملوو هاوسەری بووە و لە ڕێگای هاوسەرەکەشیەوە فێری زمانی کوردی و فارسی بووە و بە باشی بەو زمانانە قسەی کردوە.

هێلێن قاسملوو لە کتێبی 'ئەورووپایەک لە خاکی کورداندا' باس لە ژیان و ئەزموونەکانی خۆی کردوە لە سەردەمی سەختی خەباتی کوردا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران.

هێلێن لە ساڵی 1934 لە کۆماری چیک لەدایک بووە و لەگەڵ دکتور قاسملوو بوون بە خاوەنی دوو کچ بە ناوەکانی مینا و هیوا.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حزبی دێموکراتی کوردستان راگەیەندراوێکی لەبارەی کۆچی دوایی خاتوون هێلین بڵاو کردوەتەوە کە تێیدا وێڕای سەرەخۆشی حزبەکە لە بنەماڵەی خوالێخوشبوو، باسی ژیان وچالاکییەکانی ئەو خاتوونەی کردوە.


XS
SM
MD
LG