گڕکانی مێراپی لە ئەندەنوسیا کاتژمێر 12ی نیوەڕۆی ڕۆژی شەممە تەقیوەتەوە.
بەپێی خەمڵاندنەکان هەورە خۆڵەمێشیەکان کە بەهۆی ئەو تەقینەوەیەوە دروست بووە لە هەندێک شوێن بەرزییەکەی گەیشتووەتە ٣ کیلۆمەتر.
دوکەڵ و خۆڵەمێشەکان کە بەهۆی تەقینەوەی گڕکانی مێراپیەوە دروست بوون، ئەو گوندانەی گرتۆتەوە کە دەکەونە پەراوێزی گڕکانەکەوە.
دەوترێت تەقینەوەی گڕکانەکە هیچ زیانێکی گیانی و برینداری لێنکەوتووەتەوە.
مێراپی بە بەرزی دوو هەزار و 963 مەتر، بە چالاکترین گڕکان دادەنرێت لە ئەندەنوسیا و یەکێک لە مەترسیدارترین گڕکانەکانی جیهانە.
ئەو هاوڵاتی و دانیشتوانەی کە لە 3 بۆ 7 کیلۆمەتر لە گڕکانەکەوە دوورن، ئاگادارکراونەتەوە کە چالاکییەکانیان ڕابگرن و ناوچەکە وەک ڕێڕەوی قەدەغەکراو بۆ هاتووچۆ ڕاگەیەندراوە.
ئەندەنوسیا دەکەوێتە سەر ئەڵقەی ئاگری زەریای هێمن و لە هەموو وڵاتێکی دیکە گڕکانەکانی زیاترە.
دوایین جار مێراپی لە ساڵی 2010دا بە شێوەیەکی توندوتیژ تەقیەوە و بەو هۆیەوەش زیاتر لە 350 کەس گیانیان لەدەستدا.
سەرچاوە/ڕۆیتەرز