Accessibility links

ئێران فڕۆکەی جەنگی جۆری سوخۆی-35 لە ڕووسیا دەکڕێت


میدیاکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژی شەممە لە زاری نێردەی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاویان کردەوە کە ڕێککەوتنی کڕینی فڕۆکەی شەڕکەری سوخۆی-35 لە ڕووسیا بڕاوەتەوە.

کەناڵی IRIB لە زاری نێردەی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک بڵاویکردەوە کە فڕۆکە جەنگییەکانی سوخۆی-35 لە ڕووی تەکنیکییەوە لەلایەن ئێرانەوە قبوڵکراوە و گرێبەستیش بۆ کڕینی ئەو فڕۆکانە یەکلا بووەتەوە.

هێشتا وردەکارییەکانی ئەو ڕێککەوتنە نەخراوتەڕوو و ڕووسیاش لەو بارەیەوە بێدەنگە.
نێردەی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بێ ئەوەی ناوی هیچ وڵاتێک بخاتە ڕوو، ڕایگەیاندوە کە کۆماری ئیسلامی داوای کڕینی فڕۆکەی شەڕکەری لە چەند وڵاتێکی دیکە کردووە.

ڤلادیمیر پوتین سەرۆک کۆماری ڕووسیا لە مانگی 7 ساڵی ڕابردوو لە تاران لە دیدارێکدا لەگەڵ خامنەیی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی جەختی لە پێوەندی نزیکتری هەردوو وڵات کردەوە لە بەرامبەر گوشارەکانی ڕۆژاوا سەبارەت بە شەڕی ئۆکرانیا.

دوای هەڵمەتی پوتین لە ئۆکرانیا، پەیوەندییە سەربازییەکانی نێوان ئێران و ڕووسیا فراوانتر بووە و مۆسکۆش فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی بەکاردەهێنێت بۆ هێرشکردنە سەر هاووڵاتیانی سڤیل و پێکهاتە مەدەنییەکانی ئۆکرانیا.

کۆماری ئیسلامی فرۆشتنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بە مۆسکۆ پشتڕاست کردوەتەوە، بەڵام بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە چەند مانگێک پێش لەشکرکێش ڕووسیا فرۆشراون. سەرەڕای زۆری بەڵگەکانیش، حکومەتی ڕووسیا ڕەتیدەکاتەوە کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی بۆ هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا بەکاربێنێت.

هێزی ئاسمانی ئێران ژمارەیەکی کەم فڕۆکەی هێرشبەری هەیە کە بریتین لە فڕۆکەی شەرکەری ڕووسی و هەروەها مۆدێلە ئەمەریکاییە کۆنەکان کە پێش شۆڕشی ئێران لە ساڵی 1979 بەدەستیان هێناوە.

ئێران لە ساڵی 2018 ڕایگەیاندبوو کە دەستیان کردووە بە بەرهەمهێنانی فڕۆکەی شەڕکەری کەوسەر کە لە ناوخۆدا دیزاین کراوە بۆ بەکارهێنانی لە هێزی ئاسمانی خۆیدا.

هەندێک لە شارەزایانی سەربازی پێیان وایە ئەو فڕۆکەیە کۆپییەکە لە فڕۆکەی F-5 کە بۆ یەکەمجار لە ساڵانی شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا لە ئەمریکا بەرهەم هێنراون.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG