فەرەنسا و بەریتانیا ئێوارەی ڕۆژی هەینی لە میانەی سی و شەشەمین کۆبوونەوەی لوتکەیی هەر دوو وڵات کە لە پاریس بەڕێوەچوو، لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا سەبارەت بە چالاکییەکانی کۆماری ئیسلامی نیگەرانی خۆیان دەربڕی.
لە بەشێکی ئەو بەیاننامەیەدا کە دەقی تەواوی لەلایەن نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیاوە بڵاوکراوەتەوە، هەردوو دوو وڵات جەختیان لەسەر پێویستی کۆنترۆڵکردنی مەترسییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە و جیهاندا کردووەتەوە.
هەروەها لەو بەیاننامە هاوبەشەدا هاتووە کە فەرەنسا و بەریتانیا جەخت لەسەر ئیرادەی خۆیان دەکەنەوە بۆ ڕێگریکردنی ئێران لە دەستڕاگەیشتنی بە توانای بەرهەمهێنانی چەکی ناوکی.
بەگوێرەی ئەو بەیاننامەیە ئەو دوو وڵاتە نیگەرانن لە فراوانبوونی جددی بەرنامەی ناوکی ئێران و بە ئاماژەدان بە ڕاپۆرتی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی سەبارەت بە دۆزینەوەی گەردیلەی یۆرانیۆمی پیتێنراو بە ڕێژەی 83.7%، ڕایانگەیاندوە کە ئەو بابەتە پیشاندەری پەرەپێدانی زۆر جددی بەرنامەی ناوکی ئێرانە.
فەرەنسا و بەریتانیا لە بەیاننامەکەدا جەختیان لەوە کردووەتەوە کە چاوەڕوان دەکەن ئێران بە تەواوی هاوکاری ئاژانسەکە بکات بۆ ڕوونکردنەوەی سەرچاوەی ئەو گەردیلانە و هەروەها پابەند بێت بە جێبەجێکردنی ڕێوشوێنەکان و هەموو ئەو بەڵێنە نێودەوڵەتییانەی لەگەڵ ئاژانس نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی هەیەتی.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا دەڵێن "نیگەرانی جیددیمان هەیە سەبارەت بە چالاکییە ناسەقامگیرییەکانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەوروبەری و هەڵسوکەوتی شڕانگێزانەی ئێران بەرامبەر بە خەڵکی دانیشتووی ئەوروپا کە ئەمەش چالاکییەکانی پەیوەست بە مووشەکی بالیستیک و کروز دەگرێتەوە، لەوانەش گواستنەوەی تەکنەلۆژیای مووشەکی و گواستنەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و چەکی ئاسایی بۆ ئەکتەرە دەوڵەتی و نادەوڵەتییەکان".
سەرکردەکانی فەرەنسا و بەریتانیا سەرکۆنەی هەناردەکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانیان کردوە بۆ پشتیوانی لە دەستدرێژی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا و ڕایانگەیاندوە کە بە توندی هۆشداری دەدەینە ئێران لە گەیاندنی چەکی نوێ بۆ ڕووسیا بەتایبەتی مووشەکی بالیستیک کە دەبێتە هۆی پەرەسەندی زۆرتری گرژییەکان.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا
فەرەنسا و بەریتانیا لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا هۆشدارییان دا بە کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە چالاکییە مووشەکییەکانی
