پۆلیسی ئەڵمانیا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند؛ لە ئەنجامی تەقەکردن لە یەکێک لە کڵێساکانی پەیڕەوکارانی یەهۆڤا لە شاری هامبۆرگی ئەڵمانیا هەشت کەس کوژراون و کەسانی دیکەش برینداربوون و چەکدارەکەش لەنێو کوژراوەکاندا بووە.
لە بەیاننامەیەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، پۆلیس ڕایگەیاندووە، پێیانوایە یەک تاوانبار لە هێرشەکەی ئێوارەی پێنجشەممەدا هەبووە و لێکۆڵینەوە لە پاڵنەرەکان دەکەن.
گۆڤاری سپیگل بڵاویکردەوە، پێدەچێت چەکدارەکە ئەندامی پێشووی کۆمەڵگەی پەیڕەوکارانی یەهۆڤا بووبێت. ڕاپۆرتەکە بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەک کە ناوی نەهێنراوە، ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو کەسە تەمەنی لەنێوان 30 بۆ 40 ساڵ بووە و لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە وەک توندڕەو ناسراو نەبووە.
وتەبێژی پۆلیسی هامبۆرگ نەیتوانی وردەکارییەکان پشتڕاست بکاتەوە و ئاماژەی بە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی کرد کە پلانی بۆ دانراوە.
دوای ماوەیەکی کەم لە کاتژمێر 9ی پاشنیوەڕۆ ڕۆژی پێنجشەممە پۆلیس پەیوەندییەکی پێگەیشتوو، و ئەفسەرەکان گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و بینینان چەند کەسێک بە سەختی بریندارن و هەندێکیشیان کوژراون.
وتەبێژی پۆلیس دەڵێت "دواتر گوێیان لە تەقەیەک بووە لە سەرەوەی پەرستگاکە، چوونەتە سەرەوە و کەسێکی دیکەیان دۆزیەوەتەوە".
ڕۆژنامەی بیڵد بڵاویکردەوە، بەهۆی تەقەکردنەکەی شاری هامبۆرگ، کە دووەم شاری پڕ دانیشتوانی ئەڵمانیایە و شوێنی گەورەترین بەندەری ئەو وڵاتەیە، هەشت کەس کوژراون و چەندین کەسیش برینداربوون.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز