Accessibility links

وەزارەتی بەرگری بەریتانیا: پێدەچێت هێرشە مووشەکییەکانی ڕووسیا لە ئۆکرانیا زیاتر بێت


دوابەدوای شەپۆلی هێرشی مووشەکی کە ڕووسیا ڕۆژی پێنجشەممە لە دژی ئۆکرانیا دەستیپێکرد، وەزارەتی بەرگری بەریتانیا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، پێدەچێت ماوەکانی نێوان ئەو جۆرە هێرشانە درێژبێتەوەو بەردەوام بێت.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە؛ ڕووسیا پێویستی بە کاتە "بۆ کۆکردنەوەی بڕیکی موشەکی تازە بەرهەمهێنراو ڕاستەوخۆ لە کەرتی پیشەسازییەوە پێیبگات پێش ئەوەی بتوانێت سەرچاوەی هێرشێکی موشەکی گەورە دەستپێبکات، کە بە شێوەیەکی باوەڕپێکراو بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئۆکرانیا بۆردومان بکات."

ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو ڕووسیا ئەو هێرشە مووشەکییەی لە سەرانسەری ئۆکرانیا دەستپێکرد و بەهۆیەوە لانیکەم شەش کەس کوژران و بەوهۆیەوە سەدان هەزار کەسیش بێ سەرچاوەی گەرما و کارەبا بوون.

ئەوە گەورەترین هێرشی لەو شێوەیە بوو بۆ سەر ئۆکرانیا لە ماوەی سێ هەفتەدا، هێزەکانی ئۆکرانیا ڕایانگەیاند، لە کۆی 81 موشەک کە ڕووسیا ئاراستەی کردوون، 34 مووشەکیان خستووەتە خوارەوە کە زۆر کەمترە لە ڕێژەی ئاسایی، هەروەها چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دروستکراوی ئێرانیان خستووەتە خوارەوە.

هێرشەکان هاوکاتن لەگەڵ هەوڵێکی چڕوپڕی سوپای رووسیا بۆ کۆنترۆڵ کردنی شاری باخمووت لە هەرێمی دۆنێتسک کە زیاتر لە دوو هەفتەیە سوپای ئۆکراینا بەرگریی لێدەکات و بووەتە سیمبولی بەرگری کردن لە شەڕی یەکساڵەی وڵاتەکە

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG