Accessibility links

کامیل حاجی عەلی: کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق کۆنگرەی بزووتنەوەی هەڵوەشاندووەتەوە و داوای دووبارە ئەنجامدانەوەی دەکات


کامیل حاجی عەلی
کامیل حاجی عەلی

کێشمەکێشی نێوان عیرفان عەلی عەبدولعەزیز و کامیل حاجی عەلی لەسەر پۆستی ڕابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی بەردەوامە، هەردووکیان خۆیان بە ڕابەری بزووتنەوەکە دەناسێنن و بە جیا کۆبوونەوە بە لایەنگرانی بزووتنەوە ئەنجام دەدەن، لەکاتێکدا کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق دوا کۆنگرەی حزبەکەیانی ڕەتکردووەتەوە و داوای لێکردوون جارێکی تر کۆنگرە ببەستنەوە.

بزووتنەوەی ئیسلامی لە ڕۆژی 5/2/2022 کۆنگرەی 12 ی لە شاری هەولێر بە بەشداری نزیکەی 639 ئەندام ئەنجام دا، کامیل حاجی عەلی تەنها کاندیدبوو بۆ پۆستی ڕابەری گشتی و 265 دەنگی هێنا و نەیتوانی 50 کۆی یەکی دەنگەکان بەدەست بهێنێت. بۆیە جارێکی تر عیرفان عەلی عەبدولعەزیز وەکو ڕابەری گشتی بزووتنەوە دەست بەکاربوویەوە، هەرچەندە خۆی کاندید نەکردبوو، بە پاساوی ئەوەی کۆنگرە ڕایسپاردووەتەوە و کامیل حاجی عەلی دەنگی پێویستی نەهێناوە، ئەمەش وایکرد بزووتنەوە پەرت ببێت.

کامیل حاجی عەلی کە خۆی وەکو ڕابەری نوێی بزووتنەوەی ئیسلامی دەناسێنێت، بە دەنگی ئەمەریکای وت"کۆمیسیۆنی عێراق بە دوو نووسراو، کۆنگرەی 12 ی بزووتنەوەی هەڵوەشاندووەتەوە، نوسراوی یەکەم لە ڕۆژی 2/3/2022 و نووسراوی دووەم لە ڕۆژی 6/12/2022 دەریکردووە و داوای ئەنجامدانەوەی کۆنگرەی کردووە."

ئەو وتیشی"ڕێگەپێدراوی بزووتنەوە 25/2 ی ئەمساڵی بۆ بەستنەوەی کۆنگرە دیاریکرد، تا هەردوولامان پێکەوە کۆنگرە ببەستین، بەڵام کۆنگرە دواخراوە و کاتەکەی دیاری نەکراوە، ئەو کات ئێمە ئامادەبووین بەشداربین لە ئەنجامدانەوەی کۆنگرەدا."

ئەو نووسراوەی کامیل حاجی عەلی ئاماژەی پێدەکات، گوایە کۆمیسیۆن بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی کۆنگرەی 12 ی بزووتنەوەی ئیسلامی پێداوە، واژۆی دکتۆر ( هیمان تەحسین حەمید) بەڕێوەبەری کاروباری حزب و رێکخراوە سیاسییەکانی لە کۆمیسیۆن لەسەرە و دەنگی ئەمەریکا وێنەیەکی نووسراوەکەی بینیووە، کە نووسراوەکە بە ژمارە (476) و لە ڕۆژی (2/3/2022) ئاڕاستەی نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆن کراوە.

لە بارەی بڕیارەکەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ ئەنجامدانەوەی کۆنگرە، عەبدوڵا وەرتێ وتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی و کەسایەتی نزیک لە عیرفان عەلی عەبدولعەزیز، بە دەنگی ئەمەریکای وت"بزووتنەوەی ئیسلامی کۆنگرەی ئەنجامداوە و تێپەڕیووە، بڕیاری ئەنجامدان یان ئەنجام نەدانی کۆنگرە لای خودی بزووتنەوەی ئیسلامییە، هەر گرفتێکیش هەبێت خۆمان بە لێکتێگەیشتن لەگەڵ کۆمیسیۆن چارەسەری دەکەین."

کۆنگرەی 12 ی بزووتنەوەی ئیسلامی کێشە ناوخۆییەکانی ئەو حزبەی تەقاندەوە، بە تایبەت عیرفان عەلی عەبدولعەزیز وەکو ڕابەری گشتی بزووتنەوە دەست بەکاربوویەوە و کامیل حاجی عەلیش بەو پێیەی تەنها کاندیدبوو، خۆی وەکو ڕابەر ناساند.
لە ڕۆژی 2/10/2022 لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرەی 12 ی بزووتنەوەی ئیسلامی، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا و عیرفان عەلی عەبدولعەزیزی بە "خۆسەپێن و ناشەرعی"ناوبرد، هەروەها کامیل حاجی عەلیشی وەکو ڕابەری نوێی بزووتنەوەی ئیسلامی ناساند.

دواتر بەرپرسانی بزووتنەوەی ئیسلامی نزیک لە عیرفان عەلی عەبدولعەزیز و لە نێویاندا مونیرە عەلی عەبدولعەزیز، خوشکی عیرفان عەلی عەبدولعەزیز و ئەندامی سەرکردایەتی حزبەکە، وتی"کامیل حاجی عەلی نایەوێت قەبوڵی بکات کە دۆڕاوە،هیچ کەسێکیش نە بەشەرع و نە بەیاسا مافی بەکارهێنانی ناو و لۆگۆی بزووتنەوەی ئیسلامی نییە."

عەبدوڵا وەرتێ وتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی، وتی"ڕابەری بزووتنەوەی ئیسلامی مامۆستا عیرفان عەلی عەبدولعەزیزە، و بە دەنگی زۆرینە هەڵبژێردراوە، کاک کامیل خۆی کاندید کرد و نەیتوانی پەنجا کۆی یەک بهێنێت، بۆیە کۆنگرە بە ناچاری م عیرفانی هەڵبژاردەوە بۆ ئەوەی بۆشایی یاسایی دروست نەبێت."

کامیل حاجی عەلی، وێڕای جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی "ڕابەری شەرعی" بزووتنەوەی ئیسلامییە ڕوونیکردەوە، لەسەر وازهێنانی ژمارەیەکی زۆر بزووتنەوەی ئیسلامی لە حزبەکە کردەوە، بەهۆی ناڕازیبوون لە سیاسەتی عیرفان عەلی عەبدولعەزیز، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"دەمانەوێت ئەو خەڵکانە ئاشت بکەینەوە و ئیش و کارەکانمان بە دامەزراوەیی بکەین، ئێمە خەریکی هێنانەوەی ئەو خەڵکەین کە دانیشتوون، چونکە ئەوان چاوەڕێی ئەوەبوون بزووتنەوە بخرێتەوە سەر هێڵە ڕاستییەکەی خۆی."

هەروەها وتیشی"گەر هەڕەشەیەک لای ئەوانەوە ڕوویدابێت، مەجرای یاسایی وەرگیراوە، چونکە هەڵوێستی ئێمە گرێدراوە بە عەقیدە و مەبدەئو و ئامانجەوە، دەمانەوێت هەڵەکان ڕاست بکەینەوە."

بزووتنەوەی ئیسلامی لە ساڵی 1987 دامەزراوە و عوسمان عەبدولعەزیز یەکەم ڕابەری بوو. عەلی عەبدولعەزیز باوکی عیرفان عەبدولعەزیز دووەم ڕابەری بزووتنەوەکە بووە، لە ساڵی 2001 بەهۆی ناکۆکی نێوان عەلی عەبدولعەزیز و بەشێک لەسەرکردایەتی ئەوکاتی بزووتنەوە بە سەرکردایەتی عەلی باپیر، کۆمەڵی ئیسلامی لە بزووتنەوەی ئیسلامی جیابوویەوە.

هەفتەی ڕابردوو، وێنەى ژمارەیەک کەسایەتی بزووتنەوەی ئیسلامی بڵاوکرایەوە، گوایە پشتییان لە عیرفان عەلی عەبدولعەزیز و ڕوویان لە کامیلی حاجی عەلی کردووە، دواتر ئیحسان عەلی عەبدولعەزیز برای عیرفان عەلی عەبدولعەزیز و ئەندامی سەرکردایەتی بزووتنەوە وتی"تا عەریزە نەنووسن، وەریان ناگرینەوە."

لەوبارەیەوە، کامیل حاجی عەلی دەڵێت"ئەو قسانە هی ئەو کەسە خۆی بوون، ئەو خەڵکانەی هاتوونەتە لامان، هەموویان پێشمەرگەی دێرینی بزووتنەوەن، دەیانەوێت لە ڕێگەی بزووتنەوە خزمەتی ئیسلام بکەن، با خەڵک شاهیدی بدەن، جەماوەری بزووتنەوە بە زۆری لەگەڵ ئێمەدان یان ئەوان."

دەربارەی ڕای یەکێتی و پارتی لەسەر کێشە نێوخۆییەکانی بزووتنەوەی ئیسلامی، کامیل حاجی عەلی وتی"نێوەنگیری کراوە، بەڵام ئەوان نەهاتوونەتە پێشەوە، یەکێتی و پارتیش ڕۆڵی ئیجابییان هەبووە، پێیانوتووین، یەکڕیزی خۆتان بپارێزن و کێشەکانتان چارەسەر بکەن."

XS
SM
MD
LG