Accessibility links

سوریا و ئێران پێشوازی لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشق و وڵاتانی هەرێمەکە دەکەن


فەیسەڵ میقداد، وەزیری دەرەوەی سوریا، لەلای ڕاستەوە، لە میانی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە دیمەشقی پایتەختی سوریا، ٩ی ئازاری ٢٠٢٣ .
فەیسەڵ میقداد، وەزیری دەرەوەی سوریا، لەلای ڕاستەوە، لە میانی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە دیمەشقی پایتەختی سوریا، ٩ی ئازاری ٢٠٢٣ .

وەزیرانی دەرەوەی سوریا و هاوپەیمانی نزیکی ئێران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لە دیمەشق ڕۆژی پێنجشەممە پێشوازییان لە پەیوەندی دیپلۆماسی نێوان دیمەشق و دەوڵەتانی ناوچەکە کرد لە دوای بوومەلەرزە کوشندەکەی مانگی ڕابردوو.

فەیسەڵ میقداد، وەزیری دەرەوەی سوریا ڕایگەیاند، ئامانجی سوریا ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەکە، دوای دابڕانی سیاسی سەرۆک بەشار ئەسەد بۆ زیاتر لە دە ساڵی شەڕ.

حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: ئێران پێشوازی لە هەر دەستپێشخەرییەک دەکات بۆ دانوستانەکان بە ئامانجی گەیشتن بە لێکتێگەیشتن لە ناوچەکە، لەوانە کۆبوونەوەی چوار وڵاتی ئێران، ڕووسیا، سوریا و تورکیا - بە ئامانجی چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا.

تورکیا لە بەشێکی زەوی لە باکوری ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە پشتگیری لە یاخیبووانی دژبەری دەسەڵاتی ئەسەد دەکات.

سوریا لەلایەن زۆربەی وڵاتانی ناوچەکەوە گۆشەگیرکرابوو بەهۆی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە کوشندەکانی لەدژی ئەسەد، لە ساڵی ٢٠١١دا کۆمکاری عەرەبی ئەندامێتی سوریای هەڵپەساردبوو و زۆرێک لە وڵاتانی عەرەبی نوێنەرەکانیان لە دیمەشق کشاندەوە.

بەڵام ئەسەد سوودی لە پشتگیرییەکانی دەوڵەتانی عەرەبی وەرگرتووە دوای بوومەلەرزەکە کە بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و حکومەتی سوریا، زیاتر لە ٥٩٠٠ کەسی لە سەرانسەری وڵاتەکەیدا کوژران.

وەزیری دەرەوەی سعوودیه ، که پشتیوانی له یاخیبووان کردووه خوازیاری لابردنی ئەسەد بووه ، مانگی ڕابردوو ڕایگەیاند که دابڕانی سووریا کار ناکات و دیالۆگ له گەڵ دیمەشق پێویسته به تایبه ت بۆ چارەسەرکردنی دۆخی مرۆیی ئه و وڵاته .

وەزیرانی دەرەوەی ئوردن و میسر هەردووکیان مانگی ڕابردوو بۆ یەکەمجار لە دوای دەستپێکردنی شەڕەوە سەردانی دیمەشقیان کرد، و پاشاندا ئەسەد و عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسر بۆ یەکەمجار لە ٧ی شوبات بە تەلەفۆن قسەیان کرد.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG