Accessibility links

سەرکردەکانی بەریتانیا و فەرەنسا دەیانەوێت لەسەر پرسی کۆچبەری ڕێکبکەون


ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا لەگەڵ ڕیشی سوناک سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا
ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا لەگەڵ ڕیشی سوناک سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا

ڕیشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ڕۆژی هەینی لە پاریس چاوی بە ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا کەوت لە کۆبونەوەیەکی لوتکەیی بۆ دروستکردنی پرد، کە ئامانج لێی تێپەڕاندنی ساڵانێکە لە گرژییەکانی برێگزیت ( هاتنە دەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا) و ڕێککەوتن لەسەر سەودایەکی نوێ سەبارەت بە کۆچکردن لە نێوان کەناڵەکاندا.

سوناک پەیوەندی نێوان هەردوو دراوسێی پێش گفتوگۆکان بە گرنگ ناوبرد، کە چاوەڕوان دەکرا ئەو جووتە بەڵێنی پشتگیری زیاتر بۆ ئۆکرانیا و ئاسایش لە ناوچەی ئاسیا و زەریای هێمن بدەن.

سەردانەکەی ریشی سوناک بۆ پاریس و کۆبونەوەی لەگەڵ ئیمانوێڵ ماکرۆن یەکەمین کۆبونەوەی لوتکەی نێوان هەردو وڵاتە لەماوەی پێنج ساڵی رابردودا.

ماکرۆن لە کۆشکی ئەلیزێ پێشوازی لە سوناک کرد، دوای ئەوەی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بە شەمەندەفەر لە لەندەنەوە گەشتێکی بۆ پاریس کرد.

ئەمە یەکەم کۆبوونەوەی لوتکەی بەریتانیا و فەرەنسایە لە ماوەی پێنج ساڵدا، دوای ئەوەی سوناک بە سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا هەڵبژیرا، کە ئێستا هەردوولا دەرفەتێک دەبینن بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لە نێوان دوو زلهێزی ئەتۆمی ئەوروپای ڕۆژئاوادا.

درەنگانی ڕۆژی پێنجشەممە لە بەیاننامەیەکدا، سوناک وتی: مێژووی قووڵمان و نزیکیی و تێڕوانینی هاوبەشی جیهانیمان بەو مانایەیە کە هاوبەشییەکی پتەوی نێوان بەریتانیا و فەرەنسا تەنها بەنرخ نییە، بەڵکو شتێکی بنەڕەتییە.

دووپاتیکردەوە کە کۆمەڵگەی سیاسی ئەوروپا، دەستپێشخەرییەکی ماکرۆن کە دوای داگیرکردنی ئۆکرانیا لە لایەن ڕووسیا ساڵێک لەمەوبەر پێکهاتبوو، لەلایەن بەریتانیاوە میوانداری دەکرێت دوای لوتکەی مانگی دە لە ئیسپانیا.

هەروەها سوناک وتی بەریتانیا و فەرەنسا بە هاوبەشی کاردەکەن بۆ ڕێگریکردن لە "کێشەی کۆچی نایاسایی".

سوناک لەژێر فشارێکی تونددایە بۆ پووچەڵکردنەوەی هەزاران پەناخوازی کە لە کەناڵەکەدا دەپەڕنەوە، لەم هەفتەیەشدا پەردەی لەسەر یاسایەک لادا کە ڕەخنەگران دەڵێن بەریتانیا دەکاتە دەرەوەی یاسایەکی نێودەوڵەتی بۆ مافەکانی پەنابەران.

یاریدەدەرێکی ماکرۆن وتی بەریتانیا پارەی فەرەنسا دەدات بۆ ئەوەی یارمەتی دەوریەی سنووری کەناڵ بدات و پەیمانی لوتکەش تیشک دەخاتە سەر "زیادکردنی ئەو سەرچاوانەی کە بۆ بەڕێوەبردنی ئەم سنوورە هاوبەشە جێگیرکراون، لەگەڵ دابینکردنی بودجەی چەند ساڵە".

ڕۆژنامەی تایمز بڵاویکردەوە، گرێبەستەکە بە نزیکەی 200 ملیۆن پاوەند دەبێت (225 ملیۆن یۆرۆ، 240 ملیۆن دۆلار)، کە بۆ ماوەی سێ ساڵ تەرخان دەکرێت.

لە ساڵی 2022 زیاتر لە 45 هەزار کۆچبەر کەناڵی ئینگلیزییان بەرەو بریتانیا بەزاندوە، ئەمەش ژمارەیەکی پێوانەییە، سەرەڕای ئەنجامدانی ڕێککەوتنەکانی پاریس و لەندەن لەسەر ئەم پرسە.

حکومەتی بەریتانیا وەکو هەنگاوێک بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کۆچی نایاسایی، بە نیازە لەرێگەی یاسایەکەوە مافی پەنابەرێتی بۆ ئەو کۆچبەرانەی بەشێوەیەکی نایاسایی دەچنە وڵاتەکەوە زەوت بکات، بەشێوەیەک نەتوانن داوای مافی پەنابەرێتی بکەن.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG