Accessibility links

سەرۆکی کۆریای باکوور داوای بەڕێوەچوونی مانۆڕی چڕوپڕ دەکات لە ئەگەری ڕوودانی 'جەنگی ڕاستەقینە'


میدیاکانی فەرمی کۆریای باکوور ڕۆژی هەینی ڕایانگەیاند، کیم جۆنگ ئونی سەرۆکی کۆریای باکوور فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی کرد کە مەشقەکان چڕتر بکەنەوە بۆ ڕاگرتن و وەڵامدانەوەی "جەنگی ڕاستەقینە" ئەگەر پێویست بوو، ئەمەش دوای ئەوەی سەرکردەی کۆریای باکوور سەرپەرشتی مانۆڕێکی کرد کە بە وتەی خۆی تواناکانی وڵاتەکەی سەلماندووە.

کۆریای باکوور ڕۆژی پێنجشەممە مووشەکێکی بالیستیکی کورت مەودای لە کەناراوەکانی ڕۆژئاوای وڵاتەکەی هەڵدا، سوپای کۆریای باشوور ڕایگەیاند کە شیکاری بۆ ئەگەرەکان دەکات کە ڕەنگە کۆریای باکوور چەندین مووشەکی لە یەک کاتدا لە هەمان ناوچەوە هەڵدابێت.

ئەو وێنانەی کە ئاژانسی هەواڵی KCNA بڵاویان کردووەتەوە، دەرکەوتووە کە لانیکەم شەش مووشەک لە یەک کاتدا هەڵدراون.

KCNA ئاماژەی بەوەشکردووە، یەکەیەکی مەشقپێکراوی تۆپێکی بەهێزیان ئاراستەی ئاوە ئامانجدارەکان" کردووە و توانای خۆی نیشانداوە بۆ "بەرەنگاربوونەوەی شەڕی ڕاستەقینە".

KCNA ئاماژەی بەوەشکردووە، "(کیم) جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە یەکە سەربازییەکان ئامادەبکرێن بۆ گەورەترین ئەرکەکانیان بۆ ئەنجامدانی دوو ئامانجی ستراتیژی، واتە یەکەمجار ڕێگریکردن لە شەڕ و دووەم دەستپێشخەریکردن لە شەڕدا، بە چڕکردنەوەی بەردەوامی مەشقی جۆراوجۆری ھاوشێوە بۆ شەڕی ڕاستەقینە ".

یۆن سوک یۆل سەرۆکی کۆریای باشوور وتی کۆریای باشوور مەشقە سەربازییە هاوبەشەکانی لەگەڵ ئەمەریکا چڕتر دەکاتەوە لە بەرامبەر هەڕەشە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی باکوور.

یۆن لە مەراسیمی ڕاسپاردنی دەرچووانی ئەکادیمیای دەریایی لە شاری چانگون لە باشووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەی وتی: "ئێمە توانایەکی سەرسەختی وەڵامدانەوە و هەڵوێستێکی تۆڵەسەندنەوە دروست دەکەین"، ئاماژەی بەوەشکرد، دۆخی ئەمنی دەوروبەری نیمچە دوورگەی کۆریا "لە جاران جددیتر بووە".

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG