Accessibility links

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت پاکنەکردنەوەی خاشاک و دزینی سەرەمەنهۆڵ هۆکاربوون بۆ لافاوەکەی سلیمانی


لافاوەکەی درەنگانی شەوی ڕابردوو لە شاری سلیمانی کە بووە هۆی بڵاوکردنەوەی ترس و دڵەڕاوکێ لە ناو دانیشتوانی چەند گەڕکێک هۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ کەموکوڕی لە پاککرنەوە خاشاکی شارەکە و "دزینی" سەرەمەنهۆڵی ئاوەڕۆ، ئەمە بە گوێرەی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی.

بەرزان شێخ محەمەد
بەرزان شێخ محەمەد

بەرزان شێخ محەمەد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هۆکاری دروستبوونی لافاوەکەی سلێمانی چەند هۆکارێکە. لەسەرو هەموویانەوە، خەرجنەکردنیپارەیە بۆ کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت کە پاککردنەوە و چاکردنەوەی مەنهۆڵی پارێزگاکەی لە ئەستۆدایە. جگە لەوەی بەهۆی خراپبوونی دۆخی داراییەوە چەندین سەری مەنهۆڵ دزراون. "

هەروەها هۆشداری دا و وتی، "من دڵنیام سلێمانیش وەک هەولێری لیدێت لە ڕووی دروستبوونی لافاوەوە. "


شەوی ڕابردوو بەهۆی بارینی بارانی بەخوڕەوە لە شەقام و چەند گەڕەکێکی پارێزگای سلێمانی لافاو دروست بوو. لافاوەکە جگە لە زیانی ماددی بە چەند ئۆتۆمبێل و ڕووخانی دیواری قوتابخانەیەک و چونە ژوورەوەی ئاو بۆ ناو ماڵان لە چەند گەڕەکێک هیچ زیانێکی گیانی نەبوو.

ماوەی دوو ساڵە لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بەهۆی پێنەدانی موچە بەکارمەندانی پاککەرەوە چەند جارێک لە سلێمانی و ئیدارەی ڕاپەڕین و گەرمیان، ئەو کارمەندانە مانییان گرتووە و خۆڵ و خاشاک و زبڵ ناو بازاڕ و شەقامەکانی داپۆشیووە.

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت" ئێمە وەکو چاودێرێک لە ئەنجوومەنی پارێزگا کە چاودێری بارودۆخی سلێمانی و فەرمانگەکانی دەکەین، هۆکاری ئەو لافاوە ئەوەیە لەم دوو ساڵەی دواییدا پاککردنەوەی سلێمانی لە ئەستۆی کەرتی تایبەتدا بووە، وە کەرتی تایبەت هەمیشە وەکو پێویست پارەکانیان نادرێتێت وەکو دەزانرێت چەند جارێک کاریان ڕاگرتووە. "


ئاوەڕۆ سندوقیەکە

هەرچەندە لە پێشتردا بەرپرسانی شارەکە دەیانوت، سلێمانی سیستمێکی ئاوەڕۆی زۆر باشی هەیە، بە ڕادەیەک ئەگەری ڕوودانی لافاو دوورە لەم شارە. "

بەڵام جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت" سلێمانیش شارێکە بەردەوام گەڕەکەکانی لە زیادبووندایە. کاتی خۆی ئاوەڕۆ سەرەکیەکان بۆ شارێک کراوە کە 200 هەزار کەس تێیدا بژی، سەرەڕای ئەوەی وەکو پێویست پاک ناکرێتەوە و چاکسازی تێیدا ناکرێت. "


دزینی سەرە مەنهۆڵەکان

بەرزان شێخ محەمەد ئەوەشی وت" ئەوەی تێبینیم کردبێت هۆکارێکی تر ئەوەیە کە لەم شارەدا ئیشی تێدا نییه،‌ لەوانەیە خەڵک پەنا بەرێتە بەر بردنی سەری مەنهۆڵەکان. "

هەروەها وتیشی" بە بەردەوامی ئەم کێشانە هەن لەوەتەی حکومەتی کوردی دروستبووە لە 1992 وە سەرەمەنهۆڵ دزین بابەتێکە بەردەوامی هەیه،‌ بەڵام هۆکاری سەرەکی ئەوەیە دەبێت چاکبکرێنەوە یان ئەو شەقامانەی کە دروست دەکرێن لەوانەیە پێویستی بە 10 سەرەمەنهۆڵ بێت لەوانەیە 7 سەرەمەنهۆڵی تێدا دروست بکرێت واتە پرۆژەکان چاودێری ناکرێن. "

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەشڵێت"نازانم نرخی ئەو سەرە مەنهۆڵانە بای چەنده؟‌ بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەو هاووڵاتیەی ئەو سەرەمەنهۆڵانە دەبات پێویستی پێیەتی بۆ کڕینی نان ئەو سەرەمەنهۆڵە دەبات لەبەر بژێوی دەیبات ئەگەر وڵات ئیشی تێدابێت خەڵک ئیشی بە سەرەمەنهۆڵ چییە!؟ ئەو کات بێزیشی نایەت بڕوات بەسەریدا نەک بڕوات دەریبهێنێت و بیفرۆشێت."



لافاوەکەی هەولێڕ بەرەو سلێمانی

لە سەرەتای وەرزی بارانبارینی ساڵی ڕابردوو بەهۆی دروستبوونی لافاوەوە لە پارێزگای هەولێر جگە لە زیانی ماددی بە چەندین ماڵ دوانزە هاوڵاتیش خنکان، ساڵانە لە کاتی هاتنی وەرزی بارانبارین هەمان مەترسی یەخەی پارێزگای هەولێر دەگرێتەوە، بەهۆی نەبوونی سیستمی ئاوەڕۆی گونجاو .

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی گومانی نییە ئیتر ساڵانە هەمان مەترسی(دروستبوونی لافاو) بەرۆکی سلێمانی و هاووڵاتیانی پارێزگاکە دەگرێتەوە.

لەو ڕووەوە بەرزان شێخ محەمەد دەڵێت" من دڵنیام وایلێدێت، واتە وەکو دوێنێ شەوی سلێمانی کە لە چەند شوێنێکەوە گرفت هەبوو من لەو باوەڕەدام تێچوویەکی زۆری ویست هەتا توانیان ڕێگەیەک بۆ خەڵک بکەنەوه لە دروستبوونی ئەو لافاوە،‌ بە ڕاستی کە کارێک لە وڵاتی ئێمەدا دەکرێت بەدواداچوون کەمە ئەوە بەدواداچوونی ئەنجوومەنی پارێزگا نییه،‌ بەڵکو بەدواداچوونی ئەو فەرمانگەیەیە کە پاکوخاوێنی شاری لە ئەستۆدایە. "

شەوی ڕابردوو لەسەروبەندی دروستبوونی لافاوەکەی سلێمانی پەرلەمانتاری هەڕێمی کوردستان(سیروان بابان) ڕایگەیاند"لافاو لە گەڕەکی ژاڵەی سەروو ڕوویدا، ئێستا هەموو ئەو کۆمپانیایانەی ڕێگربوون لە دروستکردنی ئاوەڕۆی ئەو گەڕەکە بەرپرسیارن لە هەر ڕووداوێکی نەخوازراو. "

بەرزان شێخ مەحەمەد: ناتوانرێت بوترێت کۆمپانیا ڕێگر بوو‌ە، بەڵکو کێشەکە ئەوەیە ئەو کۆمپانیانە لەو گەڕەکانە گەنجینەیان دروستکردووە، وەبەرهێنان و شارەوانی و ئەوەی لە سلێمانیدا دەسەڵاتدارە کارەکەی داوەتێ، مەسەلەی ژاڵەی سەروو، کانی شینکە بە ڕاستی ئەمانە لە ڕێی هەندێک کۆمپانیاوە جادەکانیان لێ تێکچوو، یەکێک لەو گەڕەکانەی کە هەمیشە سکاڵا و کێشەیان هەیە لە ئەنجوومەنی پارێزگا ژاڵەی سەرووە. "

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا نەیانهێشووە زێراب بۆ ئەو گەڕەکانە دروست بکرێت؟

بەرزان شێخ مەحەمەد وتی"من ناتوانم ئەو زانیارییە پشتڕاست بکەمەوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە کۆمپانیاکان لەو ناوە ڕێگربوون لە زۆر شتیان لەبەر ئەوەی ئەوان دەیانویست جادەکەی بەردەمیان فراوان بکەن خەڵکی دێیەکەش هەر بە هەڵواسراوی دەمانەوە و ڕێگەی تریان نەدەبوو کێشەکە زۆری خەیاند هەتا چارەسەر بوو ئەوەش دەرئەنجامەکەی بوو کە پێرێ شەو لەبەرنەبوونی زێرابی سندوقی لافاو لە گەڕەکەکە لافاو هەستاوە و هاووڵاتی زیانێکی زۆریشی کردووە. "

بەرزان شێخ مەحەمەد جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بێ ئومێدی لە قسەکانیدا سەبارەت بە دۆخی پارێزگای سلێمانی نەشاردەوە و وتی" ئێستا شانازیەکەمان بێ ئیشی و بێ خزمەتگوزاریی و بێ پارەییە، نەبوونی کار و نەبوونی پارە لە بانکەکاندا. "

XS
SM
MD
LG