Accessibility links

ئەنالینا بێربۆک: ئێمە بڕی 800 ملیۆن یۆرۆمان وەکو کۆمەک بۆ ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان ناردووە


وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا و سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان

رۆژی چوارشەممە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئەنالینا بێربۆک سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی هەرێمدا کۆبووەوە.

پاش کۆبونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتی هەرێم بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوەو تیایدا دەڵێت "خاتوو بيربۆک دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌ڵمانيا به‌ بايه‌خه‌وه‌ له‌ ‏په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و ئارامى و سه‌قامگيريى ‏سياسى و ئابوورييان ده‌ڕوانێت. له‌مباره‌وه‌ ئاماژه‌ى به‌ گرنگيى جێبه‌جێكردنى ‏ڕێككه‌وتنى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فيدراڵيى عێراق بۆ ‏ئاساييكردنه‌وه‌ى دۆخى شه‌نگال كرد كه‌ ده‌بێته‌ هۆى گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاواره‌كان و ‏ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى ناوچه‌كه‌."

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە " پەيوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌كه‌ بوو. تيايدا ‏سه‌رۆک نێچيرڤان بارزانى ئاماژه‌ى به‌ هه‌بوونى كه‌شێكى ئه‌رێنيى گفتوگۆى نێوان ‏هه‌ردوولا بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان كرد. "

بەر لە کۆبونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکی هەرێم، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمدا کۆبووەوەو پاش کۆبوونەوەکە لە کۆنفرانسێکی هاوبەشدا ئانالینا بێربۆک وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، "هەماهەنگی و پێکەوە کارکردن لە نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە چڕتردەبێتەوە و زۆر گرنگیشە ئەو کەلێنانە پڕبکرێنەوە کە تیرۆریستیان سودی لێوە دەبینن، دەمەوێ جەخت لەسەر ئەوە بکەمەوە کە ئەڵمانیا پشتیوانی ئێوە دەبیت بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر چونکە مەترسی داعش لەم ناوچەیەدا کۆتایی نەهاتووە، هەروەها زۆرێک لە پڕۆژەکانی ئەڵمانیا لەهەرێمی کوردستان لەگەڵ پێشمەرگە جێبەجێ دەکرێن و لەساڵی 2016 تا 2022 ئەڵمانیا بەبڕی 50 ملیۆن یۆرۆی لەو بوارانەدا تەرخانکردووە، ئامانجی ئێمە ئەوەیە کە هێزە خوجێیەکان ئەمنیەت دەستەبەربکەن."

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ڕایشیگەیاند " ئێمە بە بڕی 800 ملیۆن یۆرۆمان وەکو کۆمەک بۆ ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان ناردووە".

جەبار یاوەر ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مبارەیەوە بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاند، "هاوکاریەکانی ئەڵمانیا راوێژکاری و یارمەتیدانی وەزارەتی پێشمەرگەیە لە ڕووی چاکسازی و ڕیفۆرم و ڕێخستنی هێزەکانی پێشمەرگە و هەروەها مەشق و ڕاهێنانی لە بواری تەندروستییش پێشکەشکردووە."

یاوەر گوتیشی "نەخۆشخانەیەکیان دامەزراندووە و پێداویستیان بۆ هێناوە و یارمەتی هێزی پێشمەرگەیشی داوە، لەکاتی شەڕی داعش هەندێک چەکی باشی دژی تانک و تەقەمەنیشی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە هێناوە، ئەڵمانیا ڕۆڵێکی گەورەی لەشەڕی دژی داعش هەبووە و تا ئێستاش هەر بەردەوامبووە."

جەبار یاوەر
جەبار یاوەر


ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە لەسەر هاوکارییەکانی ئەڵمانیا بۆ هێزێ پێشمەرگە ڕایشیگەیاند، "ئەڵمانیا ماوەیەک سەنتەرێکیان لەگەڵ هێزەکانی تری ناو هاوپەیمانان بۆ مەشقکردن دامەزراند، پێیان دەگوت سەنتەری کوردستان بۆ مەشقی هێزەکانی پێشمەرگە کە بەوەرزی فەرماندەی سەنتەرەکە لەنێوان ئەو هێزانەدا دەگۆڕا، ئەمەش ڕۆڵێکی گەورەی هەبوو لەمەشقپێکردنی هێزەکانی پێشمەرگە لەسەر چەک و تەقەمەنی دژی داعش."

بەپێی زانیاریەکانی دەنگی ئەمەریکا، ژمارەی راوێژکار و سەربازەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستاندا بەردەوام گۆڕانی بەسەردا دێت چونکە تیمی مەشق و تیمی جێگری بنکەکانیان هەیە لەگەڵ تیمی راوێژکاری کە بەبەردەوامی دەگورێن بۆیە ناتوانرێت ژمارەیەکی جێگیر بۆ ئەو هێزانە دیاری بکرێت.

یاوەر گوتیشی" لەساڵی 2018ەوە ئەڵمانیا و ئەمەریکا و بەریتانیا پڕۆژەیەکی هاوبەشیان لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە هەبوو پاش ئەوان هۆڵەنداش بەشداری لەو پرۆژەیەدا کردووە کە بەردەوام لەگەڵ بەرێوەبەرایەتی چاکسازی وەزارەتی پێشمەرگە کار دەکەن بۆ ڕیفۆرم لەهەموو جومگەکانی نێو هێزەکانی پێشمەرگەدا، لەبواری مەشق و میرە و ژمێریاری و تەندروستی و ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی پێشمەرگە و بابەتی عەمبارکردنی چەک و تەقەمەنی و چۆنیەتی چاککردنی ئامیرەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، لەهەموو ئەو بوارانەدا ئەڵمانیا بەشدارە و هەوڵ دەدات بۆ چاکسازی و رێخستنەوەی هەموو بەشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە واتا رولێکی زۆری هەیە بۆ پێشخستنی هێزەکانی پێشمەرگە.

لەوپرێس کۆنفرانسەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی ئەو هاریکاری و پشتیوانیانەی ئەڵمانیای بۆ هەرێمی کوردستان کرد بەتایبەتی لە شەڕی دژی داعش. هەروەها پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ پەرلەمانی ئەڵمانیا دووپاتکردەوە بۆ بەجێنۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان.

گرنگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتێکی گونجاوی ئەمساڵ، گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ و هەناردەکردنی بەروبوومی ناوخۆیی بۆ بازاڕەکانی دەرەوە, پێویستیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال و ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ناوچەکە، گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بە گشتی چەند تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆی نێوان سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئانالینا بێربۆک وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بوون.

ئەڵمانیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین پەنابەری کوردی تێدا نیشتەجێن و بەردەوام هاوکاری و هەماهەنگی لە نێوان ئەڵمانیاو هەرێمی کوردستاندا هەیە و لەبوارەکانی وەبەرهێنان و کلتوری و فەرهەنگی زانستیشدا ئەڵمانیا پشتیوان و یارمەتی هەرێمی کوردستانی دەدات.

XS
SM
MD
LG