Accessibility links

لە ڕۆژی جیهانی ژناندا نەتەوە یەکگرتووەکان تیشک دەخاتە سەر یەکسانی جێندەری لە بواری دیجیتاڵی


لە ڕۆژی جیهانی ژناندا نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت " ژنان و کچان زۆرجار دەبنە ئامانجی دەستدرێژی و توندوتیژی ئۆنلاین."

هەروەها دەشڵێت ڕۆژی چوارشەممە لە ڕۆژی جیهانی ژناندا بەشداربن لەگەڵ ڕێکخراوی ژنانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان " لە هەنگاونان بەرەو جیهانێکی گشتگیرتر و یەکسانتر کە دووربێت لە توندوتیژی ئۆنلاین لەسەر بنەمای جێندەری."

هەموو ساڵێک نەتەوە یەکگرتووەکان دروشمێکی جیاوز بۆ ڕۆژی جیهانی ژنان لە هەشتی مانگی 3 هەڵدەبژێرێت "داهێنان و تەکنەلۆژیا بۆ یەکسانی جێندەری"، دروشمی ئەمساڵی نەتەوە یەکگرتووەکانە.

جگە لە بڵاوکردنەوەی دەیان چیرۆکی ژنان لە سەرانسەری جیهاندا, نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاپۆرتێکیشی بڵاو کردووەتەوە کە تیایدا باس لە گرنگی تێکەڵبوونی تەکنەلۆژیا لە ژیاندا دەکات و دەڵێت " بەڵام 37%ی ژنان ئینتەرنێت بەکارناهێنن. 259 ملیۆن ژن کەمتر لە پیاوان دەستیان بە ئینتەرنێت دەگات، هەرچەندە نزیکەی نیوەی دانیشتوانی جیهان پێکدەهێنن."

نەتەوە یەکگرتووەکان دەشڵێت " ئەگەر ژنان نەتوانن دەستیان بە ئینتەرنێت بگات و هەست بە سەلامەتی ئۆنلاین نەکەن، ئەوا ناتوانن پەرە بە توانا دیجیتاڵییە پێویستەکان بدەن بۆ بەشداریکردن لە بواری دیجیتاڵیدا، ئەمەش دەرفەتەکانیان کەمدەکاتەوە بۆ بەدواداچوونی پیشە لە بواری زانست، تەکنەلۆژیا، ئەندازیاری و بیرکاری کە هەتا ساڵی 2050 %75 ی کارەکان پێکدەهێنن."

بۆیە هەوڵ دەدرێت لە ڕێگەی دروشمەکەی ئەم ساڵەوە سەرنج بخرێتە سەر ئەم بابەتەو خەبات بکرێت بۆ یەکسانی ژن و پیاو لە بواری دیجیتاڵیدا.

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش لە پەیامێکیدا دەڵێت " ژنان و کچان لە هەموو شوێنێک داوای مافەکانیان دەکەن و قسەکانیان لە سەرانسەری جیهاندا دەنگ دەداتەوە. وەبەرهێنان لە ژنان و کچان دڵنیاترین ڕێگایە بۆ بەرزکردنەوەی هەموو مرۆڤەکان و هەموو پێکهاتەکان و هەموو وڵاتان."

هەموو ساڵێک هەشتی مانگی سێدا (هەشتی مارس) تەرخان دەکرێت بۆ ڕۆژی جیهانی ژنان کە لەم ڕۆژەدا، بزاڤی مافەکانی ژنان بەرز دەنرخێندرێت و ستایشی دەستکەوتە سیاسی، کولتوری، کۆمەڵایەتی و ئابورییەکانی ژنان دەکرێت. لە هەشتی مارسدا تیشکیش دەخرێتە سەر ڕووبەڕووبوونەوەی نایەکسانی جێندەری لە هەموو بوارەکاندا هەر لە دەرفەتی کارەوە بگرە هەتا دەگاتە یەکسانی مووچە، پەروەردەو و خزمەتگوزاریە تەندروستییەکان لە جیهاندا.

مێژووی ئەم ڕۆژە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1908 کاتێک نزیکەی 15 هەزار ژن لە شاری نیویۆرک ڕێپێوانێکی مەزنیان سازدا بۆ داواکاری کرێی کاری باشتر، کەمکردنەوەی کاتژمێرەکانی کارکردنیان و مافی دەنگدان.

XS
SM
MD
LG