Accessibility links

چیرۆکی ئەو ژنە کوردەی لە تەمەنی 46 ساڵیدا بڕوانامەی باڵا بەدەست دەهێنێت


نیان ڕەمەزان ورمزیار و خێزانەکەی
نیان ڕەمەزان ورمزیار و خێزانەکەی

لە هەموو کۆمەڵگەیەکدا گەیشتن بە ئامانجەکان مەرج نییە بە شێوەیەکی سانا بێنە دی، ئەمە بۆ هەموو تاکەکانی کۆمەڵگە وەهایە بەڵام وەک دەگوترێت هەمیشە بۆ ژنان گەیشتن بەو ئامانجانە قورستر بووە یان سەختتربووە.

ئەی دەبێت بۆ ژنێکی کورد ئەمە چۆن بێت؟

نیان ڕەمەزان ورمزیار ڕێگەیەکی سەختی بڕی تا توانی بگات بە بەشێک لە ئامانجەکەی. ئەو لە تەمەنی 46 ساڵیدا توانی بڕوانامەی دیپلۆم لە ئاسایشی ئەلیکترۆنی بەدەستبهێنێت.

نیان کە دایکی چوار منداڵە و کاتێک شەپۆل ورمزیاری کچە گەورەی چووە زانکۆ ئەمیش دەستی بە خوێندن کردەوە بە دەنگی ئەمەریکای گوت " من کاتێک هاتمە ئەمەریکا تەمەنم 21 ساڵ بوو لە کوردستان هەتا شەشی سەرەتایم خوێندبوو. لێرەش بەهۆی ژیانی خێزانی و منداڵەوە نەمتوانی زوو دەست بە خوێندن بکەم، بەڵام هەمیشە حەزم دەکرد."

خێزانی ورمزیار
خێزانی ورمزیار

نیان ورمزیار دانیشتوی ڤێرجینیا، لە ساڵی 1996 لەگەڵ هاشم سەلیم ورمزیاری هاوسەری لە هەرێمی کوردستانەوە هاتووەتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا. پاش چەندین ساڵی ژیانی لێرە و هەبوونی 4 منداڵ لە ساڵی 2010 یەکەم جار دەستی بە خوێندنی زمانی ئینگلیزی و بیرکاری کرد پاشان کۆرسەکانی تر تا بتوانێت تاقیکردنەوەکان ئەنجام بدات و دەست بە زانکۆ بکات. تا قۆناغی سێی زمانی خوێند بەڵام جارێکی تر بەهۆی ئەرکی خێزانی و منداڵەکانی نەیتوانیبوو بەردەوامی بە خوێندنەکەی بدات و بچێتە زانکۆ.

بە پێی سیستمی خوێندنی ئەمەریکا ئەگەر دوا ناوەندیت تەوا نەکردبێت و تەمەنی ئەو قۆناغەت بەسەرچووبێت دەتوانیت تاقیکردنەوەی گەشەپێدانی پەروەردەی گشتی (GED ) بکەیت کە لە چوار تاقیکرنەوەی بابەت پێکدێت و پاش دەرچوونت بڕوانامەی GED کە هاوتەیە بە بڕوانامەی دواناوەندی بەدەستدەهێنیت و دەست بە زانکۆ بکەیت.

خانم ورمزیار گوتی پاش چەند ساڵێک جارێکی تر دەسیپێکردەوە و ئەمجارەیان بەردەوام بوو " لە ساڵی 2018 کاتێک شەپۆلی کچم دەچوو بۆزانکۆ، شەوێکیان کە دانیشتبووین و قسەمان دەکرد شەپۆل پێی گوتم ' باشە تۆ ئەم هەمو شتەت بۆ ئێمە کردووە ئەی بۆ خۆت چیت کردووە؟' لەو ساتەیا بیرم کردووە ئایا بۆ خۆم چیم کردووە؟ هەستم کرد هیچم نەکردووە."

پاش بیرکردنەوەی لەو قسەیەی کچەکەی، بڕیاری دابوو دەست بە خوێندن بکاتەوە " دەستبەجێ کچکەم هاوکاری کردم و فۆرمی زانکۆکەمان پڕ کردەوە، جارێکی تر تاقیکردنەوەم ئەنجام دا و لە قۆناغی دووهەمی زمانەوە دەستم پێکردەوە لەو کاتەوە بەردەوام بووم تا بڕوانامەم لە بواری ئاسایشی ئەلیکترۆنی بەدەستهێنا."

نیان باسی لەو شەونخونیانەش کرد کە بە خوێندن بەسەری بردووە " ڕاستە تەمەن گرنگ نییە و لە هەر تەمەنێکدا دەتوانیت ئەو شتەی کە بتەوێت بە دەستی بهێنیت، بەڵام من چوونکە لە تەمەنێکی گەورەییەدا دەستم بە خوێندن کرد زەحمەتیم زیاتر هەبوو بۆ فێربوون بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکانی زانکۆ، زۆربەی جار تا کاتژمێر دووی شەو دادەنیشتم تا خوێندنەکەم تەواو بکەم و ئەرکەکان جێبەجێ بکەم، ڕەنگە ئەمە بۆ گەنجێک زۆر ئاسانتر بێت من کاتم زیاتر پێویست بوو تا شتەکان وەربگرم."

لەگەڵ ئەوەشدا ئەرکی دایکایەتی هێندەی تر قورسی کردبوو وەک خۆی دەڵێت " دەبوو خواردن دروستبکەم، سەعی بە منداڵەکانم بکەم، کارەکانیان جێبەجێ بکەم و لەگەڵ ئەوەشدا خۆشم بخوێنم."

نیان ڕەمەزان ورمزیار و هاشم سەلیم ورمزیاری هاوسەری
نیان ڕەمەزان ورمزیار و هاشم سەلیم ورمزیاری هاوسەری

نیان دەشڵێت ئەگەر هاوسەرەکەی، هاوکاریی نەکردبایە نەیدەتوانی بەردەوام بێت دەڵێت " هەر لە سەرەتاوە زۆر پشتیوانم بوو و زۆر هانی دەدام تا بتوانم بەردەوام بم، زۆربەی جارەکان بە تایبەتی کاتی تاقیکرنەوەکان هاشم پێی دەگوتم تۆ بڕۆ خەریکی خوێندنەکەت بە گوێ مەدە بە شتەکانی تر خۆم دەیانکەم."

هەروەها دەشڵێت لەو بڕوایەدایە ئەگەر لە ئەمەریکا نەبوایە نەیدەتوانی بەردەوامی بە خوێندن بدات " لێرە بێجگە لە هاوسەر و منداڵەکانی خۆمان هەموو دۆستانم و کەسانی دەوروبەرم پشتیوانیان لێدەکردم و هانیاندەدام. هاوڕێکانم پێیان دەگوتم شانازیم پێوە دەکەن ئەمە بۆ من زۆر گرنگ بوو."

شارەزایان پێیان وایە پشتیوانی کۆمەڵگە و دەوروبەر گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ تاکەکان بە تایبەتی ژنان تا بتوانن بگەن بە ئامانجیان و سەرکەوتوو بن.

ئاڤان ئەحمەد ،کۆمەڵناس و ڕاوێژکاری خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی لە ڤێرجینیا لە لێدونێکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا گوتی "کۆمەڵگە ڕۆڵێکی زۆر دەگێڕێت لە گەیشتن بە ئامانجەکان. بۆ نمونە ئەو بازنەیەی کە تیایدا دەژێیت نەریتێکی بۆت وەک ژن داناوە کە ئاسان نییە لەو نەریتە دەربچیت ئەگەر کەسانی دەوروبەرت هانت نەدەن."

هەروەها دەشڵێت "ئەم کێشەیە تەنها لە وڵاتانی جیهانی سێهەم نییە بەڵکو لێرە لە ئەمەریکاش ئەگەر پشتیوانیت نەبێت، بۆ ژنێک ئاسان نییە بگات بە ئامانجەکانی کاتێک منداڵی هەبێت. چونکە وەکو ژنێک کۆمەڵگە وای فێرکردوین ئێمەی ژن بەرپرسیارین لە بەخێوکردنی منداڵەکانمان بۆیە هەمیشە پێویسمان بە هاندەرێک هەیە."

نیان
نیان

نیان لە کۆتایدا لە تەمەنی 46 ساڵی دیپلۆمەکەی وەرگرت ئەو دەڵێت کاتێک بڕوانامەکەی وەرگرتووە هەستی بە سەرکەوتنێکی گەورە کردووە لە ژیانیدا " شتێک بوو بۆ خۆم، زۆر پێم خۆش بوو لەم وڵاتە بڕوانامەیەک بەدەستبهێنم و بەدەستم هێنا. من کە هاتمە ئەم وڵاتە هەر ئینگلیزیشم نەدەزانی. ئێسا هەست ئەکەم شتێکی گەورەم کردووە بۆ خۆم."

ئەو دەشڵێت " هیچ شتێک مەحاڵ نییە، تەمەن هیچ ڕێگریت لێناکات هەر شتێک بتەوێت بیکەیت ئەگەر مەبەستت بێت دەتوانی بەدەستی بهێنیت. پەیامی من بۆ هەموو کەسێک ئەوەیە هەرگیز مەڵێن درەنگە ئەوە شتەی کە حەزتان لێی بێت هەوڵی بۆ بدەن پێی دەگەن."

نیان ورمزیار دەشڵێت ئێستاش هاوسەرەکەی و منداڵەکانی هانی دەدەن کە هێشتا بەردەوام بێت تا دوو ساڵی تریش بخوێنێت و بڕوانامەی بەکالۆریۆس بەدەست بهێنێت و خۆشی دەڵێت بیری لێ دەکاتەوە.

ڕەڤین دۆسکی لەم ڕاپۆرتەدا هاوکاریی کردووە بۆ وەرگرتنی لێدوانی ئاڤان ئەحمەد

XS
SM
MD
LG