Accessibility links

جەمال حاجی محەمەد: دەنگێک هەیه لە ناو بزوتنەوەی گۆڕان‌ لەسەر بەشدارینەکردنی گۆڕان لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان


جه‌مال حاجی محه‌مه‌د
جه‌مال حاجی محه‌مه‌د

سەرۆکی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان ڕایدەگەیەنێت، لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا دەنگێک هەیە بۆ ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان نەکات.

جەمال حاجی محەمەد سەرۆکی جڤاتی گشتی و ئەندامی دەسلەکارکێشاوەی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند: ڕاستە دەنگێک هەیه لەناو گۆڕان‌ لەسەر بەشدارینەکردنی گۆڕان لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان.

وتیشی ئەوانیش مافی خۆیانە‌ وابڵێن، چونکە ئەگەر هاتوو ئێمە خۆمان ڕێکنەخەینەوە منیش ترسم هەیە. ترسمان لەوە هەیە دەنگی پێویست نەهێنین.


دەنگی بەشداری نەکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمان:

لەدوای بەشداری کردنی بزوتنەوەی گۆڕان لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان گورزی کاریگەر بەر بزوتنەوەکە کەوت، بەتایبەت کاتێک لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان هاواری بەشداری نەکردنی بزوتنەوەکە لەلایەن لایەنگرانی ئەو بزوتنەوەیە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بەرزبووەوە، بەڵام بزوتنەوەکە بڕیاری بەشداری کردنی لە حکومەت دا.


لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لایەنگرانی بزوتنەوەکە، بزوتنەوەی گۆڕانییان سزا دا ئەو حزبە نەیتوانی یەک کورسی پەرلەمانی هەبێت لەکاتێکدا لەهەڵبژاردنی پێشتر توانیبووی پێنج کورسی پەرلەمانی عێراقی هەبوو.

ئەو بەرپرسە باڵایەی بزوتنەوەی گۆڕان بە دووری زانی بزوتنەوەکەی لەم هەڵبژاردنەش هەمان چارەنوسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی هەبێت، لەو ڕووەوە جەمال حاجی محەمەد وتی: دەنگدەری گۆڕان نەچوونەتە ناو حزبەکانی تر مەگەر بە دەگمەن، بەڵکو دەنگدەری بزووتنەوەی گۆڕان عاجزن لەسەر کۆمەڵێک پرس لە ماڵی خۆیاندا دانیشتوون و چاوەڕێی هەڵوێستی سیاسی جددی لە گۆڕان دەکەن.

وتیشی لەبەر ئەوە هەر کاتێک ئێمە هەڵوێستەکانمان ڕوون وئاشکرابوون من پێموایە ئەوانە دەنگدەری گۆڕانن و سەرکەوتووش دەبین.

سەرۆکی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بە بۆچوونی تاکە کەسی خۆی کرد و وتی من بەش بە حاڵی خۆم، پێم باشە هەر لە ئێستاوە دەست بکەین بە ئاشتبوونەوە و خۆ ڕێکخستنەوە و کۆنفڕانسیش ببەستین پێموایە مافی ئەوەمانە بەشداربین و ئۆمێد دەکەم کورسی باشیش بهێنین.


جەمال حاجی محەمەد دەنگی بەشداری نەکردنی بزوتنەوەی گۆڕانی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەدەنگێکی نا زەق وەسفکرد و لەو ڕووەوە وتی: ئەو دەنگە دەنگێکی گەورە و زەق نییە، بەڵام ئێمە ئێستا (بزوتنەوەی گۆڕان) لەقۆناغی ڕێکخستنەوە و خۆسازدانین لەداهاتوویەکی نزیکیشدا بەستنی کۆنفڕانسێک.


پێم باشە گۆڕان لە حکومەت بکشێتەوە

سەبارەت بە ئەگەری کشانەوەی بزوتنەوەی گۆڕان لە حکومەتی هەرێم، جەمال حاجی محەمەد وتی: ئەمە دەنگێکی گەورە لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا، بەڵام دەبێت هەموومان تاوتوێی بکەین و بزانین کشانەوەمان لە قازانجماندایە یاخود مانەوەمان.

سەرۆکی جڤاتی گشتی ئەوەشی وت: من وەکو ڕای خۆم پێموایە بکشێنەوە باشتره.

سەبارەت بە ڕەخنەی هەندێک لەوانەی دەوترێت کشانەوەی لایەنەکان لە پەرلەمان و حکومەت لەسەر و بەندی نزیکبونەوەی هەڵبژاردنەکانە، تا لایەنەکان وەک بانگەشەی پێش وەختەی هەڵبژاردن بەکاری ببهێنن.

بەڵام جەمال حاجی محەمەد وتی: ئەمە یەکەمجارە ئێمە لەو حکومەتەدا بەشداربین و بینەدەرەوە، چونکە جاری پێشتر ئێمە بەشدار نەبووین ئەگەر ڕەخنەمان لێبگرن ئەوە بەڕاستی مافی خۆیان نییە.

وتیشی: ئێمە کاتی خۆی کە لەگەڵ پارتیدا ڕێککەوتنمان کرد و ڕێککەوتین لەسەر چەند بنەمایەک بۆنموونە یەکێک لەوانە چاکسازی لە حکومەتدا بوو تەنانەت داوامانکرد یاریدەدەرێکی سەرۆک وەزیران هەبێت بۆ مەسەلەی چاکسازی، بەڵام هیچ هەنگاوێکی چاکسازی نەچۆتەپێش ئەگەر ئەوان کۆمەڵێک هەنگاویان بنایە پێموابوو ئێمە هەتا کۆتایی بەشدار دەبووین لە حکومەت.


پرۆژەی هەستانەوە و ئاشتکردنەوە


مانگی ڕابردوو بزوتنەوەی گۆڕان پڕۆژەی هەستانەوە و ئاشتکردنەوەی لایەنگران و سەرکردەکانی گۆڕانی ڕاگەیان، وەک خۆیان وتییان(مەبەست لێی هەستانەوەی بزوتنەوەکەیە.)

دیارترین ئەو سەرکردە ناڕازییانەی گۆڕان کە لەماڵەوە دانیشتووە، عوسمانی حاجی مەحمودە.

جەمال حاجی محەمەد ئەوەی ئاشکرا کرد کە لەگەڵ عوسمانی حاجی مەحمود و سەرکردە ناڕازییەکانی تری گۆڕان لە گفتوگۆدان، وتیشی: جارێ لە وتووێژداین، بۆیە نامەوێت زانیاری زیاتر لەو بارەیەوە باس بکەم.



XS
SM
MD
LG