Accessibility links

تورکیا باڵیۆزی ئەمەریکا بانگ دەکات بۆ ناڕەزایی دەربڕین لەسەر سەردانێکی بەرپرسێکی باڵای لەشکری ئەمەریکا بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە


سەرچاوەیەکی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەڵێت ڕۆژی دووشەممە وەزارەتەکە باڵیۆزی ئەمەریکای لە تورکیا بانگ کردووە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی برامبەر بە سەردانی ئەفسەرێکی باڵای سەربازی ئەمەریکا بۆ باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا.

ئانکەرە داوای ڕوونکردنەوەی لە جێف فلەیک باڵیۆزی ئەمەریکا کرد سەبارەت بە سەردانە ڕانەگەیەندراوەکەی مارک میلی سەرۆکی ستونە هاوبەشە لەشکرییەکانی ئەمەریکا بۆ باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا .

مارک میلی لە چواری ئەم مانگە سەردانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیکی کرد بە مەبەستی پێداچوونەوە بە نزیکەی هەشت ساڵی ئەرکی ئەمەریکا لەو ناوچانە.

ئەم سەردانە لەلایەن دەوڵەتی سوریاشەوە شەرەمەزار کراوە و بە پێشێلکاری سەروەری وڵاتی خاکی سوریا وەسف کراوە.

چاودێرێکی سیاسی پێی وایە مەبەستی ئەم سەردانە بێجگە لە پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنی ئەرکی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا، بابەتی بەرنامەی ناوکی ئێران و هەڕەشەکانی ئێرانیش بووە بە تایبەتی بۆ سەر ئیسرائیل.

غەفور مەخموری نوسەر و چاودێری سیاسی لە هەولێر لە وتووێژێکدا لەگەڵ بەرنامەی کورد کۆنێکشنی دەنگی ئەمەریکا گوتی " ئاسایشی ئیسرائیل لە ناوچەکە بۆ ئەمەریکا زۆر گرنگە و بە بەشێک لە ئاسایشی خۆی دەزانێت و بوونی ئەو هێز و ملیشیا و بنکە سەربازیانەی ئێران کە بە نهێنی لە ناو سوریادا هەن هەڕەشن بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل."

مەخموری دەشڵێت " ئەمەریکا دەیەوێت بە هەر شێوەیک بێت کەناڵێک لەگەڵ سوریادا بکاتەوە بۆ ئەوەی هەوڵ بدات لە ڕێی ئەو کەناڵەوە ڕۆڵێکی ئێران لە سوریا کەمتر بکاتەوە و دەستبکات بە دانوستاندن لەگەڵ سوریا لە پێناو ئاسایشی ئیسرائیل."

جێی باسە ئەمەریکا بەم دواییە پاش بوومەلەرزە وێرانکارەکەی تورکیا و سوریا ناڕەزایی خۆی دەربڕی دژی هەر جووڵەیەک بۆ ئاساییکردنەوە یاخود باشکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەسەددا، هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ دڕندەیی حکومەتەکەی ئەسەد لە ماوەی جەنگەکەدا و شکستهێنانی بۆ چارەسەرێکی سیاسی.

ژەنەڕاڵ مارک میلی ڕۆژی شەممە لە دەمی گەشتەکەیدا بۆ سوریا کاتێک لەلایەن ڕۆژنامەوانانەوە پرسیاری ئەوەی لێکرا ئایا سەردانەکەی بۆ سوریا بە مەبەستی ئاسایشی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی ئەو مەترسییە دەهێنێت کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە لە وەڵامدا گوتی " ئەگەر پێتان وایە ئەمە پرسێکی گرنگە، ئەوە وەڵامە ڕاستەکە، بەڵێیە."

هێزەکانی سوریای دیموکراتیک هاوپەیمانێکی سەرەکی هێزەکانی هاوپەیمانان بە ڕێبەرایەتی ئەمەریکان کە ڕۆڵێکی سەرەکییان هەبووە لە شکستپێهێنانی داعش لە سەرانسەری سوریا، بەڵام پشتیوانییەکانی ئەمەریکا بۆ ئەم هێزانە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بووەتە سەرچاوەی ناکۆکییەکانی نێوان ئەمەریکا و تورکیا.

بەشێک لە زانیارییەکان لە ئاژانسی ڕۆیتەرز وەرگیراوە

XS
SM
MD
LG