Accessibility links

دەسەڵاتدارانی ئێران هۆڵێکی وەرزشی دادەخەن بەهۆی ئەوەی هەڵپەڕکێی تێدا کراوە


بە بیانوی هەڵپەڕکێ و ڕەشبەڵەک لە فیستیڤڵێک لە نێو هۆڵێکی وەرزشیدا، دەسەڵاتدارانی ئێران فەرمانی داخستنی هۆڵەکەیان داوە.

ئاژانسە هەواڵییەکانی کە پشت بە زانیارییەکانی چالاکوانانی نێو ئێران دەبەستن ڕۆژی دووشەممە ڕایانگەیاند پۆلیسی ئێران سەنتەری وەرزشی ئازادیان لە شاری بیجاڕ، لە کوردستانی ئێران بە پێی فەرمانی داواکاری گشتی شارەکە داخستووە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان دەڵێت ڕۆژی هەینی ئەنجومەنی شارەوانی بیجاڕ فیستیڤاڵێکی چێشت لێنانی لەو هۆڵە وەرزشییەدا ڕێکخستبوو و لە کۆتایی فیستیڤاڵەکەدا ژمارەیەک لە بەشداربوانی ژن و پیاو پێکەوە هەڵپەڕکێیان کردبوو، ئەمەش ناڕەزایەتییەکی زۆری لەلایەن تونڕەوە ئاینییەکانی شارەکەوە لێکەوتەوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپاش دەڵێت داواکاری گشتی بیجاڕ بە تۆمەتی "پەرەدان بە بەدڕەوشتی" دۆسێی بۆ ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی و بەڕێوەبەرانی هۆڵەکە و ڕۆژنامەنووسێک بە ناوی محەممەد ئاقایی کردووەتەوە.

دۆسێی ڕۆژنامەوان محمەد ئاقایی، بەڕێوەبەری لاپەڕە و کەناڵی جاڕچی، لەسەر ئەوەیە کە هەواڵی فیستیڤاڵەکەی بڵاوکردووەتەوە.

پێشتریش چەندین جار بەهۆی شێوازی نوسینە تەنزئامێزەکانی لەسەر شاری بیجاڕ ئەو ڕۆژنامەوانە ڕووبەڕیی سکاڵاو سزا بووەتەوە.

بە پێی یاسای ئێران تێکەوڵاو بوونی ژن و پیاو و ڕەشبەڵەک قەدەغەیە.

XS
SM
MD
LG