Accessibility links

بایدن و شۆڵز بەڵێن دەدەن سزای ڕووسیا بدەن بەهۆی شەڕ لە ئۆکرانیا


جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا و ئۆلاف شۆڵز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ڕۆژی هەینی سوێندیان خوارد کە بەردەوام بن لە سەپاندنی سزاکان بەسەر ڕووسیادا بەهۆی شەڕەکەی لە ئۆکرانیا کە ئێستا لە ساڵی دووەمیدایە، هاوکات بەرپرسێکی یەکێتی ئەوروپا ڕایگەیاند هەر چەکێک لەلایەن چینەوە بۆ ڕووسیا دابین بکرێت، دەبێتە هۆی سزاکان.

بەرپرسێکی باڵای بەڕیوبەرایەتی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە، بایدن و شۆڵز بۆ ماوەی زیاتر لە کاتژمێرێک بە شێوەیەکی تایبەت لە کۆشکی سپی کۆبوونەتەوە. گفتوگۆکەیان لەسەر گرنگی بەردەوامی "هاودەنگی جیهانی" لەگەڵ خەڵکی ئۆکرانیا، و هەوڵە بەردەوامەکان بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری ئەمنی و مرۆیی و ئابووری و سیاسی بۆ ئۆکرانیا بوو.

بایدن لە تەنیشت شۆڵز دانیشتبوو، سوپاسی سەرکردەی ئەڵمانیای کرد بۆ "سەرکردایەتی بەهێز و جێگیر" و پشتگیریکردنی ئۆکرانیا. شۆڵز وتی گرنگە نیشان بدرێت کە هاوپەیمانان پشتگیری لە کیێڤ دەکەن تا ئەو کاتەی کە پێویستە بکات.

بەرپرسانی ئەمەریکا پێش کۆبوونەوەکە قسەیان کرد و ڕایانگەیاند، خاڵەکانی گفتوگۆکردن بریتین لە دۆخی شەڕەکە و چۆنیەتی وەڵامدانەوە ئەگەر چین هاوکاری سەربازی پێشکەش بە ڕووسیا بکات.

ئەو گەشتە کورتە یەک ڕۆژەی شۆڵز، کە هیچ کۆبوونەوەیەکی دیکە لە بەرنامەی کارەکەیدا نەبوو، دووەم گەشتی بوو بۆ کۆشکی سپی لە دوای دەستبەکاربوونی لە کانوونی دووەمی ٢٠٢١. هەروەها ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی بایدن یەک بە یەک لەگەڵ هاوتا ئەڵمانییەکەی کۆبووەوە.

ئاژانسی ڕۆیتەرز لەم هەفتەیەدا بە پشتبەستن بە بەرپرسانی ئەمەریکا و سەرچاوەی دیکە بڵاویکردەوە، واشنتۆن دەستیکردووە بە ڕاوێژکردن لەگەڵ هاوپەیمانەکانی سەبارەت بە سەپاندنی سزا بەسەر چیندا ئەگەر پەکین پشتگیری سەربازی ڕووسیا بکات بۆ شەڕەکەی لە ئۆکرانیا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG