سەرکردەی پارتێکی لایەنگری کورد لە تورکیا ڕۆژی شەممە داوای لە ئۆپۆزسیۆن کرد یەکگرتوو بن، ئەمەش ڕۆژێک دوای ئەوەی هاوپەیمانی شەش قۆڵی ئۆپوزسیۆن کە بە ئامانجی شکستهێنانی تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا پێکهاتبوون، ناتەبابوونی خۆیان لەسەر هەڵبژاردنی کاندیدێکی هاوبەش بۆ کێبڕکێ لەگەڵ ئەردوغاندا ڕاگەیاند.
میتحەت سەنجەر، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) دوای کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لەگەڵ ئەندامانی باڵای پارتەکەی ڕایگەیاند و گوتی "داوا لە هەموو ئۆپۆزسیۆنە مەدەنی و سیاسییەکان دەکەین لە دەوری ئامانجەکانی دیموکراسی و دادپەروەری و ئازادی یەکبگرن لە پێناو بەرزکردنەوەی هیواکاندا".
پارتی باش(IYI) کە پارتێکی ناسیۆنالیستی ڕاستڕەوی میانەی تورکیایە، لە هەنگاوێکی چاوەڕوانکراودا ڕۆژی هەینی لە هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆن کشایەوە، ئەمەش بەهۆی هەڵبژاردنی کاندیدی سەرۆکایەتی لە لایەن پێنج پارتەکەی دیکە ئەندام لە هاوپەیمانییەکەدا.
هەدەپە وەک سێیەمی پارتی گەورەی تورکیا بە 12% پاڵپشتی لەسەر ئاستی نیشتمانی بەشێک نییە لەو هاوپەیمانییە، بەڵام لە ساڵی 2019دا لایەنگرانی کە بە شێوەیەکی سەرەکی کوردن، یارمەتی هاوپەیمانیەکەیان دا لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی شارەوانی لە ئەستەنبوڵ و ئەنکەرە و شارەکانی دیکە سەرکەوتن بەدەستبهێنێت.
ئەو ڕاپرسیانەی بەر لە کشانەوەی پارتی باش لە هاوپەیمانییەکە ئەنجامدراون، ئاماژە بەوە دەکەن کە دەنگدەرانی هەدەپە پێویستیان بە پشتیوانی هاوپەیمانی نەتەوەیی دەبێت بۆ ئەوەی ئەردۆغان لە کورسییەکەی لاببرێت و زۆرینەی کورسییەکانی پارتی داد و گەشەپێدان و پارتی مەهەپە بەدەستبهێنێت.
سەنجەر باسی لەوەشکردوە هەدەپە کە هاوپەیمانی پارتە بچوکە چەپەکانە، خەریکی پێداچوونەوەیە بە بڕیارێکی پێشوودا بۆ ئەوەی کاندیدێک بۆ سەرۆکایەتی کۆمار بخاتەڕوو.
ساڵانێکە هەدەپە ڕووبەڕووی سەرکوتکردنی حکومەت و ئەگەری قەدەغەکردنی چالاکی بووەتەوە، ئەمەش بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ پەکەکە کە ئەو پارتە ڕەتیدەکاتەوە.
لە مانگی یەکدا دادگایەکی تورکیا هەژمارە بانکییەکانی ئەو پارتەی داخستوە و بەری بە هێڵی دارایی پارتەکە گرتوە، ئەمەش پێش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پارلمانی تورکیا کە بڕیارە مانگی پێنج بەڕیوەبچێت.
سەرچاوە/ڕۆیتەرز