Accessibility links

سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە ئێران پەرە بە دابینکردنی چەک بۆ ڕووسیا دەدات


فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئێرانی
فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئێرانی

ماڵپەڕی فۆرێن پۆڵێسی(Foreign Policy) بە پشتبەستن بە گوتەی پێنج بەرپرسی ناتۆ و ئەمەریکا، لە ڕاپۆرتێکدا باس لەوە دەکات کە کۆماری ئیسلامی بە واژووکردنی ڕێککەوتننامەی سەربازی نوێ لەگەڵ ڕووسیا پشتیوانی سەربازی خۆی بۆ مۆسکۆ زیاد دەکات کە ئەمەش لەوانەیە ببێتە هۆی درێژبوونەوەی شەڕی ئۆکرانیا و پێشکەشکردنی هاوکاری ئابووری و بەرگری بۆ تاران لە لایەن ڕووسیاوە.

بە پێی ڕاپۆرتەکەی فۆرێن پۆڵێسی، سەرکردە باڵاکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان بە ئاشکرا ڕەخنەیان لە ئێران گرتووە لەبارەی دابینکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆ ڕووسیا و بەڵێنیان داوە کە هەموو هێزێک بۆ ڕاگرتنی بارە سەربازییەکان بەکاربهێنن.

بەڵام بەپێی ئەو گۆڤارە ئەمەریکاییە لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە، بەرپرسانی ئەمەریکایی دان بەوەدا دەنێن کە هیچ ڕێگەیەکی واقیعی بۆ ڕێگریکردن لە هاتنی کاڵای سەربازیی ئێران بۆ ناو ڕووسیا لە ئارادا نییە.

فۆرێن پۆلێسی لە زاری ویلیام بێرنزی بەڕێوەبەری سی ئای ئەیەوە ڕایگەیاندووە کە هاوپەیمانی سەربازیی ڕووسیا و ئێران لە ئێستادا بە شێوەیەکی خێرا و زۆر مەترسیدار لەگەشەدایە.

بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی لە لایەن هێزەکانی ڕووسیا لە شەڕی دژ بە ئۆکرانیا، ئەمەریکا و وڵاتانی ئەورووپای تووڕە کردووە و بووەتە هۆی سەپاندنی سزاکان بۆ سەر ئەو وڵاتە.

سەرچاوە/ڕادیۆ فەردا

XS
SM
MD
LG