Accessibility links

دەستەیەکی چوارکەسی لە گەردووناس و ئاسمانگەڕەکان ڕۆژی هەینی گەیشتنە وێستگەی واڵایی نێودەوڵەتی


سەرەڕای هەندێک کێشەی تەکنیکی، کەشتی ئاسمانی سپەیس ئێکس کرو دراگۆن(SpaceX Crew Dragon) ڕۆژی هەینی بە سەرکەوتوویی گەیشتە وێستگەی واڵایی نێودەوڵەتی (ISS) و بەم شێوەیەش چوار سەرنشینی ناو کەشتییە ئاسمانییەکە ئەرکی شەش مانگەی خۆیان دەستپێکرد.

چوار کەسەکە بریتین لە ئاسمانگەڕێکی خەڵکی ئیمارات و گەردووناسێکی ڕووسی و دوو ئاسمانگەڕی ئەمەریکایی.

بەگوێرەی هەواڵەکان، سپەیس ئێکس و سەرنشینەکانی ناچاربوون بە دووری 20 مەتر لە وێستگەی واڵایی نێودەوڵەتی لە خولگەی زەویدا چاوەڕێ بکەن تاکو کۆنتڕۆڵکەرانی فڕینەکە لە کالیفۆرنیا چاکسازییەک لە پرۆگرامەکانی ئەو فڕینەدا ئەنجام بدەن و ناوەندی کۆنترۆڵکردنی ئەرکەکانی سپەیس ئێکس داوای لە سەرنشینەکانی ئەو کەشتییە ئاسمانییە کردبوو کە سەبر بگرن.

دوای وەرگرتنی فەرمانێکی نوێ لە ناوەندی کۆنترۆڵ لە کالیفۆرنیا ڕێگە بە ئاسمانگەڕەکان درا بەردەوام بن لە چالاکییەکانیان و لە کۆتایشدا کەپسولی سپەیس ئێکس لە بەرزی 420 کم لە بەرزاییەکانی کەناراوەکانی سۆماڵەوە دوای کاتژمێرێک دواکەوتن گەیشتە ناو وێستگەی واڵایی نێودەوڵەتییەوە.

ئەو دەستە چوار کەسییە لە ماوەی گەشتەکەیاندا دەبێت زیاتر لە 200 تاقیکردنەوە و نمایشی تەکنەلۆژیا ئەنجام بدەن، لەوانەش لێکۆڵینەوە لەسەر گەشەی خانەکانی مرۆڤ لە واڵایی ئاسماندا.

ئاژانسی واڵایی ئاسمانی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە بەشێک لە توێژینەوەکان یارمەتیدەر دەبن لە ڕێگە خۆشکردن بۆ گەشتە درێژخایەنەکانی داهاتووی مرۆڤ بۆ سەر مانگ.

سوڵتان ئەلنیادی تەمەن 41 ساڵ یەکەم ئاسمانگەڕە لە جیهانی عەرەبیەوە کە بۆ ماوەیەکی زۆر لە واڵایی ئاسماندا بەسەر دەبات، بەڵام دووەم ئاسمانگەڕی ئیماراتییە کە بچێتە خولگەی زەوییەوە.

ئیمارات یەکەم ئاسمانگەڕی خۆی بە ناوی هەزاق ئەلمەنسووری لە ساڵی 2019دا بە موشەکێکی ڕووسی ڕەوانەی وێستگەی واڵایی ئاسمان کردبوو.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG